کانی: هونەر لە کوردستان بۆتە لەشفرۆشی

 

 

 

‌وێنەیەک لە هەژماری هونەرمەند کانی وەرگیراوە لەگەڵ شاعیری گەورەی کورد شێرکۆ بێکەس

 

هونەرمەندی گۆرانیبێژی دیاری کورد کانی لە نوێترین بڵاوکراوەیدا سەبارەت بە هونەری کوردی دەڵێت" هونەر لە کوردستان بۆتە لەشفرۆشی". 

کانی لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە" مۆد مۆدی لەشفرۆشە، لەشفرۆش بە بەرچاوی هەموو دنیاوە، لە شفرۆشی بە هێزی گرتنی چەمکێکی زیندوو و لە کەدارکردنی، لەشفرۆشی بە بیانووی فەرهەنگ و هونەر، ئەوەی لە وڵاتی مندا دەگوزەرێ لە هیچ جێیەکی دنیادا جێگەی نابێتەوە و ڕێ پێدراو نییە، مەبەستم لەشفرۆشی نییە بەڵکو بە بیانووی هونەرەوە لەشفرۆشی کردن و کەمکردنەوەی، سوکایەتی پێکردنی ئەدەب و پەروەردەیە". 

کانی دەشڵێت" ئەوەی لە کورستان و باشوور دەگوزەرێ بە بەرچاوی هەموانەوە لە کەدارکردنی ئەخلاقی هەرهەموومانە لە کەدارکردنی  زمان و ئەدەب و ژنێتی هەرهەموومانە". 

 

کانی یەکێکە لە گۆرانیبێژە دیارەکانی کورد و دەنگێکی ڕەسەن و پێگەیەکی جوان و باشی لە نێو هونەری کوردیدا هەیە و بە هونەرمەندێک ناسراوە کە هونەرێکی جدی پێشکەش بە هەوادارەکانی دەکات.

دەقی پەیامەکەی کانی بەمشێوەیە: 

مۆد مۆدی لەشفرۆشە.!

لەشفرۆش بە بەرچاوی هەموو دنیاوە

لەشفرۆشی بە هێزی گرتنی چەمکێکی زیندوو و لەکەدارکردنی.

لەشفرۆشی بە بیانووی فەرهەنگ و هونەر..

ئەوەی لە ووڵاتی مندا دەگوزەرێ لەهیچ جێیەکی دنیادا جێگەی نابێتەوە و ڕێ پێدراو نییە، مەبەستم لەشفرۆشی نییە بەڵکو بە بیانووی هونەرەوە لەشفرۆشی کردن و کەمکردنەوەی.. 

سوکایەتی پێکردنی ئەدەب و پەروەردەیە

سوکایەتی کردنە بە زمانی دایک 

سوکایەتی کردن بە بەهاکانی ئنسان

ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێ تەنانەت سوکایەتی کردنە بە خوێنی شەهیدان

سوکایەتی کردنە بە کەسوکاری ئەنفالکراوان

گاڵتە پێکردنی قرچەی دڵی  ئەو دایکانەی بە هەزارەها کوڕیان لە دەریاکاندا خنکا..

گاڵتەپێکردنی هەموو ئەو مرۆڤانەی بەهۆی کوردبونیانەوە ئاوارە و دەربەدەر بوون…
 

گاڵتە پێکردنی هەست و هاواری ئەو مرۆڤانەی بە هەزارەها شەوی تاریکی غوربەت بیری ئەو نیشتمانەیان کردووە…کام نیشتمان.؟ 

(نیشتمانی لەشفرۆشان)؟!!.
 

بوونی ئەم گروپانە لە خەڵک کاریگەرییان تەنانەت لەسەر سروشتی ژنبوون دروستکردووە، ژنەکانی ووڵاتی من چێژی ژنبوون نابەن سروشتیان تێکداوە و ڕەتیدەکەنەوە،  نە ژنێ دەخوازێ منداڵیک  بە سروشتی بهێنێتە دنیاوە و چێژی بوون ببات، نە ژنێک دەخوازێ شیر بدا بە کۆرپەکەی و چێژی شیرینی ئەو کاتانە ببات و نە ژنێکیش دەزانێ پڕ بە دڵ و هەستی قووڵی بونییەوە پیاوێک لە ئامێز بگرێ.. 

ژنبوونیان وێران و سەرگەردان کردووە کەسیش هیچ ناڵی و هەمووش هەوڵ دەدەن لەوان بچن..
 

شەرمەزاری بۆ سیستمێک کە سڕ و بێئاگا لەو زەبرە گەورانەی لە تاکی کورد و نەوەکانمان ئەدا بێئەوەی کەس خۆی بە بەرپرسیار بزانێت بەرامبەر ئەم لێشاوی لەشفرۆشی و بێئاگاییەی مرۆڤی کوردی تێکەوتووە.
 

لەهەمووی سەیرتر ئەوەیە هەرچی لەو کوردستانەدا دێتە پێش وەک بڵقی سەر ئاو هەڵئەتۆقێ هەمووی قبوڵکراون، هەموو بە دڵێکی گەورەوە پێشوازیان دەکەین بێئەوەی بەها مرۆییەکان لەبەرچاو بگرین، 
 

ئەوەی لە کورستان و باشوور دەگوزەرێ بە بەرچاوی هەموانەوە لەکەدارکردنی ئەخلاقی هەرهەموومانە لەکەدارکردنی  زمان و ئەدەب و ژنێتی هەرهەموومانە….

بێ حەیایی باوە ئەمڕۆ قوڕ بەسەرداکا حەیا

کەندەڵان سەربەرزو شادە خۆی بشارێتۆ چیا

گوڵ ئەگەر ئەقڵی ببێ سەر لە خاک ناکاتە دەر

چونکە ڕۆژی دڕک و داڵەو گەرمی بازاڕی گیا

با لە هەورا سەرنقوم بن مانگ یان خۆری جوان 

شەمشەمەکوێرەش ئەڵێ من نامەوێ شوعلەی ضیا

ئەی فەلەک ڕاستۆ نەبی بۆ ڕێک و پێکی دەورەکەت 

گورگ ئەبێتە شوانی ڕان و دز ئەبێتە ئەولیا

نێرەگا جوتێ ئەبەیتە ڕیزی لوقمانی حەکیم

فەیلەسوفێکیش ئەخەیتە دەس چەپۆکی ئەشقیا

قانع

سەرچاوە : سپی میدیا