کورد و خۆگونجاندنی لەگەڵ گۆڕانکارییەکان

 

 

 زولفان غەریب رەحیم

 

دەکرێت گەلی کورد بە تایبەتی سیاسەتمەدارە باڵا دەستەکان، بەرژەوەندیی گەل تێهەڵکێش بکەن لەگەڵ گۆڕانکارییە ناوچەییەکان بۆ بەرژەوەندیی کورد.

کە دەڵێن شام شەکرە، کوردستان شیرینترە، دەبینین کە لە رووی کوردایەتییەوە پڕ بە پێستی خۆی مانا بەخشە بۆ هەموو سەردەم و گۆڕانکارییەکان دەگونجێت.  
گومان لەوەدا نییە گۆڕانکارییەکانی سەردەم لە ئێستادا خێراتر سنوور دەبڕن، واتا هیچ کۆمەڵگە و دەوڵەتێك ناتوانێت رێگریی لە گۆڕانکارییەکان بکات.
بەڵکو دەکرێت بە قازانج و دەرفەت بەکاربهێنرێت بۆ بەرژەوەندیی لایەنەکان و گۆڕانکارییە سیاسییەکان کە روودەدەن. 
ئەوەی دەمانەوێت لێرەدا ئاماژەی پێ بدەین مەبەست لەو گۆڕانکارییە ئەرێنی و نەرێنیانەیە کە لە ناوچەکەدا روو دەدەن، دەکرێت گەلی کورد، بە تایبەتی سیاسەتمەدارە باڵا دەستەکان، بەرژەوەندیی گەل تێهەڵکێش بکەن لەگەڵ گۆڕانکارییە ناوچەییەکان بۆ بەرژەوەندیی کورد بە ئاقاری سیاسی و دیپلۆماسی دروستی ئاڕاستە بکەن و سوود لە دەرفەتە رەخساوەکان وەربگرن و پێگەی کوردستانی پێ بەهێز بکەن.
زۆر جاریش هەر وەکو شاعیری نەمر جگەر خوێن فەرموویەتی (شام شەکرە و وڵات شیرینترە) جێبەجێبکرێت.
ئەو گوتە سیاسیەشی دەمانباتەوە بۆ پێویستیی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی گەلی کورد لەگەڵ ئەو گەلانەی لە یەك وڵاتدا لە گەڵیاندا دەژین وەکو عەرەب و فارس و تورك.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، هەندێك گۆڕانکاریی لە یاسای باری کەسێتی و لێبووردن و گەڕاندنەوەی موڵك بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان کەوتە بەر باس و لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا، دەنگی لەسەر درا.
ئەوەش چەند کاردانەوەیەکی لێکەوتەوە، لەگەڵ ئەوەش کە  گەلی کوردیش بە دڵی نەبوو، بەڵام بەرژەوەندیی لەوەدا بوو کە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچە دابڕێنراوەکانی هەرێمی کوردستان کە موڵکی باو و باپیرانیان بوون، بە بڕیاری رژێمی دیکتاتۆری پێشووی عیراق زەوت کرا بوو، دەگەڕێنرێتەوە بۆ خاوەنی راستەقینەیان لە کوردی رەسەنی ناوچەکە، ئەوەش سەلمێنەری پاراستنی پەیوەندییەکانی گەلی کوردە لە گەڵ گەلی عەرەب لە عیراقدا. 
لەلایەکی تریشەوە لەچوارچێوەی گۆڕانکارییە جیهانییەکاندا، دەکرێت ئاماژە بدەین بە دەستبەکاربوونی ترەمپ کە وا چاوەڕوان دەکرێت بەهۆیەوە، گۆڕانکارییەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست خێراتر بکرێت، بە تایبەتیش لە رۆژئاوای کوردستان، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت حکومڕانیی لە هەرێمی کوردستاندا، سیاسەتێکی باشتر لەوەی ئێستا پیادە بکات بۆ یەکخستنی بیروبۆچوون و بەرنامە جیاوازەکان و هەنگاوی دروست و پتەو بنێن بۆ رێکخستنەوەی حکومەتی داهاتووی هەرێم کە ماوەیەکی زۆر کەمی لەبەردەمدا ماوە.

سەرچاوە : کوردستانی نوێ