کورد و کۆتایی حەکەیاتەکەی

 

 

 

د. سه‌ردار عه‌زیز

 

لە سەرەتای سەدەی بیستەوە کورد دەیەوێت ئەوە بە دونیا بڵێت کە لە میانەی دابەشکردنی دونیادا زوڵمی لێکراوە. بۆ ئەوەی ئەمە بکات، هەوڵدەدات کە زوڵمەکانی دانی پیادابنرێت، ببینرێت، هەستی پێبکرێت. وێنەکێشی نیویورکی ئەندی وارهۆڵ، دەڵێت، هەموو کەس لە ژیانیدا  دەرفەتی پانزە خولەک بەناوبانگبونی هەیە. ئەمە بۆ گەلانیش ڕاستە. 
 

ئەمە چیرۆکی هەموو گەلێکە، بە تایبەتی گەلانی دەرەوەی ڕۆژئاوا. گەلانی هەژار، دوای هەوڵ ئازارێکی زۆر دەتوانن ببنە جێی تیلەی دونیا، یان ئەگەر خۆشبەخت بن ببنە جێگای سەرنجی دونیا.
 

گەلی چین، لە مێژوی نوێدا زۆر ئازاری چەشتوە، بۆ نمونە شەڕی ئەفیون. بەڵام کاتێک لە ساڵی ٢٠٠٨ لە پەکین ئۆلۆمپیاد کرا، چین ئەم ساتەوەختەی قۆستەوە هەتا چیرۆکی خۆی بۆ دونیا بگێڕێتەوە. ئەو کاتە چین ١٠٠ ملیون دۆلاری لە ئاهەنگی کردنەوەکەدا سەرفکرد، زۆرێک وەهایان لە قەڵەم دەدا کە پارەیەکی زۆرە، بەڵام چین چەند قات و بە چەندین شێواز لێی سودمەندبوو.
 

گەرچی چین خاوەن چیرۆکێکی دێرینە، بەڵام لە هەمانکاتدا خاوەن یەکێک لە هەرە سەربوردە ناوازەکانی ئەم سەردەمەیە. کەواتە چین حیکایەتێکی کۆن و نوێشی هەبوو. نەتەوەش هیچ نیە جگە لە حەکایەتێک وەک بیرمەندی هیندی هۆمی بابا دەڵێت.
 

کورد گەرچی هەتا ئاستێک بە هۆکاری ناڕاستەوخۆ لە دوو سێ دەیەی ڕابوردودا توانی ببێت بە جێگای سەرنجی دونیا، بەڵام ئێستا لە بەردەم کۆتایی ئەم حەکایەتەدایە. ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەگەری هەیە کە هەوڵی جینۆسایدی ئێزیدیەکان لە لایەن کوردەوە بدرێت. لە هەوڵێکی وەهادا، چیرۆکی قوربانی بونی کورد کۆتایی دێت. 
من هەست دەکەم هێزی دەرەکی و ناوەکی بە مەبەستی کۆتایی چیرۆکی کوردی، بە گۆڕینی کورد لە نەتەوەیەکەوە بۆ گەلێکی توندڕەو، بە سڕینەوەی ئەوەی کراوە و دروستکردنی وێنای کەسێک کە بکوژ و توندڕە و بێتۆلەرانسە.
 

ئەمە دەکرێت بە یاری دوو سەرە ئەنجام بدرێت. بەو مانایە کاتێک تۆ توندڕەویت هەیە، ئەوا بە دوای بەهانەدا دەگەڕێیت بۆ پیادەکردنی، بۆیە دروستکردنی بەهانە ئاسانە. یان ئەگەر بەهانەکەش دروست نەکرێت، لە کاتی بونیدا بەو ئاقارەدا ببرێت.
 

وێنای کورد لە ڕابوردودا جوان نەبوو، کەسێکی وەک گێرتوارد بڵ، کە بە یەکێک لە دروستکەرانی عێراق دادەنرێت ڕقی لە کورد بوو، ئەمەش هۆکارێکی گەورەبوو کە کورد پەراوێزخرا لە دروستکردنی عێراقدا. 
 

کورد توانای جۆرەکانی تری دەسەڵاتی کەمە، بەڵام دەسەڵاتێکی گەندەڵ، خەڵکێک کە ناتوانن خۆیان بژێنن، لە سەروی ئەمەشەوە وەک توندڕە و بناسرێن. ڕێوی خۆی نەدەچوو بە کونا، هەژگێکیشی بە کلکیەوە بەستبووت

سەرچاوە : سپیمیدیا