مانی ڕەحیمی
هەر چەند کورد وەک نەتەوەیەکی بێدەوڵەت ئامرازەکانی شەڕی وەک بکەرێکی دەوڵەتی لەبەردەستدا نین، بەڵام بەهۆی هەڵسوکەوتی داگیرکەران، لەگەڵ پرسی کوردستان، بە ڕوونی ڕەهەندە ئاشکرا‌کانی شەڕ لە دژی کوردستان بەدی دەکرێن. لەم بابەتە شرۆڤەکارییەدا ئەو تێزانە دەخەینەڕوو و گەنگەشە دەکەین کە ئاماژەکانی هەبوونی شەڕی کوردستان و داگیرکەران نیشان دەدەن و دەسەلمێنن:
یەکەم: پێشێلکاریی یەکپارچەیی کوردستان: داگیركه‌ران له مێژووی كۆن و نوێ‌دا لە ڕێگەی كێشانی هێزی له‌شكریی (Invasion) و جه‌نگێكی به‌رفراوان خاكی كوردستانیان گرتووه (Conquest) و ئه‌و وڵاته‌یان خستۆته سه‌ر وڵاتی خۆیان (Annexation). ئه‌و هێزی لهشكهرییهی ئه‌وان هێشتا له‌سه‌ر خاكی كوردستان به‌وپه‌ڕی هێز و توانایانه‌وه وه‌ك داگیركه‌ر ماوه‌ته‌وه و بێ‌وچان له‌دژی هه‌ر چه‌شنه جوڵه‌یه‌كی كوردستانیی به‌كاری ده‌هێنن. هه‌بوونی هێزی له‌شكه‌ری داگیركه‌ر و پێشگیری كردن له دامه‌زرانی سوپای نیشتمانی كوردستان (Kurdistan National Army) بۆ به‌رگری له یه‌كپارچه‌یی كوردستان (territorial integrity) هێمای بەکردار داگیركاریی كوردستانن. دووەم، زەوتکردنی هەبوونی دەزگای دەوڵەت: بە پاڵپشتی ئه‌و هێزه لهشكهرییهی كه لەسەر خاكی كوردستان جێگیریان كردووه، داموده‌زگا (apparatus) و دامه‌زراوه‌كانی خۆیان به‌سه‌ر كوردستان دا سه‌پاندووه و ده‌یپارێزن. هه‌ر به هه‌مان شێوه‌ش پێشگیریی ده‌كه‌ن له نه‌ته‌وه‌ی كورد، له‌سه‌ر نیشتمانی خۆی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگای خۆی بنیاد نەنێت. لەهەمانکاتدا، دامودەزگاکانی داگیركه‌ران وەکوو بوونێکی بیانی دوای ئەوە خۆیان سەپاند هێز و سەرمایەیەکی زۆریان بۆ گۆڕینی فۆرم و شێوە و نۆرمەکانی کۆمەڵگای کوردستان تەرخان کرد. سێیەم، پێشێلکاری ئاسایشی نەتەوەیی: به پاڵپشتی ئه‌و هێزه لهشكهرییه، ده‌زگای سه‌ركوت، تۆقاندن و كۆنترۆڵیان بە سەر خه‌ڵكی كوردستانەوە دامه‌زراندووه و به هه‌موو ئامرازه‌كانی شه‌ڕی نه‌رم و سایكۆلۆجی ئه‌ندازیاری جه‌ماوه‌ری (mass formation) ده‌كه‌ن و پێش به هێزمهندسازی مرۆڤی كوردستانی ده‌گرن تاوەكوو توانای به‌گژداچوونه‌وه و بهشەڕهاتنهوهی لێ زه‌وت بكه‌ن. دامودەزگای هه‌واڵگری و سه‌ركوتی داگیركه‌ران پێشگیری ده‌كه‌ن له ئەوەی کە كوردستان داموده‌زگای پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی خۆی له نیشتمانی خۆی بنیاد بنێت. چوارەم، پێشیلکاری شارۆمەندییەتی کوردستانی: داگیركه‌ران به پشتبه‌ستن به توانا و هێزە ئەمنی و سەربازییەکانیان له كوردستان یاسا و یاسامه‌ندی خۆیان به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای كوردستان زاڵ كردووه. به‌پێی ئه‌و یاسامه‌ندییه هاووڵاتیبوونی (citizenship) ساخته‌ی “ئێرانی، ئێراقی، توركی و سووری”ان به‌سه‌ر مرۆڤی كوردستانییدا سه‌پاندووه و شارۆمه‌ندییه‌تی (citizenry) كوردستانیان لێ زه‌وت كردووه. داگیركه‌ران هه‌لی گه‌شه و گۆڕینی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌سڕاگه‌یشتن به ئامرازه‌كانیان ته‌نیا له ڕێگای هاووڵاتیبوونی ساخته و درۆیینه‌ی داسه‌پاو ده‌ڕه‌خسێنن و هاووڵاتیبوونی داگیركه‌ران بۆ مرۆڤی كوردستانی به‌واتای به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی داگیركاری و سڕینه‌وه‌ی تواناكانی و له قاڵبدانی تاکی کورد لە دۆخی نائاسایی و نائازادیدا. پێنجەم، پێشێلکاری یاسامه‌ندیی کوردستانی: داگیرکەران به پاڵپشتی هێزی ئەمنی و له‌شكه‌ریی لەڕێگەی داسه‌پاندنی یاسا و یاسامه‌ندیی خۆیان كه له دژایه‌تی قووڵی به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتوری و نه‌ریتییه‌كانی کۆمەڵگەی كوردستان دایه پێگه‌ی مرۆیی لە ژنان و ڕەگەز و جێندهرهكانی كوردستان ده‌ستێننه‌وه و به‌ها كوردستانییه‌كان بە تایبەتی له ژنان زه‌وت ده‌كه‌ن. هه‌ر به پشت به‌ستن به‌و هێزه‌ش، ڕۆڵ و ناسنامه‌ی ڕەسەنی خەڵکی کوردستان پێشێل ده‌كه‌ن و به‌پێی یاسا و كلتور و سیاسه‌تی خوازراوی خۆیان ناسنامەگەلێکیان بۆ دادەڕێژن کە لە دژایەتی لەگەڵ بەرژەوەندی نەتەوەیی و تەنانەت بەرژەوەندی خۆیاندایە. بەم شێوە لە جەوهەری هێز دووریان دەخەنەوە و دەیانبەنە قەوارەی مافخوازی و عەداڵەتخوازی تاوەکوو لە دامەزراندن و داڕشته‌نه‌وه‌ی سیستەمی سیاسی و یاسایی و مافەکان و ئەرکەکانی کۆمەڵگە بەشداری نەکەن و پەراوێز بکەون. شەشەم، زەوتکردنی هەبوونی دەزگای دادپەروەری: ده‌زگای داژه، سزا، بێداد و تاوانی داگیركه‌ران به پشتبه‌ستن به هه‌بوونی هێز و توانای سەربازیی و ئەمنیی و له‌شكه‌ریی خۆیان له كوردستان دامه‌زراندون، له ژێر یاسایه‌كی بێگانه و داگیركه‌رانه له كوردستان مرۆڤی كوردستانی به هه‌ر بیانوویه‌ك بێت سزا ده‌ده‌ن و ناسنامه‌ی كوردستانی له مرۆڤی كورد ده‌ستێننه‌وه و نۆرمه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی خۆیان به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگەی كوردستان دا ده‌سه‌پێنن و به‌ناوی یاسا و دادگای ناكوردستانی جینۆسایدی كوردستانییان ده‌كه‌ن. ئه‌وان له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌بوونی ئه‌و هێزه پێش به هه‌بوونی ده‌زگای دادگه‌ریی له‌سه‌ر بنه‌مای پەیماننامە جیهانییەکانی مافەکانی مرۆڤ له كوردستان ده‌گرن. حەفتەم، زەوتکردنی هەبوونی دەزگای خوێندن و پەروەردە: داموده‌زگای خوێندن و فێركاری داگیركه‌ران بۆ ئه‌وه‌ی توانای درێژه به مێشكشۆری (manipulation) منداڵان و خوێندكارانی كوردستانیان هه‌بێت و هه‌روه‌ها بكه‌ری (agency) له مرۆڤی كوردستانی زه‌وت بكه‌ن و ئایدیۆلۆجیای ئێرانی، توركی یان عه‌ره‌بی بچێننه نێو زه‌ینیان و كه‌سایه‌تییان ئه‌ندازیاری بكه‌نه‌وه، پێویستیان به‌وه هه‌یه كه پاڵ به هێزی له‌شكری داگیركه‌ریان بده‌ن و به‌م هێزه پێشگیری له دامه‌زراندنی سیسته‌می په‌روه‌رده و خوێندنی كوردستانیی بكه‌ن و توانای ده‌سه‌ڵات و كۆنترۆڵی خۆیان له كوردستان به‌رز ڕابگرن. هەشتەم، زەوتکردنی هەبوونی دەزگای میدیا و ڕاگەیاندن: داگیركه‌ران به پاڵوهدان به هێز و توانا ڕەق و نەرمەکانیان لە لەشکر و سەربازەوە بگرە تا داموده‌زگا میدیایی و پڕوپاگەندەکانیان خۆیان له كوردستان دامه‌زراندووه و به‌رهه‌می میدیایی و میكانیزمی پڕوپاگەندەی خۆیان له‌سه‌ر بنه‌مای ئایدیۆلۆجیای خۆیان به‌رهه‌م ده‌هێنن. ئه‌م ده‌زگایانه حیکایەت و گێڕانه‌وه‌کانی نەتەوەیی خۆیان لە زەینی کورد دا په‌ره پێده‌ده‌ن و ڕه‌وتی گواستنه‌وه‌ی زانیاری كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن تاوەكوو كۆمه‌ڵگەی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی، ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و هەژموونی داگیركه‌رانه‌ی خۆیان ئاراسته بكه‌ن و ئه‌مه‌ش خەڵکی کوردستان دەخاتە ژێر دۆخێکی ناهەڵبژارده. واتە کۆمەڵگەی کوردستان زانیاری و تێگەیشتنیان لە ڕەوتی گۆڕینی دۆخی داگیرکاری، هەروەها لە بواری بەرەنگاریی لەدژی دامودەزگاکانی ئیداری داگیرکەر لە وێنەچەقبەستووەکان (stereotype) بەدیلگیراویی و بێدەستەڵاتییەوەیە. نۆیەم، پێشێلکاری سەروەریی ئابووری: داگیركه‌ران به پشتیوانی هێزی له‌شكه‌ریی و دامه‌زراوه‌كانیان له كوردستان بنخان و سه‌رخانی ئابووری كوردستان دەهێننه ژێر ڕكێفی خۆیان و ئابووری پشتبەستوو بە داگیرکەران بنیاد ده‌نێن و تۆڕی بازرگانی كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن و پێش به گه‌شه‌ی ئابووری ده‌گرن. سامانه سروشتییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندی كۆڵۆنیاڵدا تاڵان دەکەن و سیاسه‌تی لهگهشهخستن (de-development) پێش ده‌خه‌ن و سه‌روه‌ریی ئابووری كوردستان هه‌ره‌س پێدێنن. دەیەم، زەوتکردنی هەبوونی دەزگای کلتوریی: سیاسه‌تی تواندنه‌وه‌ی كلتوری و له‌ناوبردنی میراتی كلتوری (cultural heritage) و شوێنه‌واره كهونارهكانی كوردستان له لایه‌ن داگیركه‌رانه‌وه پشت بە هه‌بوونی هێزی دڵڕەق و یەکڕەنگیی سەربازیی و ئەمنیی داگیركه‌ران ده‌به‌ستێت و پێشگیری له سازبوونی دامه‌زراوه و ده‌زگاگه‌لی كوردستانی په‌یوه‌ندیدار به گه‌شه‌ی كلتوری و ده‌زگای پاراستنی میرات و شوێنه‌واره‌كان ده‌كات كه ده‌بێته هۆی كاڵبوونه‌وه‌ی بنخانه كلتورییه‌كان و فه‌وتاندن و تاڵانكردنی مه‌به‌ستداری شوێنه‌واره‌كان و لاوازبوونی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و پێكبهستهیی نیشتیمانیی. یازدەم، زەوتکردنی ئازادی سیاسی: داگیرکەران به پشتیوانی هێز و تواناکانیان ، به كه‌ڵك وه‌رگرتن له دامه‌زراوه‌كان و ده‌زگاكانیان ئازادی سیاسی و سه‌ربه‌ستی مه‌ده‌نی (civil liberty) بنبڕ یان كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن و پێشگیری له بنیاتنانی ده‌زگا و دامه‌زراوه‌گه‌لێكی كوردستانیی دەکەن، كه ئازادی سیاسی و ئامرازه‌كانی سیاسه‌تكردن وه‌ك ده‌وڵه‌ت و حیزبی سیاسی كوردستانی و ڕێكخراوهگهلی مه‌ده‌نی وه‌ك سامانی كۆمه‌ڵایه‌تی (social capital) بەرەوپێش دەبن. داگیركه‌ران به‌و خۆسه‌پێنییه هه‌ر چه‌شنه هه‌وڵێكی نەتەوەیی بۆ سیاسه‌تی كوردستانیی، به سه‌ركوت، ڕه‌شبگیری و كۆمه‌ڵكوژیی سیاسی وه‌ڵام ده‌دەنەوه. دوازدە، پێشێلکاری سەربەستیی ئاوەزیی: له كوردستانی داگیركراودا داگیرکەر به پاڵپشتی دامەزراوە دەوڵەتییەکان و بە کەڵکوەرگرتن لە شه‌ڕی سایكۆلۆجی، نهیارناسیی مێژوویی كورد كرمۆڵ ده‌كەن و به‌سازكردنی به‌ستێن و كهرهسهگهلی بیره‌وه‌ری هاوبه‌ش، چێژی هاوبه‌ش و سۆزی هاوبه‌ش بۆ نەتەوە و دەوڵەتی داگیرکەر ڕادەکێشێت. بەمەش، كۆمه‌ڵگەی كوردستان له ئاستی به‌رفراواندا تووشی نه‌یارشه‌یدایی ده‌كات. له ئاكامدا مرۆڤی كوردستانی به لێونبوونی زیاتری خود (self) له ئاوه‌ز و زه‌ینی كوردی دا، دڵخوازانه ئامێز بۆ خۆكۆیلهكهری (voluntary servitude) و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان ده‌كاته‌وه كه له ئه‌نجامدا گوتار و سیاسه‌ت و ستراتێجییهكانی خۆی له‌ڕووی خۆییسازی داگیركه‌ر و ئه‌ویدیسازی نێوخۆیی هه‌ڵده‌چنێت. پاڵاوته‌ی ئه‌م دوازده تێزه بریتییه له‌وه كه داگیركه‌ران به كه‌ڵك وه‌رگرتن له شه‌ڕ وه‌ك مێتۆد و هێز و لەشکر وه‌ك ئامراز دوو جەوهەری سه‌ره‌كی له نه‌ته‌وه‌ی كورد زه‌وت ده‌كه‌ن كه وه‌ك دیارخەر (index) نەگۆڕ و سەوداهەڵنەگرن و بریتین له وڵات و سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی (national sovereignty) كه لە بەرئەنجامدا، یەکەم، کوردستان وەک خاکی نەتەوەی کورد و وڵاتی كوردستان وەک نیشتیمانی کوردستانیان و خاکێکی یەکپارچەیە کە داگیرکەران دابەش و داگیریان کردووە.
دووەم: سەروەریی نەتەوەیی بەسەر وڵاتی کوردستان دا زەوت دەکەن کە تەنیا مافی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە. زەوتکردنی ئەو دوو جەوهەرە ڕێگا دەکاتەوە کە هەموو تایبەتمەندییەکانی دیکەی بوونایەتیی نەتەوەیی و دەوڵەتداری لە کورد و کوردستان بستێندرێتەوە و نەهێڵێن ژیانی کوردستانیان ژیانێکی سەربەست بێت بە پشتبەستن بە وڵاتێکی سەربەخۆ و ئازاد و سەروەریی نەتەوەیی و نیشتیمانیی کە خۆی بەڕێوەبەرایەتی وڵاتی خۆی بەدەستەوە بگرێت و ژیانی سەربەخۆ بخوڵقێنێت. به پشتبه‌ستن به ئه‌نجامی ئه‌و تێزانه، ئەوە پشتڕاست ده‌بێته‌وه كه داگیركاریی له كوردستان شه‌ڕێكه له ده‌سپێكه‌وه هه‌تا ئێستا درێژه‌ی هه‌یه، بەڵام پەرچەکرداری کوردستانیان ڕوو بە داگیرکەران لە دوای “سمکۆی شکاک”ـەوە، لە فۆڕمی شەڕ یان جەنگ به هه‌ردووك واتای كلاسیك و مۆدێرنه‌كه‌ی نەبووە، بەڵکو کورد لە پێناو زیندوومانەوە تەنیا بەرخۆدان له مێتۆد و له هێزی میلیشیایی وه‌ك ئامراز كه‌ڵكی وه‌رگرتووه. له مێتۆدی به‌رخۆداندا هێز نه‌ك ئامرازی سه‌ركه‌وتن به‌ڵكو فشاره. به‌م هۆیه گه‌یشتن به سه‌رچاوه و ئامرازگه‌لی هێز وه‌ك ستراتجییهكی نه‌گۆڕ و سهوداههڵنگر له مێتۆدی به‌رخۆداندا به‌دی ناكرێت. چوونە ناو فۆڕمی شەڕەوە، پێویستی بە ئامرازی شەڕ هەیە، کە ئامرازگەلێکی پەیوەندیدارن بە فۆڕمی خۆڕێکخستنی کوردستانیان له فۆرمی دامه‌زراوه‌یی هێزتهوهردا. لە پاش “کۆماری کوردستان”ـەوە کورد هەموو جووڵە و جمشتهکانی خۆی لە فۆڕمی حیزبی شۆڕشگێڕی-چەکداری بە سروش وەرگرتن لە چەپی شۆڕشگێڕی جیهانی سەر بە سۆڤییەت و چین بەرپا کردووە و لە فۆرمگەلێک کە نەتەوەسازانە و نیشتیمانسازانە هێزتهوهرنخۆیان دوور کردۆتەوە کە بووە بە هۆی سەرهەڵدانی حیزبی چەکداری کە هەتا ئێستاش درێژەی هەیە. فۆڕمی ڕاستەقینەی ڕزگاریبەخش بۆ وڵاتی داگیرکراو، کوردستان بە ڕوونی، سوپای ڕزگاریی و دەوڵەتی کاتییە کە سەرجەم هێزەکانی کوردستان لەخۆیدا کۆ بکاتەوە، هەروەها دەوڵەتی کاتیی وەک تاکە ئامرازی سیاسەتکردن لە کوردستان ڕوو بە نێوخۆ و دەرەوە لە پێناو بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان سیاسەت بکات. وەک چۆن دەوڵەت ئامرازی ڕاستەقینەی پراکتیزەکردنی سیاسەت و نواندنی کردەی سیاسییه، حیزبی سیاسی ئامرازی هەبوونی ئایدیا و پڕۆژەی سیاسییە له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تدا کە تەنیا بە چوونە نێو قه‌واره‌ی دەوڵەتەوە له فۆرمی دەسەڵات یان ئۆپۆزیسیۆن دا دەتوانێت ئایدیا سیاسییەکانی خۆی بە شێوازی دیژۆر پراکتیزە یان پێش بخات و بەرز ڕابگرێت و لەو سیاسەتکردنە دیفاکتۆیە ده‌رباز بێت كه حیزبی شۆڕشگێڕی له خۆی پێشانی ده‌دات. له‌م ڕووه ڕووخساری ڕاستەقینەی داگیرکاری و ناهێزمەندسازیی کوردستانیان وەک نەتەوە له‌م دوازده تێزه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه دەکرێت به‌رچاوڕوونی بۆ تێگه‌یشتن له چوارچێوه‌به‌ندی نەخشەڕێگایهك بن كه ئاراسته‌یه‌ك بۆ کەرەسەسازی له پێناو سیاسەتی نەتەوەیی و نیشتیمانیی لە کوردستان ڕوون بكاته‌وه كه هه‌ڵبه‌ت مهرجمهنده به‌وه کە قەیرانی گوتاریی لە کوردستان یه‌كلا بێته‌وه. هەبوونی گوتاری نانەتەوەیی و نانیشتیمانیی یان زۆر جار دژه‌نه‌ته‌وه‌یی و دژەنیشتیمانیی كه سه‌رله‌به‌ری سیاسەتی دیفاکتۆی خۆیان له كوردستان لە چوارچێوەی پارادایمی مافخوازی و دابینكردنی پڕۆژەی سیاسی بۆ وڵاتی داگیرکەران ده‌دۆزنه‌وه و له فۆرمی دیموكراتیزه‌كردنی ده‌وڵه‌ت یان دۆزینەوەی بژاردەی بۆ دەزگای دەوڵەت و سیسته‌می سیاسی ئه‌وان خۆی ده‌نوێنێت. له ئه‌نجامدا داگیرکەران ئاگۆرای سیاسی كوردستان بۆ مه‌به‌ستی پڕۆژەی سیاسی خۆیان بەکاردێنن، کە سیاسەتێکی بیانییە، پهردێژ لە کەرەسەسازی بۆ سیاسەتی نەتەوەسازی و نیشتیمانسازی کوردستانیی زه‌وت دەکەن. لەسەر بنەمای ئەم تێزانە، کەسایەتی و لایەنگهلێک کە پڕۆژەی سیاسی‌یان بۆ سەروەریی نەتەوەیی وڵاتی کوردستان نەگرێتەوە، لۆجیک نییە کە لە سیاسەتی نەتەوەیی و ئاگۆرای سیاسی کوردستان پشکیان هەبێت. ئەوان بەبێ ئەوەی له‌خۆیاندا وەرچەرخانی گوتاری بەرەو گوتاری نەتەوەیی کوردستانی ساز بکەن و سیاسەتەکانی خۆیان لەسەر بنەمای هەردووک دیارخەری وڵات و دەوڵەتی سەربەخۆ وەک تاقە دەزگای دەوڵەتی خاوەن سەروەریی نەتەوەیی لە کوردستان دابڕێژنەوە، ناتوانن بەشێک لە سیاسەتی کوردستانیی بن. مەرجی سیاسەتکردن لە کوردستان بە شێوازێکی ڕژد و سەوداهەڵنەگر دەبێت هەبوونی گوتاری سەربەخۆیی لە بنخانی سیاسی هەموو لایەنێک بێت. سیاسەت کردن لە کوردستان کاتێک ڕەوایە کە لایەنە سیاسییەکان بەڵێندار بن بە یەکپارچەیی سەرزەوینی، سەروەریی نیشتیمانیی، ئاسایشی نیشتیمانیی و بەرژەوەندیی نیشتیمانیی و بەختیاری کۆمەڵگای کوردستان. لە ئەنجامدا وا شیمانە دەکرێت کە ئەم تێزانە ڕوونکەرەوەن بۆ پێناسەکردنی دۆخی نابەرهەمهێنەری پارادایمی بەرخۆدان وەک میکانیزمی زیندوومانەوە کە پێویستی بە ئاڵوگۆڕێکی سەرتاپایی و بێکەموکوڕییە لەو پارادایمەی ئێستا لە ئارادایە. هاوکات ئەم تێزانە دەتوانن بەستێن بن بۆ قۆستنەوەی هەل و پەردێژی چارەدۆزانەی تێپەڕێنن بۆ پارادایمسازی بۆ ناو دۆخی شەڕی نیشتیمانیی و زەینی بنیاتنەرانە و دەربازبوون لە چەقبەستەیی ئێستا و ڕزگاربوون لە چارەنووسی توانەوە و لەناوچوون.