کورتەفیلمی کوردی 'Together' لە دەرهێنانی شاخەوان کاکەمەم، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئینتاگراسیۆن لە ئیتاڵیا بەشدارە.
شاخەوان کاکەمەم، دەرهێنەری فیلمەکە، بە رووداوی راگەیاند، فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئینتاگراسیۆن لە 10-15 ئەم مانگە لە ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت و تایبەتە بە پێکەوەژیان و کولتووری گەلان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەمسال 16یەمین خولی فیستیڤاڵەکە بەڕێوەدەچێت و لە کۆی 198 کورتەفیلم و 127 بەڵگەفیلم لە پێنج کیشوەری جیهاندا، تەنیا نۆ کورتەفیلم و چوار بەڵگەفیلم بۆ بەشی کێبڕکێی فیستیڤاڵ هەڵبژێردراون، کورتەفیلمەکەی ئەویش لە بەشی پێشبڕکێدا کێبڕکێ دەکات.
'Together' لە 2021 بەرهەمهاتووە، باس لە کولتووری پێکەوەژیان لە کوردستان دەکات کە لە نێو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکاندا هەیە.
ئەم بەرهەمە تاوەکو ئێستا بەشدار لە 30 فیستیڤاڵی فیلمدا کردووە و لە 14 فیستیڤاڵدا بەربژێری خەڵات بووە و شەش خەڵاتی بەدەستهێناوە.
سەرچاوە: rudaw