
مه‌نسوور جیهانی
کۆنفرانسی «مێژوو و میراتی ژینۆسایدی کورده‌کان» به ده‌ستی رژێمی به‌عس، به په‌یامی جه‌نابی سه‌رۆک «مه‌سعوود بارزانى» و وتاری «مه‌سروور بارزانى» سه‌رۆكی حکوومه‌تی هه‌رێمى كوردستان له زانکۆی گرینگی «ییل» له وڵاتی ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
کۆنفرانسی «مێژوو و میراتی ژینۆسایدی کورده‌کان» History & Legacy of the Kurdish Genocide به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ک که‌سایه‌تی به‌رچاویی زانکۆیی و «عه‌باس غه‌زالی» که‌سایه‌تی چالاکی فه‌رهه‌نگی و ئه‌ندامی به‌رچاو و ڕاوێژکاری فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری پارتی دیموکڕاتی کوردستان و نوێنه‌ری پێشووی په‌ڕله‌مانی هه‌رێمی کوردستان؛ له کاتژمێر ٩ی به‌یانی تا ٤:٣٠ دوانیوه‌ڕۆی رۆژی چوارشه‌مه ٣ گوڵانی ١٤٠٤ی هه‌تاوی ڕێکه‌وتی ٢٣ی ئه‌پرێلی ٢٠٢٥ی زایینی له هۆڵی کۆنفرانسی "مۆریس ئار. گرینبێرگ" Maurice R. Greenberg له زانکۆی گرینگی «ییل» Yale له شاری نیوهێڤێن New Haven له ویلایه‌تی کێنتاکی Kentucky له وڵاتی ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
به په‌یامی سه‌رۆک «مه‌سعوود بارزانى» کۆنفرانسی زانستی ژینۆسایدی کورده‌کان ده‌کرێته‌وه
کۆنفرانسی «مێژوو و میراتی ژینۆسایدی کورده‌کان» به په‌یامی جه‌نابی سه‌رۆک «مه‌سعوود بارزانى» ده‌کرێته‌وه که له لایه‌ن دکتۆر «محه‌مه‌د ئیحسان» مامۆستای به‌شی یاسای نێوده‌وڵه‌تی له زانکۆی «ییل» و سه‌رپه‌ره‌ستی زانستی ئه‌م سیمیناره ده‌خوێندرێته‌وه.
وتاری «مه‌سروور بارزانى» سه‌رۆكی حکوومه‌تی هه‌رێمى كوردستان
له درێژه‌ی ئه‌م کۆنفرانسه ئاکادیمییه‌دا، «مه‌سروور بارزانى» سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمى كوردستان به شێوه‌ی ڤیدیۆ سه‌باره‌ت به تاوانی کاره‌ساتی دڵته‌زێنی کۆمه‌ڵکوژی کورده‌کان به ناونیشانی «ئه‌نفال» به ده‌ستی رژێمی به‌عس، وتارێک پێشکه‌ش ده‌کات.
بابه‌ته‌کانی په‌نێلی کۆنفرانسی «مێژوو و میراتی ژینۆسایدی کورده‌کان»
بابه‌ته‌کانی په‌نێلی کۆنفرانسی «مێژوو و میراتی ژینۆسایدی کورده‌کان» بریتین له؛ "مێژووی شوناسی کورد"، "سیاسه‌تی بیره‌وه‌ریی کوردی" و هه‌روه‌ها "ئه‌رشیڤی دوای ئه‌نفال: پاراستنی بیره‌وه‌ریی و شوناس" که مامۆستایان، تویژه‌ران و کارناسانی به‌شداربوو له‌م په‌نێلانه‌دا ڕۆڵی بیره‌وه‌ریی له پێکهێنانی ناسیۆنالیسمی کوردی و توانا هه‌ڵکردنه که‌لتوورییه‌کان، کاریگه‌ری درێژخایه‌نی که‌مپه‌ینی ئه‌نفال و قه‌یاره‌کانی به به‌ڵگه‌کردن و پاراستنی مێژوو شیده‌که‌نه‌وه.
پیشاندانی به‌ڵگه‌فیلمی "دایکانی من" سه‌باره‌ت به کۆمه‌ڵکوژی کورده‌کان
له‌م کۆنفرانسه زانستییه یه‌ک رۆژییه‌دا، که به به‌رپرسیارییه‌تی دکتۆر «محه‌مه‌د ئیحسان» مامۆستای زانکۆی «ییل»، توێژه‌ری یاسای نێوده‌وڵه‌تی و لێکۆله‌ری کاره‌ساتی «ئه‌نفال» به‌ڕێوه‌ده‌چێت؛ له په‌نێڵی "ئه‌رشیڤی دوای ئه‌نفال: پاراستنی بیره‌وه‌ریی و شوناس"، هه‌ندێک به‌رهه‌می سینه‌مایی له‌وانه؛ به‌ڵگه‌فیلمی "دایکانی من" All My Mothers سه‌باره‌ت به کۆمه‌ڵکوژی کورده‌کان له به‌رهه‌مهێنانی "عه‌باس غه‌زالی"، له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی "زه‌هاوی سنجاوی" و "ئیبڕاهیم سه‌عیدی" و به ئاوازدانانی موزیکزانی ناودار مامۆستا "حوسێن عه‌لیزاده" بۆ ئاماده‌بووان پیشان ده‌درێت.
ئاماده‌بوونی خه‌ڵکی و ده‌رچووانی لقه‌کانی یاسا، سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵناسی
له کۆنفرانسی «مێژوو و میراتی ژینۆسایدی کورده‌کان» هاتن بۆ هه‌موو خه‌ڵکانی ئاسایی ئازاده و ده‌رچووانی لقه جۆراوجۆره‌کانی زانکۆیی له‌وانه؛ یاسا، سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵناسی، خوێندکارانی قۆناغی به‌کالۆریۆس، ده‌رچووانی زانکۆی ییل، خوێندکارانی قۆناغی پڕۆفیسۆری ییل، خوێندکارانی کۆلێژی یاسای ییل، هاوبه‌شه‌کانی زانکۆیی و هه‌روه‌ها کارمه‌ندانی ییل له‌م سیمیناره زانستییه‌دا به‌شداریی ده‌که‌ن.
زانکۆی «ییل» له کۆنترین و گرینگ‌ترین زانکۆکانی ئه‌مه‌ریکا و جیهان
زانکۆی «ییل» به ناونیشانی یه‌کێک له کۆنترین و گرینگ‌ترین زانکۆکانی ئه‌مه‌ریکا و جیهان، له ساڵی ١٧٠١ دامه‌زراوه و زۆربه‌ی سه‌رۆک کۆماره‌کان و به‌رپرسانی حکوومه‌تی ئه‌مه‌ریکا له‌وانه؛ "بیل کڵینتۆن"، "جۆرج دابیلیۆ بووش"، "جان کێری" و "هیلاری کڵینتۆن" و هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ک له که‌سایه‌تییه ناوداره‌کانی جیهان، وه‌کوو؛ "جۆدی فاستێر"، "مریل ئستریپ"، "ئۆلیور ستۆن"، "ئیلیا کازان"، "پۆڵ نیوومه‌ن"، "سامۆئێل هانتیگتۆن"، "فه‌رید زه‌که‌ریا، "گریس هاپێر"، "ریچارد فۆرمه‌ن" و ... ده‌رچووی ئه‌م زانکۆ ناوداره‌ن.
له شاڵاویی کۆمه‌ڵکوژی «ئه‌نفال» زیاتر له ١٨٢ هه‌زار کورد بوونه قوربانی
له تاوانی کاره‌سانی دڵته‌زێنی شاڵاویی کۆمه‌ڵکوژی و ژینۆسایدی «ئه‌نفال» Anfal به فه‌رمانی ڕاسته‌وخۆی سه‌دام حوسێن دیکتاتۆڕ و سه‌رۆکی رژیمی به‌عس، له نێوان ساڵانی ١٩٧٨ و ١٩٨٨ زیاتر له ١٨٢ هه‌زار کوردی مه‌زلووم و بێتاوانی کوردستان، له گۆڕه به‌کۆمه‌ڵه‌کاندا زینده به چاڵ کران و زیاتر له ٣ هه‌زار گوندیش ویڕان و بوون به ژێر خاکه‌وه.
بۆ زانیاریی زیاتر:
https://macmillan.yale.edu/gsp/events/2025-04-23/history-legacy-kurdish-genocide