کورد، زەرەرمەندی هەر دوو پرۆژەکەیە!

 

 

 

 

 

 

شوان سدیق

 

 

 

شیعەو سوونەی عێراق، رێکەوتنی هاوبەشیان هەیە بۆ هەردوو پرۆژەی تایبەت بەهەمواری یاسایی باری کەسێتی و پرۆژە یاسایی لێبووردنی گشتی!

ئەو ناڕەزاییانەی دژی هەمواری یاسایی باری کەسێتین بەتایبەت لە عێراق کاریگەری نابێ و ناتوانێ ڕێگری بکات.

لەبەر دوو هۆکار یەکەم شیعەکان دەنگ بەپرۆژە یاسایی لێبووردنی گشتی دەدەن، هەزاران عەرەبی سوونە ئازاد دەبن.

دووەم: لەبەرامبەریش سوونە دەنگ بەپرۆژەی شیعە دەدات بۆ هەمووارکردنی یاسایی باری کەسێتی. کورد هیچ ڕۆڵێکی نییە پەرلەمانتارەکانی بەشێکیان لەگەشت و خەڵوەتن و ئەوانی دیکەش بوونەتە پەیامنێری کەناڵەکان!

بۆچی شیعە دەتوانێ پرۆژەکەی خۆی بەسەر عێراقیەکان بسەپێنێ؟ وەکو گوتم؛ ڕێکەوتن هەیەو سوونە پاڵپشتیەتی.

لەڕووی دەستووریشەوە شیعە بەئاسانی پشت بەمادەی ٤١ی دەستوور دەبەستێت.

ماددەى (41)ی دەستوور دەڵێت: عێراقيەكان ئازادن لە پابەندبوون بە بارى كەسێتيان بەپێى ئاين و ئاينزاو بيروباوەڕو هەلَبژاردنى خۆيان، ئەمەش بە ياسا ڕێكدەخرێت.

هەروەها سەیری ماددەى (42)ی دەستوور بکەن چی دەڵێت "هەر تاكێك مافى ئازادى بير و باوەڕى هەيە".

ئەم مادەیە بۆ شیعەو سوونە گونجاوە بەڵام کەسێکی دیکە  یان رێکخراوێک بێت باسی هەر جۆرە ئازادیەک بکات بەمیزاجی ماددەی دووەمی دەستووری عێراق کەدەڵێت "نابێ هیچ یاساییەک پێچەوانەی ئایینی ئیسلام/زۆرینەبێت" ڕێگری لێ دەکرێت.

ئەگەر دژایەتیەکی شەقام هەبێ ئەوکاتە شیعەکان دەڵێن ئادەی بگەڕێنەوە بۆ ماددەی دووەمی دەستوور ئایە هاوسەرگیری منداڵان پێچەوانەی ئایینی ئیسلامە؟ لە ئایینی ئیسلامیش شتێک نەهاتووە بەناوی ئەوەی تەمەنی ١٨ ساڵان بۆ هاوسەرگیری، ئەوە یاسایی مەدەنییە دێت ١٨ ساڵی دیاری کردووە، شیعەو زۆرێک لەسونەکانیش بەتایبەتی ئیسلامی سیاسی باوەڕیان بەیاسای مەدەنی نییە!!

 کەواتە، هەر پرۆژەیەک دژی ئایینی ئیسلام نەبێ سەردەگرێت، ئەوەندی پرسی ئایین و دابونەریت له بەرچاو دەگیرێ، مافی مرۆڤ و ئازادییەکان لەعێراق گرنگ نین.

پرۆژەی لێبووردنی گشتی کەپرۆژەی سوونەکانەوبەێکیشەلەبانگەی هەڵبژاردنیان تایبەتە بەکەسانی سوونە پێشتر لەسەر داعش/و تیرۆر تێوەگلاون، ئەگەر پرۆژەکە سەربگرێ چاوەڕوان دەکرێ نزیکەی ١٠ هەزار هاوڵاتی سوونە ئازاد بکرێن.

ئازادکردنی سوونەکان بەشێکیان پەیوەندیان بەداعشەوەیە لێرەدا کورد زەرەرمەندی سەرەکی داعش بووە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی زەرەرو زیانەکانی خەڵکی کوردستان تۆمەتباران ئازاد بکرێن، کورد دەبێ هەڵوێستی هەبێ و داوای ورد بینی بکات، نابێ کەسانی تاوانبار ئازاد بکرێن!

پەیوەست بەهەمواری یاسای  باری کەسێتی ژمارە  ١٨٨ ی ساڵی ١٩٥٩ کەپرۆژەی شیعەکانە ئەوان دەیانەوێ مەزهەبی شیعە لەنێو پرۆسەی هاوسەرگیری جێگر بکەن.

 پاشان یاسایی مەدەنی کە تەمەنی دیاری کردوە هەژدە ساڵ بۆ هاوسەرگیری ئەمەش بەپێی پرۆژەکەی شیعە هەڵدەوەشێتەوە،وەکو پێویست کاری پێناکرێ بەتایبەتی بەلای شیعەوە.

شیعە ڕۆژە ڕۆژ گەشە دەکات لە عێراق دەستی بەسەر حکوومدا گرتووەو وردە وردە دەیەوێ یاساکانیش بگۆڕێ ئەم هەنگاوەیان هێندەی دیکە کورد وەکو نەتەوەو هەم وەکو بەشێکی زۆرینەی سوونە مەزهەب بەتەواوی دوور دەخاتەوە بۆ کەمینەیەکی بێدەسەڵات.

هەست نەکردن بەمەترسی لەلایەن بەناو نوێنەرانی کورد لەبەغدا بەهەموو پێکهاتەکانی بەرامبەر پرۆژەکانی شیعەو سوونە مایەی شەرمەزارییە ئەو گروپەی لەنێو پەرلەمان و هەم حکوومەت و سەرۆکایەتی کۆمارن.

سەرچاوە : ئاوێنە