کاریگەریی دەنگدەری ژن لە هەڵبژاردندا

 

 

 

سۆما خالید

 

ژنان نیوەی دانیشتووانی وڵات و کۆمەڵگا پێکدەهێن. بەشداریکردن و ئامادەبوونیان لە گۆڕەپانی سیاسەت گرنگە و ژنان تیادا ڕۆڵی سەرەکی دەبینن، بەشداریکردنیان وەک  دەنگدەری ژن بەیەکێک لە بنەماکانی مافی کەسێتی دادەنرێت. 

هەرچەندە ژنان لە نزمترین ئاستی چالاکی سیاسی بەشداریان کردووە و کەمتر وەک چالاکوانی سیاسیی هاتوونەتە گۆڕەپانی سیاسەت، سەرەڕای ئەوەش کاریگەرییان هەبووە، بۆیە پێویستە لەم هەڵبژاردنەشدا ئامادەبوونێکی بەهێزیان هەبێت کە چارەنووسی هەمووانە و ژنان بە تایبەت. 

ژنان و کچان ڕۆڵی کاریگەر و یەکلاکەرەوە دەگێڕن لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و سیاسییە جۆراوجۆرەکاندا و نیوەی سەرکەوتنەکانی شۆڕش دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵ و کۆششی ئەوان و بەشداری چالاکانە لەهەڵبژاردنەکاندا یەکێکە لەو بوارانەو ژنانی نوخبەی دەتوانن بە ڕوونکردنەوەی دروست و لۆژیکیانە هۆکارەکانی بەشداریکردن لەهەڵبژاردنەکاندا بۆ خێزان و هاوڕێ و هاوپیشەکانیان باس بکەن و هانی حەڵک بدەن بۆ بەشداریکردن لەهەڵبژاردنەکاندا.

ژن بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دایکە و دایک ناوەندی خێزانە، دەتوانێت منداڵەکەی بە پرۆسەی هەڵبژاردن ئاشنا بکات و ئەگەر چی تەمەنی گونجاو نەبێت بۆ هەڵبژاردن بەڵام دەتوانێت بۆ داهاتوو لە بەرانبەر هەڵبژاردن و ئەرکە سیاسییەکە هۆشیار بێت.

ژنان بە ئامادەبوونیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان دەتوانن کۆمەڵگایەکی تەندروستر بنیاد بنێن و ببێتە هۆی گەشەکردن و پێشکەوتنی کەلتووری کۆمەڵگا، لەبەر ئەوەی ژنان تاکی کاریگەر 

لە کۆمەڵگادا دروست دەکەن و بەهێزیان دەکەن، هەروەها منداڵی ڕۆشنبیر و زانا و هۆشیار پەروەردە دەکەن، دەتوانن کاریگەر بن لە چاکسازی و بەرقەرارکردنی هاوسەنگی لەم بوارەدا.

بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیە. دەنگدان بە بەربژێرە ژنەکان دەنگدانە بە هەموارکردنەوەی یاساکان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کۆمەڵگەی ژنان، سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنی یاساکانی ئێستا و داهاتوو پەیوەست بە کۆمەڵگەی ژنەوه.

زۆر کات ژن دەکەوێتە ژێر کاریگەری پیاو وەک هاوسەر و برا و باوک کە ڕێگرە لەوی دەنگ بدات یان دیاریکردنی بەربژێر بە دڵخوازی خۆی نییە. بەڵام ئەگەر ڕێگە بدرێت ژنانیش هاوشێوەی پیاوان خاوەن بیرورای جیاواز بن و بەخواستی خۆیان بەربژێر هەڵبژێرن، ئەوە دەبێتە هۆی دەستەبەر کردنی یەکسانی و کەسانی بەهێز و ژنانی کاریگەر.

سەرچاوە : سپی میدیا