کۆمەڵگەی دەستەمۆ

 

 

 

ئارام قادر حەمەسور

 

بۆ درووستکردنی کۆمەڵگەیەکی دەستەمۆ، دەسەڵات چەندین ڕێگا بەکاردێنێت تا تاکەکانی ڕام بکات. چونکە کۆمەڵگەی دەستەمۆ تەمەنی دەسەڵاتی ستەمکار درێژ دەکات. بۆ ئەم ئامانجەش سیستەمی پەروەردە وێران دەکات. سیستەمی پەروەردە چەکی بەهێزبوونی کۆمەڵگەیە.

هەموو ئامانجی دەسەڵات بوونی کۆمەڵگەیەکی دەستەمۆ و کوورتبینە، کۆمەڵگەیەک مووچەیەک یان درووشمێکی ناسیۆنالیستی، لێببێتە پاراسیتامۆڵ و هۆشی ببات!

 بڕادبێری لە ڕۆمانی فەهرەنهایت 451دا دەڵێت: بەردەوام لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە کاتیان بدزە بە بەرنامەی سادەی وەک پرسیار و وەڵام، تا بزانن زۆر زیرەکن و زیاتر نەڕۆن. نەهێڵی بچن بەرەو بابەتە لینجەکانی وە کۆمەڵناسی و فەلسەفە و فیکر.

ئەم بەرنامانەش هەمان ستایلی بە گەمژەکردنی خەڵکە، کەسێک وەڵامی پرسیارێکی سادە دەزانێت و گەشکە دەگرێت و خۆی لێدەبێتە پڕۆفیسۆر. پیر بۆردیۆ کۆمەڵناسی فەرەنسیی دەربارەی تەلەفزیۆن دەڵێت: تەلەفزیۆن دەتوانی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە بکات.

شاشەکانی ئێمە لە ڕێگەی دزینی چاوی بینەرەوە گەمژەمان دەکەن، تا دەسەڵات تەمەنی درێژتر بێت. پێنج ملیۆن کەسین بەڵام سەدان تەلەفزیۆنمان هەیە! ئێستاش زۆرینەمان بەدیار شاشەکانەوە نیوەشەو دەخەوین.

میتۆدی شکۆی مامۆستا بشکێنە و بچووکی بکەوە لە چاو قوتابییان، خوێندن لاواز بکە بۆ ئەوەی زۆرینە لە داهاتوودا ببنە چەکدار و حیزبیی. ئەمەش بۆ درووستکردنی کۆمەڵگەی دەستەمۆیە.

هێز تاکە هۆکارنییە بۆ زاڵبوون بە سەر کۆمەڵگەدا، کاتێک ئەسکەندەری مەکدۆنی ئیمپڕاتۆرییاکەی درووستکرد و گەیشتە ڕۆژهەڵات، داوای لە ئەرستۆی مامۆستای کرد کە چۆن بتوانی بەسەر کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکاندا زاڵبێت؟ ئەرستۆ گوتی؛ ئەخلاقیان بشێوێنە. کاتێ ئەخلاق شێوا، کێشە کۆمەڵایەتییەکان زۆر دەبن، ئەم زۆرینە بەردەوام لە ڕێگەی دادگان.

پیلانێکی تر؛ گەنجەکان پڕ بکە لەتووڕەیی و بێئومیدیی، وایان لێبکە هەمیشە چاویان لە دیوەخانی سەرۆک بێت. کچێکی مایکەپ و مۆدیل بێنە، بە کۆڵێ سلیکۆن و جوانکارییەوە نیشانی بدە کە داهاتی ساڵێکی یەکسانە بە داهاتی سی ساڵی فەرمانبەرێک. ئەمەش لووتکەی چینایەتیی و نائومیدییە.

کاتێک کۆمەڵگە لە گەڵ ئەم جۆرە  پیلانانەی دەسەڵات ڕاهات و ڕازی بوو، دەبێتە کۆمەڵگەی دەستەمۆ و بێدەنگ و تێکشکاو. هەموو هەوڵی دەسەڵات درووستکردنی تاکێکی ئاڵۆز و شێواوە، تاکێک لەقۆناغی (ئانۆمییەکە)ی دۆرکهایمدایە و زۆر وێرانە. تاکێک درووست دەکات هەمیشە بیرکردنەوەی لای خەم و کێشەکانی خۆیەتی، ناهێڵێت کۆژانی گشتی ببێتە خەم و بیر کردنەوەی. 

لەم جۆرە کۆمەڵگەیەدا مرۆڤ بە مردوویی لە دایک دەبێت، چونکە ژینگەی کۆمەڵایەتی کۆنتڕۆڵکراوە لە لایەن دەسەڵات، ئەمە کۆمەڵگەی زۆرینەگەنیی و کەمینەخەنییە. ئەوەی گرنگە لێرەدا دەبێت کۆمەڵگە ڕاستبکرێتەوە پێش دەسەڵات، چونکە کۆمەڵگەی وێران دەسەڵاتی خراپ درووست دەکاتەوە. لە ژینگەی دەستەمۆ و کۆمەڵگەی تێکشکاو و چەپڵەلێدەردا گووڵەکان بە چرۆیی دەمرن. بۆ ڕزگاربوونمان دەبێت ژێرەوەی کۆمەڵگە ڕاستبکرێتەوە، وەک ماڕکس گوتی: جیاوازی ئێمە و ئەوان ئەوەیە کە ئەوان بەپێوەن و  ئێمەش دانیشتووین. کەمینەی خەنیی لە سەرشانی زۆرینەی گەنیی دەژیین.

سەرچاوە : خەندان