کفری ... کێ پەراوێزی خست؟

 

رۆڤان سەروەت

 

کێشەکانی کفری کە ئێستا ناڕەزایەتی لێکەوتوەتەوە، کێشەی رۆژ و مانگ و ساڵ نییە، بەڵکو کێشەی کەڵەکەبوی چەندین ساڵی حکومڕانی ئەم دو حیزبە دەسەڵاتدارەیە.

رێک لە  15/10/2012 ئەوکات چەند ھاورێیەکی شار بە بیروبۆچونی جیاوازی سیاسیمان سەردانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانمان کرد کە دکتۆر ئەرسەلان بایز بو؛ خەمەکانی کفریمان بۆ باسکرد  کە ئەوکات کردنەوەی کۆلێژ و ئاوڕدانەو و خزمەتی زیاتر و پڕۆژە و شوێنەوار بوو ، ھێندەمان باسکرد سەرۆکی پەرلەمانی ئەو سەردەمە دکتۆر ئەرسەلان بایز وتی قبوڵم بکەن نفوسم بکەمە کفری وەک ئێوە دیفاعتان لێ بکەم، ئێستاش چاوەرێی ئەو دیفاعەین و ھیچی نەکرد.

 ⁃ لە 20/10/2012 سەرۆکی حکومەتی ئەوسای ھەرێم  نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شاندێکی وەزاری ھاتە کفری و لە ھۆڵی رۆشنبیری کفری کۆبونەوەی کرد و  کۆمەڵێک بەڵێنیدا و سەردانی قەیسەری کفری و کۆشکی مەجید پاشای بابانی کرد و بەڵێنی دا  نۆژەنیان بکاتە و رۆژێک دوای ئەوە لە 21/10/2012 چەند ھاورێیەک لە سەرجەم لایەنەکانی کفری  لە شاری کەلار لەگەڵی کۆبوینەوە بە ئامادەبونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانی ئەوکات ، بەڵێنی دا کە سەرجەم داواکانی کفری جێبەجێ بکا، تەنانەت وتی بچۆ لەKNN  بڵاوی بکەرەوە،  ئێستاش ھەر چاوەرێین و جێ بەجێی نەکرد بەمەرجێ ئەو سەردەمە پارە ھێندە زۆر بو نەیان دەزانی چۆن خەرجی بکەن.

 ⁃  لە 28/9/2021 جێگری سەرۆکی حکومەت قوباد تاڵەبانی بە یاوەری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و قائیمقام و سەرکردایەتییەکانی یەکێتی لە سنورەکە ھاتە مەکۆی کفری کە ئەوکات  لەسەروبەندی بانگەشەی ھەڵبژاردنی ھاوپەیمانی کوردستان بوین،  ئێمە رێک کۆپی داواکانی رێکخراوی پاڵپشتی کفریمان رادەست کرد و بەڵێنی دا کە کاری لەسەر بکات و جێ بەجێی بکات . ئێستاش ھەر چاوەروانین جێبەجێ بکرێت .

 ⁃ بۆیە ناڕەزاییەتیەکانی کفری ئەگەر پێشتر بە یاداشت و نوسین و کۆبونەوە بوبێت ئێستا ھاتوەتە سەرجادە و بوە بە داوای خەڵک . رێکخراوی پاڵپشتی کفری کە تەعبیر لە دانیشتوانی شاری کفری دەکات پێویستی بە پشتیوانی ھەمو لایەکە بۆ ئەوەی ھەمومان بەیەکەوە شارەکەمان ببوژێنینەوە، چونکە کفری دیموگرافیاکەی مەترسی لەسەرە  شارێک سەدان ساڵ مێژوەکەی بێت و شۆڕش و سەنگەر نەبێت قوربانی تیا نەدابێت ئێستا ئەوا پەراوێز و فەرامۆش بێت کێ لێی بەرپرسە .

 • ئێستا دەرکەوت کێ بەر پرسە لە فەرامۆش کردنی ئەم شارە کە دەیان ساڵە ھەمان داوای ھەیە .