بەڵێنم پێت یا
بەڵێنم پێت یا کە خۆشم بۆییت
بەرامبەر ئەو بڕیارە گەورەیە، ئەقڵم لەدەست یا
بەڵێنم یا:
لە پەرۆشی بینین نەمرم
بەڵام هەر مردم
و
چەندین جار بەڵێنم یا
و
چەندین جار بڕیارم یا
واز بێنم
لە بیرم نایە وازم هێنا بێ
بەڵێنی شتی گەورەتر لە خۆمم یا
ئاخۆ سبەی ڕۆژنامەکان چیم لەسەر ئەڵێن !
دڵنیام ئەنووسن کە شێت بووم
یان ئەنووسن کە خۆم کوشتوە !
بەڵێنم پێت یا کە بێ وورە نەبم
بەڵام، وابووم...!
و
كە شیعر بەسەر چاوەکانتا نەڵێم
بەڵام ووتم
و
بەڵێنم یا کە نەء
.....و نەء
.....و نەء
كاتێ بە گەمژەیی خۆم زانی، پێکەنینم هات
***
بەڵێنم یا
كە گوێ نەیەمە قژت کاتێ بە بەردەمما هات و چۆ ئەکا
كاتێ وەک "شەو" باڵ بەسەر شۆستەکانا ئەکێشێ
......هاوارم لێ هەستا.....
بەڵێنم یا
چەن سۆزم هەبێ
گوێ بە چاوەکانت نەیەم
و
كاتێ دیم ئەستێرە ئەبارێنن
..... هەناسەم هەڵکێشا....
بەڵێنم یا
هیچ نامەیەکی خۆشەویستیت بۆ بنێرم
بەڵام سەرەڕای هەموو شتێ ، هەر نووسیم
بەڵێنم یا
لە هیچ شوێنێ نەبم تۆی لێ بی
بەڵام کە زانیم بانگێش کراوی
بێ یەک و دوو ، یەکسەر چووم
بەڵێنم یا کە خۆشم نوێیت
چۆن و .....کەی..؟
و
كەی ئەبینی کە بەڵێنم یا بێ
لەو پەڕی ڕاست گۆییەوە. درۆم کرد
و
سوپاس بۆ خودا ،کە...درۆم کرد
***
بەڵێنم یا
بەوپەڕی خوێن ساردی و گەمژەییەوە
هەموو ژنەکان بکوژم
و
جەنگی خۆمم بەرامبەرت ڕاگەیان
و
كاتێ چەکم لەسەر مەمکەکانت بەرزکردەوە
....دۆڕام....!
كاتێ دەستە بێ گوناهەکانتم دی
.....شەرم دای گرتم.....!
بەڵێنم یا
كە نەء...و..نەء....و..نەء
هەموو بەڵێنەکانم
دووکەڵێ بوون ، تێکەڵ بە هەوام کرد
***
بەڵێنم یا
كە شەو تەلەفۆنت بۆ نەکەم
و
كە نەخۆش کەوتی بیرت لێ نەکەمەوە
و
بۆت نیگەران نەبم
و
گوڵت پێشکەش نەکەم
و
دەستەکانت ماچ نەکەم
و
خۆم دژ بە خۆم، شەو تەلەفۆنم کرد
و
گوڵیشم نارد
و
نێوانی هەردوو چاوەکانتم ماچ کرد
تا تێر بووم
بەڵێنم یا کە نەء...و نەء....و..نەء
كاتێ بە گەمژەیی خۆمم زانی ،پێکەنینم هات
***
بەڵێنم یا
كە: پەنجا جار سەرت ببڕم
كاتێ خوێنم بەسەر جلەکانمەوە دی
زانیم کە ئەوە منم سەر بڕاوم
بۆیە: چەن توڕە بم، چەن لە خۆم دەرچم
چەن ئاگرم لێ بکەوێتەوە ، چەن بکوژێمەوە
بە "پێ داگرتن" لێم وەرمەگرە
لەوپەڕی ڕاستگۆییەوە ، درۆم کرد
سوپاس بۆ خودا ، درۆم کرد
***
بەڵێنم یا کارەکان بە زوویی بەلا بخەم
و
كاتێ فرمێسکی بە خوڕی چاوەکانتم دی
.....شڵەژام....
كاتێ جانتاکانم لەسەر ئەرز دی
درکم کرد کە بەو ئاسانییە ناکوژرێیت
تۆ ووڵاتی...و...تۆ هۆزی
تۆی شیعر ، تۆ پێش دروست بوونی شیعری
تۆ یاداشت ، تۆ سەفەرەکانی
تۆ" تەمەنی مناڵی"....تۆ پەیام بەری
***
بەڵێنم یا
بە لابردنی چاوەکانت لەدەفتەری یادەوەرییەکان
و
نەمزانی کە ژیانی خۆم لا ئەبەم
و
نەمزانی سەرەڕای ناکۆکییەکان
"من"، تۆیت
"خۆم"،تۆیت
بەڵێنم یا کە خۆشم نەوێیت
ئای لە بێ ئەقڵی
چیم لە خۆم کرد..!!
لەو پەڕی ڕاستگۆییەوە درۆم کرد
و
سوپاس بۆ خودا ، درۆم کرد
***
بەڵێنم پێت یا
دوای پێنج دەقیقە لێرە نەبم
بەڵام بۆ کوێ بچم!
شەقامەکان بە باران شۆراون
بۆ کوێ بچم!
چایخانەکانی شار بەر ناکەون
بە تەنیا لە کام دەریا بگیرسێمەوە
و
تۆ هەموو دەریاکانی
و
تۆ ساتە وەختی گەیشتنەکانی
و
تۆ هەموو سەفەرەکانی
بۆم هەیە دە دەقیقەیەکی تر بمێنمەوە
تا بارانەکە خۆش ئەکاتەوە !؟
مسۆگەر دوای ڕۆشتنی هەورەکان
و
دوای هێور بوونەوەی"با"یەکە ، ئەڕۆم
گەر نا ،
میوانت ئەبم تا...بەیانی
***
بەڵێنم پێت یا
جاری دووەم وەک شێت خۆشم نەوێییت
وەک چۆلەکە پەلاماری دارە بەرزەکەی سێوەکانت نەیەم
و
كە لە خەوا بوی ، قژت دانەهێنم
.....پشیلە خۆشەویستەکەم
بەڵێنم یا، چیتر
ئەقڵم لەدەست نەیەم
گەر ئەستێرەیەکی پێ پەتی
كەوتە سەر لەشم
و
بەڵێبم یا "شێتی"ی یەکەم ئەهوەن کەمەوە
و
خۆشحاڵم کە تا ئێستاش
ڕێک وەک جاران
لە خۆشەویستیا هەڵبەز و دابەز ئەکەم
***
بەڵێنم یا
تا ساڵێک خۆشەویستیت لەگەڵا نەگۆڕمەوە
و
بە درێژایی ساڵێک
ڕووخسارم بە دارستانەکانی قژت نەشارمەوە
و
لە کەناری چاوەکانتەوە
ڕاوی ناو دەریا نەکەم
بە درێژایی ساڵێک...!!؟
چۆن ووتەیەکی وا بئ مانا بڵێم..!!؟
كە چاوەکانت ماڵەکەم و ماڵی ئاشتییە
و
چۆن ڕێم بۆ خۆم یا ، هەستی "مەڕمەڕ" بریندارکەم..!؟
و
نێوانی من و نێوانی تۆ
نان ...و خوێ
و
چریکەی کۆتر
تۆ لە هەر شتێک
دەست پێ کردنی
و
هەر تۆ کلیلی داخستنی
شيعر: نزار قبانی
وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام
سەرچاوە: galawej