بورهان ئەمین - ئەڵمانیا
لە هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی ئەڵمانیادا کە رۆژی 23/2 بەڕێوەچوو، لە کۆی 14 کاندیدی کورد لەنێو 1700 کاندیدی لایەنەکان و لەسەر لیستی پارتە جیاجیاکاندا 7 کوردی پارچەکانی کوردستان دەنگی پێویستیان هێناو بوون بە پەرلەمانتاری خولی 21 ـەمینی پەرلەمانی ئەڵمانیا، جێی باسە ئەو کوردانە هاووڵاتیی ئەڵمانیان، بەڵام بەڕەگەز کوردن و بەبێ پشتیوانی هیچ لایەنێکی کوردی سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، کوردستانی نوێ بەگەرمی پیرۆزباییان لێ دەکات.
سەردار یوکسەل
تەمەنی 51 ساڵە، خەڵکی کوردستانی باکورەو لەئەڵمانیا لەدایکبووە، لەساڵی 1989 وە ئەندامی پارتی سۆشیال دیموکراتە.
قاسم تاهیر ساڵح
تەمەنی 32 ساڵەو خەڵکی زاخۆیە، لە 2003وە هاتوونەتە ئەڵمانیا، شەش ساڵە ئەندامی پارتی سەوزی ئەڵمانییە.
گۆکای ئەکبەلۆت
تەمەنی 43 ساڵەو خەڵکی کوردستانی باکوورە، لە 2008 ەوە ئەندامی پارتی چەپی ئەڵمانییە.
فاروق کۆچاک
تەمەنی 45 ساڵەو لە بەرلین لە دایک و باوکێکی کوردی باکوور لەدایکبووە، لە ساڵی 2016وە ئەندامی پارتی چەپی ئەڵمانییە.
جەم ئینجە
تەمەنی 32 ساڵەو دایک و باوکی کوردی باکوورن، ماوەی 10 ساڵیشە ئەندامی پارتی چەپی ئەڵمانییە.
میرزا ئیدیس
تەمەنی 53 ساڵە و لە دیوسبۆرگ دادەنیشێت، خەڵکی کوردستانی باکوورە و کاندیدی دەرچووی پارتی چەپی ئەڵمانییە.
چانسۆ ئۆزدەمیر
تەمەنی 36 ساڵەو لە هامبۆرگ لەدایکبووە، لە 2011وە بۆتە ئەندامی پارتی چەپ و ئەوکات بچووکترین ئەندامی پارتەکەی بووە.
سەرچاوە : کوردستانی نوێ