ن/ کانی کوردستان
دایک : کچم بۆکوێ دەچی ؟
کچ : دەچمەدەرەوە .
دایک: دانیشە دەرەوەی چی ، دنیا شێواوە بۆکوێ دەچیتە دەرەوە !
( دەنگی هاتنی پەیامی مۆبایلەکە هات )
کچ : لەگەڵ هاوڕێکانماپێکەوە تادەرگای سەرەکی پارکی سەر شەقامەکەدەچین .
دایک : لەوێ چی دەکەن ؟
کچ: کاژێری 6 تەک هەمووهاوڕێکانم لەوێ کۆدەبینەوە.
دایک : ئەوشتانە چی یە لەناو کۆڵە پشتەکەتا ؟
کچ: هەندێ نووسینە... بەپرینتەرەکەی ماڵەوە چاپم کردون ئەشێ تەک خۆما بیبەم !
دایک : ئادەی بیانبینم بزانم چی نووسراوە ...
کچ ؛ دایەگیان کاتم نی یە ، هاوڕێکانم چاوەڕوانن
دایک : کچم ئاخرحەز دەکەم بزانم چی نووسراوە..
کچ: باشە خێرا پیشانت ئەدەم ،دەبێ زوو بڕۆم ،ئەوە چەند جارە پەیام دەنێرن !
دایک یەکە یەکە بۆدڵنیا بوون تەماشای دەکردن ودەیانخوێنێتەوە...
ئەرێ..ئەم وێنانە دەناسمەوە :ئەمانە گشتی وێنەی شەهید ژینایە دایکت بمرێ ،چەند خوێن شیرینە
ئەوانی کە بە ووردی دەخوێندەوە، یەکێکیان نووسرابو :
یەکسانی ومافی مرۆڤ.....
هەلی کار بۆگەنجان .....
هەمومان ژیناین، مەرگ نامان ترسێنێ ...
( دەنگی هاتنی پەیامی مۆبایلەکە هاتەوە )
خۆێندنی زمانی دایک مافی سەرەتایی ویاسایی هەموو کەسێکە....
ئازادی ڕۆژنامەگەری ڕادەربڕین.....
ئێمەی کورد چیتر هاوڵاتی پلە دوو نین....
ژن –ژیان- ئازادی .....
مەرگی ژینا زەنگی ئاگادارکردنەوەیە بۆ مێشک بەسستووەکان .....
- دایک : باشە کچم ئەمانە بۆکوێ دەبەی ، چیان لێدەکەن ؟
- کچ: دایە گیان ئەمانە دروشمن ،داواکاری ئێمەیە لەم دەسەڵاتە دکتاتۆرە.
- دایک: کچم بۆ خاتری خوا ، کاری وامەکەن، نازانن ئەمانە ئاسنی سارد کوتانە ، تەنها بەمانە دواییمان پێدێ و ماڵمان وێران دەبێ ....ئەمانە بێ سوودن ،ئاخر ئێوە ناترسن لەم زاڵمانە ؟ دەی پێمبڵێ سوودی چیە ؟
- گوێتان لێدەگرن ؟ بەقسەتان دەکەن ...؟ پێتان وایە ئاوڕتان لێئەدەنەوە ؟دەڵێن وەرن ها فەرموون ....! کچم دانیشە تووشی دەردەسەریمان مەکە باپیرەت نەخۆشی دڵی هەیە ،باوکت لەژوورەکەی ئەودیو وا بەدیاریەوە یە، بەرگەی نەهامەتی وخەفەت ناگرێت .. دانیشە بەخوا ئێستا دەچم بەباوکت دەڵێم !
- کچ: بچۆ پێ ی بڵێ ......وامن دەڕۆم ،من وهاوڕێکانم بڕیارمان داوە دەبێت بڵێسەی مەشخەڵەکەی ژینا خامۆش نەکەین، تاکۆتایی یەکی پڕ شکۆ بۆ داستانی گشت ژیناکان مسۆگەر دەکەین .
- ئیتر بەسە دەبێت کۆتایی بەفرمێسکی دایکانی ژیناکان بهێنرێت ...من و هاوڕێکانم دەمانەوێ منداڵی ژیناکان بەئازادی لەدایک ببن ، بەزمانی دایکی کوردی بخوێنن، بەیەکسانی وەک مرۆڤ بژین ، کاریان هەبێت ،لەژێر بنمیچی ماڵەکانی خۆیان شەو بەئارامی بخەون ، لەم ووڵاتە چیترهاوڵاتی پلەدوونەبن ...دەمانەوێ منداڵەکانمان لەپاشەڕۆژدا ئازاد بن ، زمانیان قفڵی لێنەدرابێ ولەترسی شەولەبانی زیندانی وئەشکەنجە وکوشتن ،لەرزۆک و لاڵ نەبن .... ئەمانە ئەرکی مێژوویی ونیشتمانی سەرشانی ئێمەیە بەرامبەر نەوەکانی داهاتومان ! نا ئێمە نامانەوێ منداڵەکانمان گلەییمان لێبکەن
- ( دەنگی هاتنی پەیامی مۆبایلەکە هاتەوە )
- کچ بەگرژی یەوە تەماشایەکی مۆبایلەکەی دەکات !
- کچ : دواکەوتم دەبێ بڕۆم ....
- کچ (پاش کەمێ ڕاوەستان تێڕامان لەدایکی) : فەرموو ....ئێستا بڕۆ بەباوکم وباپیریشم بڵێ، بەڵام لەبیرت نەچێ توخوا پێشیان بڵێ کچەکەتان وادەچێ ئەوکارە ئەنجامبدات کە چەند ساڵە تۆوباپیرەم گوێ ی خۆتان لێ خافڵ کردوهەمیشە بەتەمای خوابوون خواردنەکە بکات بەدەمتانەوە...وئەنجامی بدات بۆتان هەمیشە چاوەڕوانی هێزێ بوون لەدەرەوەی توانای مرۆڤەکان بێت و بتانکات بە خاوەنی نیشتمانی خۆتان....بڵێ ئێوە نەتانوێرا توخنی کەون ، چونکە ئێوە لەمێژە ئاڵای سپیتان هەڵکردووەو ئەوحوکمەتان دابووبەسەر خۆتان کەهەرگیزاوهەرگیز ناتوانن ئەنجامی بدەن ! وە هەمیشە بیانوی ئەژنۆ شکێن وڕوخێنەرتان ئامادە هەبووکەئەم کارەنەکەن ! پێشی بڵێ ئێوە دوای خۆشگوزەرانی خۆتان کەوتن و ملتان شۆڕکردەوە بەدیار نانە ڕەقەیەکەوو هاوسەرگیریتان کردو منداڵتان بەلێشاو دروستکرد تا بیاندەن لەماشینی چەرخکردنی گۆشتی ئەم ژیانە کولەمەرگییە ! منداڵەکانیشتان وەک خۆتان بە کەڕولاڵی وتۆقیو دروستکرد ! بەڵێ ئێوە مێگەلتان دروست کرد نەک مرۆڤ..
- ئێستا تێگەیشتی ئەرکی ئێمە چەند سەختە ،بەڵێ ئەرکمان دروستکردنی نیشتمانێکە بۆهەموان بێ جیاوازی بەئازادی وسەربەرزی ویەکسانی تیا بژین تا هەستی خۆشویستن وشانازی بەخاک ونیشتمانمان فێربکات ، هەستێ تائێستا نەئێوە ونەئێمە نازانین تامی چۆنە !
- ( دەنگی هاتنی پەیامی مۆبایلەکە هاتەوە )
- ها دایە ....ئێستا دەچی بەباوکم وباپیرم بڵێ ی یان خۆم بچم پێ یان بڵێم ؟
- دایک ( بەچاوی پڕفرمێسکەوە) : ناکچە نازدارەکەم من هەست بەئازارەکانتان دەکەم ، ئەگەر وادەردەدار نەئەبووم دەهاتم تەکتان ،کچم لێم ببورە من دایکم ، بەڵام هیچم لەدایکی ژینا زۆرترنیە ! پێمخۆشە بێم تەکتان بەڵام لێمگەڕێن من ئەو دروشمە هەڵبگرم کەنووسراوە (خۆێندنی زمانی شیرینی دایک مافی سەرەتایی ویاسایی هەموو کەسێکە) جونکە من گەوج بووم فرە ڕێگریم کردووە لەفێرکردنی زمانی شیرینی کوردی بەتۆ وخوشک وبراکانت ... دەمەوێ ئەم قەرزەی سەرشانم بدەمەوە !
- کچ : دایەگیان من بەختەوەورم کە لەیەکەم هەنگاومدا لە پڕۆسەی( شۆڕشی ژینا )توانیم قەناعەت بەدایکم بهێنم وهەستی کوردایەتیت تیا ببزوێنم ....بێنە دەستت ماچ کەم ....خێراکە بازوو بڕۆین هاوڕێکانم چاوەڕوانن ،کاری زۆرمان لەپێشە ئەآشێ ئەنجامیان بدەین ، دایە گیان داوای سەرکەوتنمان لە خوای گەورە بۆبکە نزای داایک گیرایە بابڕۆین ....دەست لەدەس وپشتیوانی لەخوا ....