شنۆ عوسمان
کێشەکە لەوەدایە، چەسپاندنی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بەژمارەی کوژراو دەسەلمێندرێت لەکۆمەڵگەدا. لەبەرئەوەی ناسینەوەی شێوازەکانی دیکەی توندوتیژی وجۆرەکانی بەهەند وەرناگیرێ، وەکو داب ونەریت سەیری دەکرێت، یان وەکوئەوەی شتێکی ئاسایبێت، بۆ نمونە: کەم نین ئەو ژنانەی قبوڵی دەنگ بەرزکردنەوەی پیاوان دەکەن، کەم نین ئەوژنانەی قبوڵی تەشهیرو جنێو وبێرێزی دەکەن لەژیانی رۆژانەیاندا لە شوێنی کارکردن وماڵەوەیاندا. کەم نین ئەوژنانەی رۆژانەی روبەروی لێدان وشکاندنی کەسایەتی و هەڕەشەلێکردن دەبنەوە.
کەم نین ئەو ژنانەی، بەراستەوخۆ لەکۆمێنت وپۆستەکانی ناو سۆشیالمیدیادا جنێو تەشهیروئیهانەیان پێدەکرێت لەلایەن خەڵکی ناسراو و نەناسراو. کەم نین ئەو ژنانەی لەناوبازارەکاندا دەستگێڕن کەلوپەل فرۆشن بە توندوتیژی دەکەون. کەم نین ئەوژنانەی لە بازارەکاندا بەر تانەو زمان زبری دەکەون. کەم نین ئەو ژنانەی لەبەر ئەوەی بە ئازادی دەژین بەر ئیهانەی تونرەوەکانی ئاینی دەکەون،کەم نین ئەوژنانەی کەیسی جیابونەوەیان هەیەو لە چاوەروانی لەدادگاکاندا ماندووبون ، ئەمانە باسی ژنانی نەناسراوی کۆمەڵگەن .
بۆکەیسی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، هیوامان سستبو کاتێک بینیمان ژنانی رۆژنامەنوس بەشداریکردنیان کەمیکردوە لەزۆر ئەو کۆنگرە رۆژنامەنوسیانەی ئەنجامدەدرێن، دەبینین خەریکە ژمارەی بەشداری رۆژنامەنوسی رەگەزی مێ زۆر کەم دەبێتەوە بەناوی بەریەک نەکەوتن لەگەل پیاوان، بەناوی پاراستن، بەناوی رۆژنامەنوسی پیاو باشترە بۆ ئەو کارانە. وابەرەوئەوەدەرۆین کە زۆرینەی ژنانی پەیامنێر بەشداریان پێناکرێت لەلایەن دەزگاکانیانەوە بۆ ئەوکارانەی هەستیارن و زۆرترین رۆژنامەنوسی پیاوتیایدا ئامادەیە بۆ روماڵکردن. بیانوەکەش ئەوەیە، نەک وێنەیەک ڤیدۆیەک بڵاوبێتەوە ئەودورەگەزەی نێرومێ بەریەککەوتبن! ئایا ئەگەر پیاوە رۆژنامەنوسەکان بەریەک بکەون ئاساییە لەرۆشنبیری کۆمەڵایەتیدا؟ بۆچی دەبێت ئەنجامدانی کاری میدیایی و بەدەست هێنانی زانیاری لەسەر بەرکەوتنی جەستە پێوانەبکرێت بۆ ژنانی پەیامنێر. بەڵام بۆ رەگەزی نێر بەسەرکەوتن و چەسارەت پێوانە بکرێت لەکارەکەیدا.
سەرچاوە : خەندان