هەڵات رێبوار
چەند رۆژێکە هەر کە تیکتۆک دەکەمەوە، ڤیدیۆی کەسانی چینی دێنە بەردەمم، هەریەکەیان لە کارگەیەک یان کۆگەیەک وەستاوە و باسی بەرهەمهێنانی کاڵایەک دەکات لە سفرەوە تاوەکو دوایین هەنگاو، بە نرخێکی زۆر گونجاو، تاوەکو ئێرە ئاساییە، بەڵام ئەو بەرهەمانەی ئەوان باسیان دەکەن، هەمان ئەو بەرهەمانەن کە دوای بەرهەمهێنانیان لە چین، ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا لۆگۆیان لێدەدرێت و وەکو بەرهەمی لوکس بە دەیان هەزار دۆلار گرانتر دەگەنە دەست کڕیارە ئەورووپی و ئەمریکییەکان.
ئەم بابەتە بەسەرهاتێکی کاتی زانکۆی بەبیرهێنامەوە، کاتێک دەمویست چاویلکەیەک بکڕم. برادەرێک گوتی، "رەیبانێک بکڕە، لێنزەکەی وایە و چوارچێوەکەی وایە، زۆر تایبەت"، دەمێک پێیدا هەڵگوت. گوتم بەڵام، ئەوە نرخەکەی لەنێوان 200 بۆ 400 دۆلارە! کەچی بەرهەمهێنانی ئەگەر زۆر زۆری تێچووبێت، 8 دۆلارە! چونکە کاتی خۆی دۆکیومێنتەرییەکم سەیر کردبوو کە باسی ئەو براندانەی دەکرد،؛ چۆن بە بڕێکی زۆر کەم بەرهەم لە چینەوە دەکڕن، پاشان لە وڵاتی خۆیان، جا ئەمریکا بێت یان وڵاتانی ئەورووپا، تەنیا یەک، دوو شتی بۆ زیاد دەکەن، یەکەم لۆگۆی خۆیان، دووەم پارچەیەک بۆ نموونە ئەو دوگمە خڕەی بە سەعاتی رۆلێکسەوەیە، یەعنی بەشێکی زۆر بچووک کە تێچووی زۆر کەمە، لەسەریشی دەنووسن (manufactured in) + ناوی وڵاتەکەی خۆیان، براندەکان وای نیشان دەدەن، ئەو بەرهەمە بۆ نموونە فوڵ کوالێتییە و لە ئیتاڵیا بەرهەمهاتووە! واتا تەنیا وەهمێک بە کڕیارەکە دەفرۆشن!
جانتایەکی ژنانەی بێرکینگ کە نرخەکەی لە ئەمریکا یان ئەورووپا 38 هەزار دۆلارە، لە چین بە 1400 دۆلار بەرهەمدێت و دەفرۆشرێت! ئەمە ئێستا ترێندە و دیارترینی ڤیدیۆکانە. براندی ئێرمێز کە براندێکی فەرەنسییە جانتای بێرکینگ دەفرۆشێت، ئەوان خۆیان رەتی دەکەنەوە ئەو جانتایەی ئەوان لە چین بەرهەمهاتبێت، دەڵێن جانتاکانیان کە نرخیان لەنێوان 10 هەزار دۆلار بۆ نیو ملیۆن دۆلارە بۆ هەر جانتایەک، لە باشترین جۆری چەرم لەلایەن باشترین وەستاکانەوە بە دەست دروست دەکرێت، ژمارەی بەرهەمەکانیان کەمە و کەسێک ناتوانێت لەخۆیەوە بچێت بڵێ "من ئێستا ئەو جانتایە دەکڕم" بەڵکو دەبێت ئەوان خۆیان کاتی بۆ دانێن، ئینجا دەڵێن هەندێک لەو بەشە کانزاییانەی بە جانتاکانییانەوەیە گرانبەهان، وەک زێڕ بە نموونە، واتا ئێرمێز سەرکەوتوو بووە لەوەی بیرۆکەیەک بە خەڵک بە دەیان هەزار دۆلار زیاتر لە نرخی کاڵاکە بفرۆشێت، کەچی چین دێت، بە یەک ڤیدیۆی یەک خولەکیی تیکتۆک هەموو ئەو مێژوو و فیکرەیە دەنێژێت و نیشانی دەدات کە بەڕاستییەکەی وا نییە. دەڵێ وەرنە چین، هەمان جانتا چەندی دەتانەوێت بیکڕن، چونکە ئێمە لە کارگەکانی خۆمان ئەو جانتایانەیان بۆ دروست دەکەین و ئەوان لای خۆیان تەنیا لۆگۆی لێدەدەن، بۆیە وەرن، پێویست بە کەسی سێیەم ناکات و راستەوخۆ لە چینەوە بیکڕن، لە وەڵامدا ئێرمێز دەڵێ راست نییە! خەڵکیش لە وەڵامدا دەڵێن، ئەوە چین کارگەکانی نیشاندا، کوا کارگەکان ئەگەر راست دەکەن؟ ئیدی ئێرمێز وەڵام ناداتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کاتێک لە سەرەتای شوبات دا دەستی بە شەڕی بازرگانی کرد، رەنگە بیریشی لەو لایەنە نەکردبێتەوە، کە لەوانەیە کۆتایی بە وەهمی کۆمپانیا لەکژەرییەکان دەهێنێت، بەڵام چین سنووری بۆ هەموویان دانا، تیکتۆکیش باشترین یارمەتیدەری بوو، چونکە ئەو سکانداڵەی کۆمپانیا لوکسەکان لە تیکتۆکەوە دەستیپێکرد. لە چین هەرچەندە ئەپێکی دیکە لەجیاتی تیکتۆک بەکاردێت، بەڵام خاوەن کارگەکان تیکتۆکیان کردووەتە پلاتفۆرمی سەرەکی بۆ ئەوەی ئابڕووی براندە بەنێوبانگەکان ببەن، ئەلگۆریزمی تیکتۆکیش رێک لە خزمەتی ئەو حەیاچوونەی کۆمپانیاکانە، ئێستا وای لێ هاتووە ئەمریکییەکان شۆک بوون! چۆن بەرهەمێک، بۆ نموونە سترێژێک کە لە چین بە تەنیا 6 دۆلارە، هەمان شت لە ئەمریکا بە 100 دۆلارە، لەکاتێکدا لە وڵاتی خۆیاندا هەمیشە بانگەشەی ئەوە کراوە، چینییەکان ئازاد نین، وڵاتەکەیان هیچ نییە و بەرهەمەکانیان بێ کوالێتین، کەچی ئێستا بەهۆی ئەو پێناسە گومرگییانەی ترەمپ بەسەری سەپاندن، چین پیشانی هەموو دونیای دا، نەخێر وا نییە، چین کارگەیە بۆ هەموو جیهان و هەموو جۆرە کاڵایەک بەرهەمدەهێنێت لەوانەش گرانترینی گرانەکان، بەڵام بە نرخی زۆر گونجاو.
ئەوە بەنیسبەت جیهان، بە نیسبەت خۆشمان، پێویستە خەڵک بزانن ئەو شتەی چین بەرهەمی دەهێنێ، بەڕاستی فوڵ کوالێتییە، لەمێژە دەزانین بازرگانەکانی خۆمان، داوای شتی هەرزان و کوالێتی نزمیان لێ دەکەن بۆ زۆرترین قازانجی خۆیان، کە لە راستیدا رێک پێچەوانەیە. ساڵی رابردوو لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوەی چین، چوومە ئەو وڵاتە و هەندێک شتم کڕی لەوانە جلوبەرگ، جانتا و ئێکسەسوار، کە نرخەکانیان ئەوەندە بەرز نەبوون، بەڵام تاوەکو ئێستا لە کوردستان شتی وا کوالێتی بەرزم نەبینیوە، بۆیە دەپرسم ئاخۆ بۆچی بازرگانەکانمان بەرهەمە کوالێتی بەرزەکان لە چینەوە هاوردە ناکەن، خۆ لێرە خەڵک هەیە پارەیان پێبدات.
لە کۆتاییدا، ئەو شەڕە بازرگانییە ئەگەر زۆر زەرەریشی هەبووبێت، خۆ ئەو سوودەی هەبوو؛ وەهمی بڕاندەکان لەنێوببات و بۆ خەڵکی دەربخات چەند بە نەزانی پارەیان بە لۆگۆ داوە تەنیا بۆ ئەوەی دەریبخەن دەوڵەمەندن. ئاخر چ لۆژیکێکی تێدایە بازنێکی زێڕی ڤانکلیف کە عەیاری 18ـیە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیان بە پێنج هەزار دۆلار بێت، کەچی هەمان دیزاینی لە کوردستان بە زێڕی عەیار 21 بە 700 دۆلار بێت!
سەرچاوە : ڕووداو