کێبەرکێی داهێنەرە بچووکەکان و بەشداریی منداڵان

کاناڵی تلێگرامی منداڵانی کوردستان و ناوەندی نووسەرانی کوردستان، لە ڕۆژانی 17 پووشپەڕ تاکوو 24ی پووشپەڕی ئەمساڵ بۆ ماوەی حەفتەیەک، "کێبەرکێی داهێنەرە بچووکەکان"ی وەک چالاکییەکی هاوینانە، بۆ وێنەکێشان و چیرۆکنووسیی منداڵان وەڕێ خست. بە خۆشییەوە لەلایەن منداڵانەوە پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا و نزیک بە حەفتا منداڵ، لە هەموو تەمەنەکاندا، بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کرد. 
منداڵان لە ڕێگەی تلێگرامەوە بەرهەمەکانی خۆیان بە کوردی، فارسی و هەروەها نەقاشییەکانی خۆیانیان بۆ کاناڵی منداڵانی کوردستان هەنارد. پێشتر لە چالاکیی نەورۆزانەی کاناڵەکەدا، منداڵان بەپیری کاناڵی منداڵانەوە هاتن، بەڵام ئەم جارە وەک کێبەرکێیەکی داهێنەرانە بۆ منداڵان جووڵەیەکی هونەریی تایبەتی لەنێو منداڵاندا وەڕێ خست. 

ئاستی داهێنان، نووسین و وێنەکێشی لەلایەن منداڵانەوە دڵخۆشییەکی گەورە بوو کاتێک کە زۆر هێمای کوردەواریی لە بەرهەمەکاندا بەدی دەکرێت. هەروەها لە ڕوانگەی پەروەردەییەوە، بەرهەمەکان شیاوی خوێندنەوەی تایبەتن. نووسەران دەتوانن سەرنجی ئاستی تواناییەکانی منداڵانی کورد لە بواری ئەدەبی و هونەری، گەشەکردنی زمان و زۆر بواری دیکەوە، بدەن. کۆمەڵێک بەرهەمی جوان گەیشتووە بە دەستمان کە لە هەر حەفتەیەک وێنەیەک و چیرۆکێکی منداڵانی بەشداربوو، لە کاناڵی منداڵان بڵاو دەکەینەوە. هەروەها هەوڵ دەدەین لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆی بەرهەمەکان وەک کتێبێکی ئەلەکترۆنی بڵاو بکەینەوە. 

لەم کێبەرکێیەدا هەموو منداڵانی بەشداربوو خەڵات کران و سەرکەوتن بۆ هەموو منداڵان بوو کە توانیان بەشداریی لە وەها چالاکییەکدا بکەن. دیارییەکانی ناوەندی نووسەرانی کوردستان و کاناڵی منداڵانی کوردستان، بە زۆری کتێب بوون کە هیوادارین دەروازەیەک بێت بۆ ئەوەی منداڵان هەم کتێب بە کوردی بخوێننەوە و هەم ئەوەش پشتیوانییەکی مەعنەوی بێت بۆ نووسەرانی کوردستان کە لە گەشەپێدان بە ئەدەبیاتی منداڵان بەردەوام بن. 

ئەو دۆستانەی کە ئەم ڕاپۆرتە دەخوێننەوە و لە نزیکەوە ئاگاداریی ئەم چالاکییە بوون، هەر پرسیارێکتان هەیە بە نامە ئاگادارمان بکەنەوە و ئەگەر پێشنیارێکتان هەیە بۆ چالاکیی داهاتوو، خۆشحاڵ دەبین کە لەگەڵمان دابەشی بکەن و ئێمەش بەپێی توانا کاری لەسەر دەکەین. 

شایانی باسە کە سپاسی تایبەتی هاوڕێیانی بەشداربوو لەم چالاکییەدا بکەین: 
خاتوو سوێسەن ئیسماعیل‌نەژاد 
خاتوو ژاڵە سەفی‌یاری 
کاک فەرید ڕاژین 
کاک سەعید بابامیری 

بەڕێوەبەرانی کاناڵی منداڵانی کوردستان
لیژنەی منداڵانی ناوەندی نووسەرانی کوردستان.