نوری بێخاڵی
هاوشێوەی هەموو هەڵوێستەکانی پێشوویان لە بۆنەی جیاوازدا، ئەمجارەشیان لە پەیامی پیرۆزباییەکەیاندا لە ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە: "وهك چۆن یهكڕیزی و تهبایی، هێز و بنهمای شۆڕشی ئهیلوول بوو، لهم یادهشدا جهخت له یهكڕیزی و تهبایی و یەکترقبووڵکردن و هاوكاریی نێوان تهواوی هێز و لایهن و پێكهاتهكانی گهلی كوردستان دهكهینهوه."
پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە هاوکاتە لەگەڵ قووڵبوونەوەی کێشە و قەیرانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی فیدراڵیی عێراق، ئەگەر بە دیوێکدا وەک فاکت و ئەرگۆمێنت و ڕاستییەکی نکۆڵی لێنەکراو، بڕوبیانووگرتنی بەغدا بێت بە هەولێر و سەرچاوە لەو عەقڵیەتە سیاسییە شۆڤینییە وەربگرێت، کە خەون بە دووبارە سەنتڕالیزەکردنەوەی دەسەڵات و بڕیاری سیاسیی لە عێراقدا دەبینێت، بەڵام دەبێ بوێریی ئەوەشمان هەبێت ددان بەو ڕاستییەدا بنێین، کە هۆکارێکی سەرەکی و بنەڕەتیش لەم کەڵەگاییەی بەغدا، ناتەبایی و لێکترازان و پەرتەوازەیی نێو ماڵی خۆمان، یەکترنەخوێندنەوەمان، قۆڵبادانی یەکدی و پاشقۆڵ لە یەکتر گرتنمانە.
لەم ڕوانگەیەوە، جەختکردنەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیاندا لەسەر ئەوەی کە "یەکڕیزی و تەبایی تاقه ڕێگهی هێنانهدیی ئێستا و داهاتوویهكی باشتره بۆ گهلی كوردستان." بە پلەی یەکەم، لەو ڕاستییە تفت و تاڵەی دووەمیانەوە سەرچاوە دەگرێت.
لە مێژووی دوور و درێژی دنیا نا، تەنیا لە مێژوویەکی نزیکی ناوچەکەمان ورد ببنەوە، لەوە تێ دەگەین، کە لەناو کێشمەکێش و ململانێ سیاسییەکاندا، زۆربەی کات کورتبینیی سیاسی، بەرچاوتەنگیی ئایدۆلۆژی و غروور، چارەنووسێکی ڕەشیان بۆ گەلان بەدوادا هاتووە!
ئەوە هیچ کە رەتکردنەوەی بەیەکەوەهەڵکردن و کاری پێکەوەیی و یەکتر نەخوێندنەوەی ناوخۆییمان لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ، سەریان بە قوڕی چ کارەسات و نەهامەتییەکدا کردووین، تا ئەو ئاستەی هیچ کەس ئیرەییمان پێ نەبات. وەکووتر، نەچوونە ژێر باری ئامۆژگاری و یارمەتیی دۆستانەی هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانمان، جۆرێکە لە ڕیسک و سەرکێشییکردن بە ئێستا و ئاییندەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە پرسەکانی ئاشتەوایی سیاسی و یەکسختنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا.
ڕاستییەکەی، کۆتاییهێنان بە ململانێی ناوخۆیی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوودا کە یەک ناوەندی بڕیاری هەبێت، زۆر زیاتر لە پرسی پشک و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراقدا بۆ کورد گرنگترە و دەبێت لە پێشینە و ستراتیژی هێزە سیاسییەکانیدا بن.
یاکۆ بیرێندز، کونسوڵی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، کە وڵاتەکەیان یەکێکە لەوانەی لەناو پرۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگەدایە. لەبارەی خراپتربوونی ململانێی ناوخۆیی نێوان پارتی و یەکێتی و کاریگەریی نەرێنی لەسەر پرۆسەکە، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی (ڕووداو)دا بە ڕاشکاوی باس لەوە دەکات، کە بەردەوامیی ناکۆکی و قووڵبوونەوەی زیاتری بێمتمانەیی لە نێوان پارتی و یەکێتی و نەبوونی ویستێکی سیاسیی جیددی، پرۆسەکەیان تووشی بنبەست کردووە و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە ئەگەر دۆخی ململانێ و بێمتمانەییەکە هەر وا بەردەوام بێت، ئەوا "بەدڵنیاییەوە هەردوو لایەن و حکوومەت بەگشتی، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەندێ لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیاندا لەدەست دەدەن.”
ئەم پەیامە ڕوون و ڕاشکاوەی ئەو دیپلۆماتکارە لەکاتێکدایە، کە پێشتر و ئیستاش، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی تری لە هەرێمی کوردستان، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، ئەم نیگەرانییەیان لە دۆخی ناکۆکی و پەرتەوازەیی ناوماڵی کورد و ئاستەنگ خستنە بەردەم پرۆسەی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، نەشاردووەتەوە و نایشارنەوە!
هەموو جارێک کە کێشە و قەیران و ناکۆکییەکانی نێوان عێراقی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان دەگەنە مریشکە ڕەشە و تۆنی بەغدا لە بەرامبەرمان نێرتر دەبێت، لێرە هەڕەشەی بەکارهێنانی کارتی فشار دەکەین.
بەڕاست کام کارتی فشار؟ کوا ئەو کارتە لە کوێیە؟ ئەگەر هەیە، بۆ کەی هەڵتانگرتووە؟
ڕاستییەکەی، ئێمە ئەگەر کارتێکی فشارمان لە ڕابردوو و ئێستا و بۆ داهاتووش لە بەرامبەر بەغدا هەبووبێت و هەبێت، تەنیا و تەنیا یەک کارتە، ئەویش کارتی فشاری یەکگرتوویی و تەباییی سیاسی و یەکڕیزیی نیشتمانییە، کە بەداخەوە زۆری نەماوە بۆ هەتاهەتایە ئەم کارتەش بە دەستی خۆمان بسووتێنین. کارتێک کە بە نەگەڕانەوە بۆی، نەک هەر پەنجەی پەشیمانی دەگەزین، بگرە لە بەردەم دادگای مێژوو و ویژدانی نەوەکانی داهاتووماندا، کوردبوونیشمان دەخەینە ژێر پرسیاری قورس!
سەرچاوە : سپی میدیا