کوردو کوردستان لە بەڵگەنامەکانی دەزگا هەواڵگەرییەکاندا

 

سلێمان مستەفا

لەماوەی رابردوودا، چەندین بیرەوەری و لێكۆلینەوەوڕۆمان وکتێبی مێژوویی لەسەر شۆرش و بەرخودانی كورد ودەوریان لە ناوچەکەدا بە چاپگەیەنراون.هەموو ئەو كتێبانەی بەردەستم کەوتوونوتا ئێستا دەرفەتی خوێندنەوەیان هەبووە، باندۆرێكی زۆریان لەسەر جێ‌ هێشتووم،لەوانە بیرەوەرییەكان ئاپێ موسا عەنتەر وڕۆمانی داگیركردنی تاریکی بەختیار عەلی و كچانی دووكەڵ وئاگرلە نوسینی ئاڤا هوما، مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد لە نوسینی مامۆستا (سۆران حەمە رەش )،ئەمەش وایکرد بگەرێمەوە بۆ هەندێ سەرچاوەی تر کە پێشتر خوێندبوونمەوە، لەوانە كتێبەكەی (گێرتروویدا مارگرێت)کورد لەنامەکانی ( مس بێل) وکتێبی کورد لەگەمەی سوڤیەتدا، کە نووسینی ڕەوانشاد نەوشیروان مەستەفا وکتێبی بیرەوەرییەکانی سەرۆک بۆش ، کتێبی بیرەوەرییەکانی ساڵەکەم لە عێراق لە نوسینی حاکمی کاتی عێراق ( پۆلبریمەر ) وکوردستان وبزاڤی نەتەوەی کورد لە نووسینی خوا لێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال. لەخوێندنەوەی ئەو کتێبانە چەندین پرسیارم لا دروست بوون، ئەمەش وایکرد بەدوای وەڵامی پرسیارەکاندا بگەڕێم، لە كۆتایی تێگەیشتم پێویستم بەسەرچاوەی دیکە هەیە، سەرچاوەی جیاواز و لە نموونەی بەڵگەنامەیی، بۆ ئەمەش باشترین سەرچاوە کە بەباشم زانین دوو نامەی دکتۆرا لەگەڵ کتێبێکی تر کە بەزمانی ئینگلیزی نوسراوەن بەڕێز شەفیقی حاجی خدر وەرگیڕاونەتە سەر زمانی کوردی ، لەوانەکتێبی(شای ئێران و كوردی ئێراق و شیعەی لوبنان نوسینی ( ئارەش رەئیسینەژاد، کە نامەی دكتۆرایەتیلە زانکۆی کالیفۆرنیا ساڵی ٢٠١٧ ) هەروەها نامەی دكتۆرای (براین ڕۆبرت گیبسن)بەناوی (سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا عێراق -کورد – جەنگی سارد )وەرگێڕ لەبەرگی کتێبەکە پرسیاری کردوە ئەرێ کورد بونەتە بەردەباز ، هەروەها كتێبی هێڵێك بە ناو لمدا ( ململانێی بریتانیا و فەرەنسا لەسەر دارشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوین ) لە نوسینی ( جێمس بار ) ، لەگەڵ کتێبی (دیداری تەمەن ، لەلاویتیەوە بۆکۆشکی کۆماری و بروسكە نامە) لە ئامادەكردن بەرێزصلاح رشید .

لێرەدا نەمویستوە بگەڕێمەوە بۆ سەردەمی میرنشینەکان و سەردەمی ململانێی سەفەوی وعوسمانی، بەڵکو لە ئەزموونی مەلیکی کوردستانی جنوبەییەوە بۆ‌ ئەزموون كۆماری مهاباد و شۆرشی كورد لە 61 – 75 و شۆرشی نوێ‌ و ئەزموونی حكومڕانی 30 ساڵەی خۆمان لە باشوور و ئەزموونی باكوور و پارتی کرێکارانوحزبەكانی دیکەو ئەزموونی خەباتی دیموكراتی لە ناوپەرلەمانی تورکیا،هەروەها ئەزموونیڕۆژئاوای کوردستان چیمان پێ‌دەڵێ و چیمان بۆ بەیان دەكات.

پرسیارێكی دووبارەو سەدبارە، ئەرێ بۆ کورد نەیتوانی دەوڵەتی خۆی هەبێت؟ ئایا بۆ كورد نەبووتە خاوەن دەسكەوت، ئایا بۆ کوردە دەکرێتە قوربانی هەر هەموومان لە گۆشەی جیاجیاوە دنیایەک وەڵامی حازربەدەست دەڵێنەوە، ئەگەرپرسیارێكی دیکە بکەین بۆ (ڕوسیا و تورکیا وئێران و عێراق و سوریا ) دژی ئەزموونی كوردن لەهەر پارچەیەک بێت؟

لێرەدا بە باشم زانی بگەڕێمەوە سەر سەرچاوەکان، سەرچاوەكان و بەڵگەنامەكان پێمان دەڵێن ئیمپریالیزمی ئەورپی لە پێدانی مافی كورد وەك لە رێكەوتنی سیڤەردا هاتووە پەشیمان بوویەوە، لە لۆزان مۆری دابەشكارییان لە هیواو ئاواتی گەلی کورد دا، هینری کیسنجەر لە کتیبەکەیدا سەردەمی نوێبوونەوە لەبەشی پاكانەنامەی خۆیدا دەلێت:

بەڵێ‌ لە دوای شەری یەكەمی جیهان و دابەشكاری رێكەوتنی سایكس پیكۆ دوای لۆزان، كورد لە وڵاتی نەتەوەیی خۆی بێ‌ بەشكرا و بە فەرمی بە پێی ڕێكەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بەسەر (ئێران و ئیراق و سوریا و توركیا و روسیا ) دابەشكرا ،كە بە ڕای بەندە هۆكاری هەموو ماڵوێرانی و جینۆساید و نەبوونی قەوارە و هەموو ئەو زۆڵمەی لە هەر پێنج پارچە لە كورد دەكرێت بۆ ئەو دابەشكارییە دەگەرێتەوە ، هەروەها ئەزموونی سەد ساڵە پێمان دەڵێت ، سەپاندن و دروستکردنی ئەم شێوە دەوڵەتانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خرابترین و شکستخواردو ترین ئەزموون بوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، بەتایبەتی دابەشکردنی کورستان و نەتەوەی کورد بەسەر سێ نەتەوەی دژبەیەک و پێنج دەوڵەتدا ، کە ئێستا هاوشانی کێشەی (فەلەستین و ئیسرایل ) گەورترین ساختانگی ناوچەکە و جیهانە .

زۆر جار بیستومە لۆمەی سەرکردەو شۆڕشەکانی هەر چوار پارچە دەکەین و بەدواکەوتوو خۆخۆر و خاین تاوانباریان دەکەین، هەندێ جاریش دەڵێن خەتای جیوپۆلتیک و جوگرافیاییە؟ بەڵام ئایا ڕاستە؟

ئەگەر لە شۆرشی شێخی نەمرەوە دەست پێبکەین،لەم بارەیەوە ( گێرتروودمارگرێت )کورد لە نامەکانی میس بێل کە ( محمد حەمە ساڵح تۆفیق ) لە ئینگلیزی وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی لە نامەیەکی دا دەڵێت (14 ی ئابی 1921 كوردەكان دژی ئینگلیز نین بەڵام حكومەتی كوردی سەربەخۆیان دەوێت )هەرەوها لە نامەیەکی تریدا هاتوە لە 24/10/1923هەروەك دەزانن دەوڵەتی عەرەبی نایەتە بوون بە بێ‌ ناوچەكانی باكور‑ بەغداش زۆر نزیكەوە پشتی بە موسڵ بەستووە بۆیە بەبێ‌ موسڵ پەیمانەكە بێ‌ نرخ دەبێت.

لە دوای ئەو دابەشكاریە كورد بەسەر ئەو پێنج دەوڵەتە دابەشكرا لە هەر پارچەیەك كورد بووبێتە خاوەنی ئۆتۆنۆمیێک یان هەر مافێک، ئەوا چوار وڵاتەكەی تر كەوتوونەتە خۆیان شكستیان بە ئەزموونە كە هێناوە.

بابێنە سەر کۆماری مهاباد ،کورد لەگەمەی سۆڤیەتدا : ئەزموونی كۆماری مهاباد،ڕەوانشاد نەوشێروان مستەفا لە لێکۆڵینەوەی كورد لە گەمەی سۆڤیتەدا ڕونكردۆتەوە چۆن ئەم كۆمارە كرایە قوربانیبەرژەوەندیی ئابووری ، لەکۆتاییدا سۆڤیەت دەستبەرداری کۆماری مهاباد بوو لەبەرامبەر ئیمتیازی نەوت لە ئێران، هەروەها ئامادە نەبوو بەرژەوەندیەکانی بخاتە مەترسی دڵی ئێران و ئێراق وتورکیا بێشێنێت ، هەرچەندە کێشەی نێوان ئێران و ئێراق قوڵ و لە مێژینەنن لەسەرتای دروست بونی ئیراقیش ، ئێران لە ساڵی 1929 دانی بە حكومەتی عێراق داناوە ولەیەکەم سەردانی مەلیك فەیسەڵ بۆ ئێران لەساڵی 1932 سێ‌ پرس خرانە بەر باس ( كێشەی جیاكردنەوەی شط العرب ‑ نەوت ‑ كورد )ساڵی 1937 رێكەوتی سنور لە نێوان ( عێراق و ئێران ) ئیمزا كرا.

ئینجا گەربپرسین ئایا كورد بەكارهێنراون لە کۆماری مهابادو شۆڕشی ئەیلول،ئایا لەشۆرشی ئەیلول پەنجەمۆری سۆڤیەت و شەڕی سارد و دەوری باڵایان هەبوو لە هەڵگیرسانی، دوای ئەوەی بەرەی عەرەب و ناتۆ هاتە مەیدان چۆن كێشەی كورد بەكاربهێنێت هەریەك لە ( ئێران و ئیسرائیل و ئەمریكا )كارتی كوردیان بەكارهێنا بۆ لغاوكردنی بەرەی سۆڤیەت لە لایەك و سەرقاڵكردنی عەرەب لە لایەكی تر و دەست كەوتن و ملكەچكردنی دەوڵەتان بۆ دەست كەوتی ئابووری و ڕێڕەوی ئاوی.

هنری كیسنجەر لە کتێبەکەی (ساڵانی نوژەنبوونەوە) 1999لەسەر شۆڕشی کورد دەڵێت ( خواوەندەكان لە بەهاری 1970 بەرووی دۆستەكانی ئەمریكا دا پێنەكەنین، تراژیدیای كورد بە شێوەیەكی بەرچاو ، بە هۆی مێژوو جوگرافیاوە قەوما، بەڵام پرسە کە بە هۆی دابەشبوونی نیشتمانییانەی ناوخۆشیقەبەتر بوو.

کیسنجەر بەردەوام دەبێت وەک دڵدانەوەیەکی کورد دەڵیت لەو كاتەی دەوڵەتی نەتەوە لە كۆتای جەنگی یەكەمی جیهاندا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیدابوو، ئەوان خۆیان بە دابەشكراوی لە نێوان (عێراق - سوریا - -توركیا - یەكێتیی سۆڤیەت وئیرانەوە بینیوە .

بەستنەوەی بەڵگەوبەند و بەڵگەکان لێرەدا بە پێویست دەزانم،بۆیە لەم نوسینەمدا ئەم میتۆدەم بە پەسەند زانی، با بگەرێنەوە بۆبەڵگەیەکی تر لەمەر سیاسەتی ئێران لە زەمانی شا (كۆلۆنێل موجتەبا پاشایی ساڵی 1958دەڵێتلەسەر ئێمە پێویستە لە ڕۆژهەڵاتی كەناراوی دەریای سپی ناوەراستدا بجەنگین و بەر بە هەڕەشەكان بگرین تا رێگر بین لەوەی خوێن لەسەر خاكی ئێران بڕژێ ، گەر بپرسین ئێران هاوكاربوو لە ڕووخاندنی ڕژێمی پاشایەتی 1958، هاوكاری هاتنە سەر تەختی ڕژێمێکی کۆماری بوو ، ئەگەر ئەو بژرادەیە ڕاستیش بێت، دەوری باڵا لەم کارەدا سۆڤیەت بوو، ئەم کودتایەش کۆتایی بە پەیمانی بە‌غدا هێنا، لەوێ ڕۆژێوە ئێران دەستی کرد بە پەیڕەوكردنی ستراتیجی پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ كورد و شیعە ئەمەش سەری كێشا بۆ ستراتیژیەت بە ئاراستەی قەوارە نادەوڵەتییەكان.

دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ كاراكتەر نێودەوڵەتیەكان ئەمەش لە رێگای میكانیزمی پشتەوەی سیاسەتی دەرەكی وکارکردن لەسەرهیلالی شیعی و ئەم سیاسەتی ئیران لە ماوەی شەری سارد دروست بوو،ئێرانی پەهلەوی سیاسەتێكی نادەوڵەتیانەی كارای بۆ بەرزەفتكردنی هەرەشەكانی نێودەوڵەتی و هەرێمی و ناوخۆیی لە خۆ گرتبوو، کۆماری ئیسلامییش بەردەوامە لەسەر ئەم سیاسەتە.

ڕۆژهەڵاتی ناوەراست هەمیشە مەیدانی بە هێزی ركابەرەكان بوو لە جەنگی ساردەوە تا ئێستا شەڕی ئابووری و دینی و مەزهەبی و نەتەوەیی درێژەی هەیە، لەم بارەیەوە ئەسەدوللا ئەعلەمی ڕاوێژكاری باڵای شا و سەرۆكی هۆبەیساواکلەبەشێك لە یاداشتەكانی دەڵیت:نزیكبوونەوەی ڕژێمەكانی عێراق لە مۆسكۆ و دروست كردنی كۆماری كوردستان و ئازەربایجانوهەڵگیرسانی شەری كورد لە 1961 لە باكوری عێراق شمشێرێكی دوو سەرە بوو بۆ ئێران، بەردەوام دەبێت دەڵیت هیچ كاتێ‌ سوڤیەت راستگۆ نەبوو لەگەڵ كورد و پشتی كوردی نەگرتوە .

هەر لەم بارەیەوە ، خالد بەگداش سکرتێری گشتی حزبی شوعی سوریا ،دەڵێت كورد لە ڕوسیا نزیكە بەڵام ڕوسیا ( ئێران و عێراق و توركیا ) پەست ناكات گەر كورد لە ئەفریقیا بوایە دەوڵەتی بۆ دروست دەكرد.

لوتکەی تاران و هاوکاری کورد : لە لوتكەی تاراندا 1972 سەرۆكی ئەمریكا نیكسن ڕێگەی بە (CIA) دا لەگەل ساواك و موساد هاوكاری كورد بكەن و دەست و پێی حكومەت و جەیشی عێراق ببیەستن.

سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن كورد تا ڕادەیەك لەگەڵ ئێران بوون نامەکەی شێخ محمود بۆ پەهلەوی و ئیحسان نوری پاشاش هاتۆتە زمان لەم بارەیەوە، لەلاپەرە (١٨٦) کتێبی شای ئێران و کوردی عێراق و شیعەی لوبناندا هاتوە خوا لێخۆشبومستەفا بارزانی گوتیی (کورد لەهەر کوێیەک بژێ ، ئەوێ ئێرانە ) لەهەمان سەرچاوە و هەمان لاپەردا هاتوە ،خوالێخۆشبوو مامۆستا (ئیبراهیم ئەحمەد) لێدوانی دا ( کورد لەهەر کوێیەک بژین ، ئێرانین).

لەبارەی پشتگیری کورد لە قاسم ، مامۆستا (ئیبراهیم ئەحمەد )لە پشتگیریكردنی عبدالكریم قاسمدا دەڵێت، ئێمە بە هەر سێ‌ دەوڵەتی ( ئیران توركیا - عێراق ) دەورەدراوین ، ئێمە پێمان وانەبوو كەسێك لە نوری سەعید بەدتر بێ‌ ، هەر بۆیە یارمەتی قاسمان دا .

لەکاتی سەردانی وەفدی کوردی بۆ لای جەمال عبدلناسر بە سەرۆکایەتی مام جەلال، ناسر بە مام جەلال دەڵێت (محمد رەزا شا) دوژمنی كوردە ئەو خاوەنی بەشێكی زۆری خاكی كوردە ، خۆ ئەو گەر پشتی ئێوە بگرێ ‌ئەوا لەبەر ئەوەیە دژ عەرەب بەكارتان دێنێ‌ .

لەدانپێدانانی دەزگا سیخوریەکاندا هاتوەو پێماندەڵێن چۆنیان بەكار هێناین با بگەرێینەوە وناو بەڵگەنامەكان ( موساد ) و ( سی ئای ئەی ) و سۆڤیەت

دەرئەنجام دوای رێکەوتنی شاو سەدام، پشتیان لە شۆرشی کورد کرد، ئسرایل و ئەمریکاڕایانگەیاند شا كوردی فرۆشت بەڵام خۆیان پێ‌ بێ‌ بەری كرد.

هەر لە بەڵگەنامەکانی سی ئای ئەیدا هاتوە

براین رۆبەرت گیبسن - لە تێزی دكتۆراکەیدا ساڵی 2015 كردوویەیی بە كتێب، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا – عێراق‑ كورد جەنگی سارد 14 / 1958 - 1975،نووسەر بۆ پێشەكی وەرگێرانەکوردیەكەی دەڵێت:كورد لە چەقی مێژووی ڕووداوەكە دا بووە، ئەم كارە مێژووی كوردان نییە، بەڵام پەردە لەسەر چۆنیەتی بەكارهێنانی كورد لە لایەن ئیران و ئیسرائیل وئەمریكاهەڵدەداتەوە .

لەم بارەیەوە دەڵێت، ڕەگ و ریشەی ململانێی كورد و بۆ پاشماوەی جەنگی یەكەمی جیهانی دەگەرێتەوە لەو كاتەی هاوپەیمانان لە رێكەوتنامەی سیڤەربەڵێنیان بە كورد دا كە لە گۆشەی باشووری توركیا دەوڵەتێك بۆ كورد دروست بكەن - كە جیا لە بری دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی لە رێكەوتنامەی لۆزان كوردیان بە سەر توركیا و عێراق و سوریا دا دابەشكردڕوسیا لە لایەك هاوكاری رژێمی قاسمی كرد و لە لایەك هانی كوردی داوە لە ساڵی 1961 دەست بەشۆڕش بەکەن ، بەمەش سۆڤیەت كوردی لە بەرژەوەندی خۆی قۆستەوە بە گوێرەی ئاراستە شەری سارد.

بەڵگەنامەکانی سۆڤیەت (ڤلادیسلاڤ زەبوك -راپەرینی كورد لە ساڵی 1961 لەگەڵ ستراتیجی سۆڤیەت دابوو بۆ ئەوەی سەرنجی ئەمریكاو هاوپەیمانی لەسەر مانۆرەكەی بەرلین وەرگیرێ ،بە پێی بەڵگەی(KGB) كە ( ئەلێكسەندەر ) ی سەرۆكی KGB بۆ ( خۆرۆشۆف) نوسراوە لە 29 ی تەمووز 1961 تێیدا رادەسپێرێ‌ ( سەختانگ ) ئەزمە لە ناوچە جیاجیاكانی جیهان دروست بكات بۆ بەلاڕێدابردن سەرنجی هێزی هاوپەیمانان و ئەمریكا.

سۆڤیەت لە گەمەی دووفاقی بەرژەوەندیخوازی بەردەوام بوو ، لە لایەک چەک و جبەخانەی دایە رژێمی بەعس لە لایەکی ترەوە دڵنەوای كوردی دایەوە، رژێمی عێراقی بە پیادەكرد جینۆساید دژ بە كورد تاوانبار دەكرد ، بۆ یەکەم جار سۆڤیەت داوای لە مەنگۆلیای هاوپەیمانی دەكات سكاڵایەك لە نەتەوە یەكگرتوەكان تۆمار بكات لە ساڵی 1963 بەوەی رژێمی عێراق شەری جینۆ ساید دژ بە كورد دەكات، لە تەمووزی 1963 سكاڵاكە تۆمار كرا و لە 11 تەمووز سۆڤیەتیەكان نامەیەكیان دایە سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایش . لەسەر كۆرەوی كورد، بەڵام دوای بە پاساوی نا لۆژیکی سکاڵاکەیان کێشایەوە.

ئەوەی لە بەڵگەنامەکانی دەزگا سیخوریەکانی ( سۆڤیەت، ئەمریکا ، ئێران،تورکیا ، ئێراق ، ئیسرائیل،سوریا ) بەیانکراوەو مۆری نهێنیبوونیان لەسەر هەڵگیراوە، ئەوەمان پێدەڵین، کە یەک شتیان لا گرنگە، ئەویش بەرژەوەندی خۆیانە لەگەڵ درێژدان بە داگیرکاری و زەوتکردنی مافی چارەیخۆنوسینە، لەگەڵ درێژەدان بەم سنورە دەستکردانە .

گەر سەرنج بدەین بە درێژایی ٩٠ ساڵی ڕابردوو عێراق یارمەتی كوردی ئێران و توركیا و سوریای داوە و بەكاری هێناون، توركیا بۆ بەرژەوەندی خۆی هەمیشە بە پلانی نهێنی كاری كردووە بە بە ئاشكرا یارمەتی كوردی نەداوە بۆ نموونە لە شەری 1991 ڕێگای نەدا بە بەكارهێنانیبنکەی ئەنجەرلیک، ئێران بەدرێژایی ٩٠ ساڵەی ڕابردوو یارمەتی کوردی ئێراق و تورکیا دەدات و بەکاریان دەهێنێت، سوریا یارمەتی کوردی پارچەکانی تری داوە، سۆڤیەت یارمەتی کوردی ئێران و ئێراق و تورکیا داوەو بەکاریان دینێت، ئەگەر پرسیارێكی حسابی بکەین؛ باشە بۆنایەن یارمەتی كوردانی ژێردەستەی خۆیان بدەن و دان بەمافەکانیان بنێنن؟ وەڵامەکەی دیارو ئاشکرایە !!!!

ئەی بۆ كوردی هەرپێنج پارچە ئەو مەتەڵەیانبۆ هەڵ نایەت؟

لەشەری ئازادكردنی كوێت و تا رووخانی رژێمی سەدام ، دەوری ئێران و سوریا وئیراق دیارە بەڵام تا ئەو سنوورەی لەگەڵ بەرژەوەندیەكانیان دایە، دوای دژایەتی دەكەن و بەمەترسیت دادەنێن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییان .

لە نووسینەوەی رەشنوسی قانونی ئیدارەی دەوڵەت و دەستوری عێراق و كۆنگرەكانی ئۆپۆزیسیۆن نیاز و نیەت عەرەبی عێراقیشمانبۆ رون دەبێتەوە گەر بگەرێتەوە سەر بیرەوەرییەكان جۆرج بۆشی كوڕ و پۆل بریمەر ئەوا چەند وەڵامت دەست دەكەوێت ، لەکاتی نوسینەوەی رەش نوسی قانونی ئیدارەی دەوڵەت، کورد پێداگربوون لەسەر دانای مافی ڤیتۆی سێ‌ پارێزگا لەکاتی ریفراندۆمی دەستوری هەمیشەیی بەڵام شیعەکان دژبوون، لە دانوستاندنەکاندا نوێنەری سیستانی و وەفدی مفاوزیان بە حاکمی کاتی عێراق دەڵێن ئایا ڕەشپێستەكانی ئەمریكا دەتوانن ڤیتۆ لە دژی دەنگدانی گەلی ئەمریكا بكەن، جا بێنە بەرچاوی خۆت، بەڵام کورد سوربوون لەسەر ئەو داوایەیان چەسپاندیان بۆ زەمانەتی مافەکانیان لەماددەو بڕگەکانی دەستور.

لەدوو توێی ئەم نووسینەمدا ، دەمەوێتبڵێم ئایا کاتی ئەوە نەهاتوە سیاستوانانی کورد ستراتیجی خۆیان بگۆڕن، دڵنیام هاوڕان کە لە ئێستا دا ئێمە كورد بەسەر (5) دەوڵەت دابەشكراوین ، ئەو دەوڵەتانە خاوەن سیادەو سەروەری خۆیانن، ئەو سنورانە بە بێ‌ رەزامەندی ئێمە كراون و سەپێنراون، ئێمە هێزمان نیە ئەم سنورانە هەڵوەشێننەوە، سیاسەتی جیهان لەگەڵ ئەوە دانیە سنوری (5)دەولەت دەستکاری بکات،چونكە بەرژەوەندیان ئەوە ناخوازێت ئەو ڕاستییە و دیارەو مەعلومە.

- ئەوەشمان بۆ مەعلوم بوو توركیا و ئێران و سوریا و روسیا دژی ئەزموونی هەرێمی كوردستانن

- ئەوەشمان بۆ مەعلومە ئێران لە دلسۆزی هاوكاری کوردی ئێراق و تورکیا ناكات.

- ئەوەشمان لا مەعلومە تورکیا بە هەموو هێزیەوە دژی ئەزمونی باشورو ڕۆژهەڵاتە و دژی مافی کوردانی باکوریشە .

- ئەوەشمان لا مەعلومە رۆژئاوا و ئەمریكا بۆ بەرژەوەندی خۆیان هاوكاری حزبەكان رۆژ هەڵات دەكەن.

- ئەوەشمان لا مەعلومە غەرب و روسیا شەڕی هەژمووی خۆیان لە ڕۆژئاوای كوردستان بەرێوە دەبەن.

بەڵی ئەوە ڕاستییەكی تاڵە وەک قاوە،شەهیدقاسملۆش لەسەر قاوەو بەختی کوردو ڕاستیگوتن قسەیەکی جوانی هەیەو دەڵێت ( قاوەیەکم بۆ بێنن وەک بەختی کورد ڕەش بێت، وەک ئەشق شرین بێت، وەک ڕاستیگوتن تاڵ بێت)

كەواتە كورد بە بێ‌ هاوكاری وڵاتانی داگیركەری كوردستان خەباتی چەكداریان پێناکرێت و کارێکی قورس و گرانیشە درێژەی پێ بدات ، هاوكاری ئەوانیش سنوردارە تەنها و تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیانە، کۆماری مهاباد و شۆڕشی کورد لە ١٩٦١ -١٩٧٥ ئەو ڕاستیەمان بۆ پشتڕاست دەکەنەوە.

بەرای بەندە بۆ ئێمە كورد بۆ سیاسەت وانان و لێكۆرانی كوردیلە هەر پێنچ پارچە دەرس و پەند لە مێژوو وەربگرین بە شێوەیەك کە لە قازانجی دۆزی ڕەواماندابێت ، بۆیە دەكرێت ئێمە كورد دەست بە شرۆڤە و لێكۆلینەوە بكەین با چیتر نەمان كەن بەبەردە باز و با چیتر نەمان كەنە پرد ، باچیتر بەبێ ئاگایی نەمان كەنە خاڵی لاوازی ئەو دەوڵەتانە ، بێگومان سیستەمی سیاسی جیهانی جگە لە بەرژەوەندی خۆیان هیچی تری لێبەدی ناکرێت، گەر لە ناوخۆی خۆمان تەباو کۆک بێن دەکرێت بەرژەوەندیەکانمان لەگەڵ وڵاتانی زلهێز یەک بخەین کە ئەنجامی بەدەستهێنانی مافی رەوای گەلەکەمان بێت، لەم بارەیەوە خوالێخۆشبوو مام جەلال لەساڵی ١٩٩٠نامەیەک بۆ سەرکردیەتی بەرەی کوردستانی و ڕەوانشاد نەوشێروان مستەفا دەنوسێت داویان لێدەکات بەشداری پرۆسەکە بکەن ، بۆیەکەم جار ئەمریکەکان داوادەکەن کورد بەشدار بێت ، لە لاپەرە (١٩٥-١٩٧ ) دیداری تەمەن بەدرێژی باسی لێوەکردوە ، تەنانەت ئەمریکەکان ووتویانە تاڵەبانی یاری پۆکەر دەزانی گەر یاریکەربیت بەشت دەبێتگەرانا بەشتان نابێت لەگەڵ ئێمەش بن براوەدەبن، گەرنا مافی هیچتان نابێت ، لەکتێبی برسکە نامەکانێش لە لاپەرە (٢٥ -٦٤) دەقی نامەکان بلاو کەاونەتەوە ، بەداخەوە لەکاتە وەڵامی بەرەی کوردستانی بۆ مام جەلال ئەوەبوە کورد بەشداری پرۆسەکە نابێت، سوود وەرگرتن لەدەرفەت و خوێندنەوەی راست و دروست گرنگن بۆ خەباتی رزگاری خوازی نەتەوەکەمان.

لە نەوەدەکانیش خولێخۆشبوو سەرۆک مام جەڵال نامەیەکی دورو درێژی بۆ (عەبدولڵا ئۆجەلان نارد) کە پێشەیەکەی بەم شێوەی خوارەوە دەست پێدەکات

برای‌ به‌ڕێز عه‌بدوڵا ئۆجا‌لان
ئازیزم ئاپۆ*
سڵاوێكی‌ گه‌رمی‌ برایانه‌

به‌ ئه‌ركی‌ خۆمی‌ ده‌زانم ئه‌م نامه‌یه‌ت بۆ بنێرم بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م ڕاستییانه‌ت بۆ بخه‌مه‌ڕوو:-
یه‌كه‌م: پێویسته‌ سه‌ركردەو‌ به‌رپرسه‌كانی‌ كورد له‌ سیستمی‌ نوێی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ تێبگه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م سیتسمه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ نوێیه‌، كاركردێكی‌ گرنگه‌ له‌ ده‌ستنیشانكردنی‌ سیاسه‌تی‌ حكومه‌ته‌كانی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست، ته‌نانه‌ت له‌ ده‌ستنیشانکردنی‌ شێوازه‌كه‌شیدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هۆكارێكی‌ گرنگه‌ له‌ ده‌ستنیشان كردنی‌ په‌یوه‌ندی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ به‌ دۆزی‌ كورد‌و هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر به‌ خه‌باتی‌ گه‌لی‌ كورد، جیهان كوتوپڕ گۆڕا به‌ هه‌ره‌سی‌ بلۆکی سۆڤێتی‌‌و سه‌ركه‌وتنی‌ دیموكراسیی لیبراڵی‌ له‌ ئه‌وروپای‌ خۆرهه‌ڵات‌و هه‌ڵكردنی‌ شنه‌بای‌ گۆڕان به‌ ئاراسته‌ی‌ دیموكراسی‌‌و مافی‌ مرۆڤ له‌ جیهاندا.

لەئێستادا مافی خۆمانە پرسیار بکەین ، ئایا ئەزمونی شێخی نەمرو کۆماری مهاباد و شۆڕسی ١٩٦١-١٩٧٥ دووبارە دەبنەوە ؟ ئایا کورد لەکوێی یاریەکاندایە ؟ ئایا کورد بەکاردەهێنرێت ؟.

ئایا رۆژنە پرسیار لە چارەنوسی ئەزمونی رۆژئاوا ناکرێت لەناو گەمەی کۆماریەکان و دیموکراتەکانی ئەمریکا و روسیا و ئێران و کارە دوژمنکاریانەکانی تورکیا ؟ گەلۆ پشتەوانی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت ؟ گەلۆ کاتی دان وستاندنە نەهاتوە لەگەڵ حکومەتی سوریا ، گەلۆ مامەڵەی کوردانی رۆژئاوا لەنوخۆیان چۆنە ؟ لەگەل باکور وباشور چۆنبن .

مافی خۆمانە پرسیار بکەین ئەزمونی باکور بەرەو کوێ ؟ ئایا پارتی کرێکاران بەردەوام دەبێت لەسەر ئەم شێوازەی خەباتە ؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتوە پارتی کرێکاران رەچاوی ئەزمونی هەرێمی کوردستان بکات و دەرفەتیش بداتە دەم پارتی لەناو پەرلەمان تورکیا خەباتی نوێ بەدیدی نوێ دەست پێبکات .

مافی خۆمانە بپرسین دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بەنیازی چین ، ئایا بێ ئومێد بوونە لە حکومەتی عێراق ؟ گەر بەڵێ ئەی هەنگاوەکانیان چین ، بۆ ڕاشکاوانە بە میللەتەکەیان ناڵین بەرنامەو پلانیان چیە لەبەر ڕۆشنای گۆرنکارەکانی ناوچەکەو جیهان ؟ گەر نەخێر هێشتا دەرفەت ماوە بۆ چارەکردنی گرفتەکان ، مافی هاولاتیانە داوا لە دەسەلاتدارانی هەرێم بکەن ، بەسیاسەتی کوردانە و واقعبینانە مامەمەڵە لەگەڵ حکومەتی عێراق بکەن ، کێشەکان لە مووجەو نەوت کۆنەکەنەوە ، بەڵکو کێشە کێشەی میللەتێکە بەپێی دەستور مافەکانی دەستەبەر بکات ، ناکرێت بەسیاسەتی کەسی و حزبی مامەلەبکڕێت ، ناکرێت بەکاربهێنرێن بەبێ ئاگایی .

مافی خۆمانە بپرسین ، خەباتی کوردانی رۆژ هەڵات بەرەو کوێ ، خوێندنەوەکان چین ، لەناوخۆیان پێویستیان بەچییە ؟ پێویستە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەزمونی باشوردا بکەن .

بۆیە دەبێت پرسیار بکەینو لیکۆڵینەوە بکەین، تێڕامان بکەین و بوەستین، دەبێت سنوری هەست و سۆزو تێپەرێنن، ڕەخنە لە خۆمان بگرین ، دروستکردنی ناوەندی ستراتیجی کوردستان گرنگە، گەڕان بەدوای بەڵگەنامەکان گرنگە،دەبێت بەئاگاییەوە سیاسەت بکەین، دەبێت خەبات بۆ سەربەخۆی کورد و کوردستان لەچوارچێوەی بانگەشەو سۆزی ئاشقانە و کەف وکولی کوردانە دەربێت و بخرێتە چوارچێوەی سیاسەتی ڕاست و دوست و خەباتی یاسایی و مەدەنی و فەرهەنگی ودیموکراسی ومافی مرۆڤ و قۆناغ بەندی ، ناکرێت بلێن یان هەمووی یان هیچ ،ناکرێت تایبەتمەندی هەر پارچەیەک رەچاونەکرێت و هەستیاری دۆخە لەبەچاو نەگیرێت ، بێ گومان ناکرێت بەبێ بەهەند وەرگرتنی پەیامی خانی و حاجی قادرو بێکەس و شێرکۆ هەنگاو بهاوێن ، لێرەدا دەبێت ڕەوەندی کوردستانی لەدەرەوەی ولات بەئەرکی خۆیان هەڵسن ، دەبێت ڕەوەندی کورد لەدەروە سەنگەر بباتە بەردەم سەفارەت و ناوەندەکانی جیهان و نەتەوە یەکگرتوەکان ، دەبێت پەنا ببرێتە بەردەم خەباتی دیموکراسی .

سەرچاوە ؛سپیمیدیا