کچێکی خەڵکی عەفرین بەربژێرە بۆ خەڵاتی نێودەوڵەتیی ئاشتیی منداڵان

کچێکی کوردی تەمەن 14 ساڵانی خەڵکی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بۆ خەڵاتی نێودەوڵەتیی ئاشتیی منداڵان بەربژێرە. 
سێرین مەزڵووم نەعسان، کچێکی کوردی خەڵکی عەفرینە، تەمەنی 14 ساڵە و نیگارکێشە. ئەو بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی نێودەوڵەتیی بۆ منداڵان بەربژێرە. دەڵێت، هەر لە تەمەنی گەنجییەوە هەوڵی ئەوە دەدات لە رێگەی چالاکیی هونەرییەوە جیهان لە ئازارەکانی منداڵانی سووریا ئاگادار بکاتەوە.

سێرین سەردانی ئەو منداڵانە دەکات کە دەبنە قوربانیی شەڕ و دەستدرێژی و لەڕێگەی نیگارکێشان، گۆرانی و میوزیکژەنینەوە دڵنەواییان دەداتەوە و هەوڵ دەدات دیمەنەکانی شەڕ و کوشتن و وێرانکاری لە چاو و مێشکیان دوور بخاتەوە.

سێرین دەڵێت، "هەر لە منداڵییەوە حەزم لە نیگارکێشان بووە و هەمیشە لە ماڵەوە وێنەم دەکێشا، کاتێک گەورە بووم، باوکم تەپڵی لێدەدا، منیش دەمویست وەکو ئەو تەپڵ لێبدەم، چونکە میوزیکم زۆر خۆشدەویست."

سیرین بە فڵچە بچووکەکەی دڵتەنگی لە دەموچاوی منداڵەکان دەسڕێتەوە و لەسەر لێوەکانیان بەردەوام زەردەخەنە دەنەخشێنێت. بەهۆی چالاکییەکانی لەنێو منداڵاندا، تۆڕی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بەربژێری کردووە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی نێودەوڵەتی بۆ منداڵان و قبووڵکراوە. 

دایکی سێرین باسی چالاکییەکانی کچەکەی دەکات و دەڵێت، لە منداڵییەوە زۆر حەزی لە نیگارکێشان بووە، "هەمیشە پێش نیگارکێشان تەپڵێکی لە دەستدا بوو. بینیمان کە توانای میوزیکژەنینیشی هەیە و حەزی لە تەپڵ لێدانە. پاشان گوتی کە من گیتار دەژەنم و گیتارێکمان بۆ کڕی."

سێرین لەگەڵ 170 منداڵی دیکە لە هەموو جیهانەوە بۆ ئەو خەڵاتە کێبڕکێ دەکات.

خەڵاتی نێودەوڵەتیی ئاشتیی منداڵان لە ساڵی 2005ـەوە دەبەخشرێتە ئەو منداڵەی کە کاری بۆ مافەکانی منداڵان کردبێت. خەڵاتەکە لەلایەن کۆمەڵەی براوەی خەڵاتی نۆبڵەوە پێشکەش دەکرێت.

 

 

سەرچاوە: rudaw