کۆمەڵگەی ونبوو؛ ئەودابەشبوونەی هەڕەشەمان لێدەکات

 

 

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

 

 

بەرلین/ 10/11/2024

یەکەم



(زۆر بڵێی گوێنەگر)

بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی سەیرمان هەیە، مایەیی بەزەییە، هەموان قسەدەکەن وکەس بەپێویستی نابینێت گوێبگرێت، لە ئەدەبیاتی سیاسی و کۆمەڵناسیدا زۆرجار دۆخێکی لەو شێوەیە وەک فۆرمێک لە ئەنترۆپی دیموکراسی یان تاکگەرایی ئەنارکی وەسف دەکرێت. لێرەدا بەها دیموکراسیەکانی وەک ئازادی ڕادەربڕین کاتێک بە شێوەیەکی پارادۆکسیکال دادەڕزێن کە گوتاری یەکگرتووی کۆمەڵگەکە نابێتە ئامانجی کەسەکان . 

پارچەبوونی یەکێتی کۆمەڵایەتی، بە شوێنێک دەگات کە سەرەڕای  ئاپۆراو قەرەباڵغی، تاک هەست بە تەنیایی  ودابڕان دەکات، ئەم دیاردەیە هەندێک جار بە کۆمەڵگەی لە سەرووی -تاکگەرایی ناوزەد دەکرێت.

لەم بارودۆخانەدا متمانەی کۆمەڵایەتی کەم دەبێتەوە، چونکە خەڵک  بەگومانەوە تەماشای یەکتر دەکەن، تەنانەت کەس ناوێرێت خۆی بێت و نواندنێکی ساختە دەکەن، تاکە ئاساییەکان، ئەکادێمیەکان، بازرگان تا سیاسییەکان زۆربەیان لەم دۆخەدان. ڕەنگە زانایانی سیاسی بتوانن ئەمە بە (بوغز)یزمی گشتی ناوببەن، جۆرێک لە ماندوێتی کۆمەڵایەتی کە تاکەکان لەبری ئەوەی کار بۆ ئامانجە هاوبەشەکان بکەن، تەنها لە بازنەی خۆیاندا دەسوڕێنەوە.

ئەگەر ڕۆمانی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی بخوێننەوە نموونەیەکی کلاسیکی وێچوومان دەست دەکەوێت، (شەیتانەکان، یان جنۆکەکان)٫ یا با بڵێم دڵنیانیم چۆنی وەردەگێڕن، وێنای کۆمەڵگەیەکی بێسەروبەرو پڕ لە بەرەڵایی و بیرۆککەی تاکگەراییەکی بێماناو قۆڕ، ڕادیکاڵ، خۆهەڵکێشی فشەکەر، دووڕوو، خۆپێڕاستی هەموان پێ هیچ دەکات.

لە ڕۆمانەکەدا هەر کارەکتەرێک بگرێ پێیان وایە بەتەنها چارەسەری داهاتووی (ڕووسیا)یان بەدەستەوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بێتوانایییان لە (گوێگرتن) یان (سازشکردن) تەنها بەرەو ئاژاوە و توندوتیژیان دەبات.  دۆستۆیڤسکی نیشانی دەدات کە چۆن لە کۆمەڵگەیەکی وادا ناتوانرێت متمانە بە کەس بکرێت چونکە هەمووان "دز"ی دەنگی یەکتر و سەرنجی یەکتر و تەنانەت پۆتانسێلی پێشکەوتنی بەکۆمەڵن.

سەرۆک حزبێک دەقاق شۆفڵ لە ماڵی براکەی بدات، نیشانەی ئەوەیە خۆی یاسایە، دادگایە، جێبەجێکارە، ئەمەش ڕاستینەی کۆمەڵگەیەکە کە سی ساڵ بانگەشەی چرای دێموکراسی دەکرد، کەچی هەمووشت هەڵگەڕایەوە. 

بە هەمان شێوە، (تاعوونی ئەلبێرت کامۆ) دەڵێیت وێنەی هەرێمە شەکەتەکەی ئێمەی گرتووە، شارۆچکەیەک دەخاتە ڕوو کە لە قەیراندا گینگڵ دەدات، هەمووان گومانیان لە کەسانی دیکە هەیە،  تەنانەت گومانیان لە کردەوەی کۆمەڵایەتیش هەیە. 

چوارچێوەی ڕۆمانەکە مەتافۆرێکە بۆ ئەو کۆمەڵگە لە گرێژنەچوانەی کە هەر کەسێک تەنیا لە بەرژەوەندی خۆیدا مامەڵە دەکات وپێیان وایە واچاکەو کێ زیاتر فێڵ بکات و کەسی دیکە بە ئاڕاستەیەکی هەڵەدابەرێت پێی وایە خۆی براوەیە، بێ ئاگالەوەی هێندە لە حەقیقەتی بوون دوورکەوتۆتەوە، تاعوونەکەی کامۆ هێندە هیلاکی کردووە تەنیا گوێی لە دەنگی خۆیی ناو جیهانە شێواوەکەی دۆستۆیڤسکییە.

لە ئەدەبیاتی مۆدێرن دا، ژاوەژاوی سپی (ضوضاء بيضاء) دۆن دیلیلۆ بۆشایی سوریاڵی کۆمەڵگەیەکی بەکاربەرمان پێنیشاندەدات کە هەرتاکێک بەکاربەرێکی پاسیڤی زانیارییە، لەناو ڕەوتی بەردەوامی ژاوەژاوی میدیادا گیری خواردووە.  ئەم "سەرقاڵییە" بێ مانایە، لە نزیکەوە لەگەڵ وێناکردنی ئەکتەرەکانی دیلیلۆدا هاوتەریبە کە لەلایەن زانیارییە لەبن نەهاتوەکان بۆردوومانی دەکەن و هێندەی دیکە گۆشەگیری کردوون، سەیرەکە ئەوەیە ئەگەرچی لەناو ئاپۆرایەکی گەورەدایە، کەچی هێشتا تەنیایە.

سەرچاوە : ویستگە