لە گەڤەری سنووری پارێزگای جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان کچێک لە وانەی زمانی کوردی نمرەی 100ـی بەدەستهێناوە و دەڵێت، ئێستا زۆر بە ئاسانی دەتوانێت نووسینی کوردی بخوێنێتەوە. ئەوەش دوای ئەوەی کە ساڵی رابردوو لە وانەی بژاردە زمانی کوردی هەڵبژارد.
ژیندا چەلیک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەفتانە پێنج رۆژ دەوام دەکەین و 12 وانە دەخوێنین. فێری پیتی کوردی دەبین و دەزانین چۆن بیخوێنینەوە و دەزانین قسە بکەین. من دەمەوێت ببمە مامۆستا. پێمخۆشە هەموو کەس کوردی بزانێت، چونکە زمانێکی زۆر خۆشە."
وەکو هەموو پارێزگاکانی دیکەی تورکیا و باکوری کوردستان، لە پارێزگای جۆلەمێرگ پرۆسەی هەڵبژاردنی وانەی کوردی دەستیپێکردووە و داوا لە خەڵك دەکرێت وانەی کوردی بۆ منداڵەکانیان هەڵبژێرن.
عیسات جانان، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی تورکیا دەڵێت، "[خوێندنی زمانی کوردی] بابەتێکی باشە، پەیامی من ئەوەیە کە هەموو کورد فێری زمانی خۆیان بن. مافێکە بۆ کورد و کارێکی باشە. پێویستە هەموو لاوانی کورد لە رێگەی پەروەردەوە فێری زمانی خۆیان بن. کارێکی جوانە."
پرۆسەی هەڵبژاردنی وانەی زمانی کوردی تاوەکو 20ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و لە ناوەندەکانی خوێندن ناوی قوتابییان دەنووسرێت بۆ وانە بژاردە.
سەرچاوە: rudaw- شەوکەت هەرکی