کاتێك زاناکان لە سیاسییەکان دەبەنەوە و رۆبۆت ده‌بێت به‌ سەرۆکی وڵات

نەوزاد جەمال

 

ئایا زاناکان دواجار گرەوەکە لە سیاسییەکان دەبەنەوە و بە رۆبۆتەکان، جێ بە سەرکردەی وڵاتان لێژدەکەن؟ بەلای کەسێکەوە کە هێشتا چارەنووسی مووچەکەی گرنگتریینە، ئەم پرسیارە وڕێنە، یان جۆرێکە لە خەیاڵی زانستی.

بەڵام، پێشکەوتنی خێرای تەکنۆلۆژیای 'زیرەکیی/ مێشکی دەستکرد' نەک شۆڕشێکیترە، بەڵکو جیهانێکی جیاوازتر دەهێنێتە ئاراوە، کە مرۆڤ خۆی بە دەستییەوە گیرۆده‌ ده‌بێت.

بەردەوام، فەیلەسوفەکان بۆچوون و ڕا ی جیاوازیان لەسەر پەیوەندی و ڕۆڵی 'هۆش' و ئاگایی و ئەقڵ، بە واقیعەوە هەبووە. ئێستاش، کە ژیریی دەستکرد لە برەودایە، ده‌كرێت جێی هۆش و ئەقڵی مرۆڤ بگرێتەوە.

كێبڕکێیەکی خێرا لەنێوان زلهێزەکان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکاندا هەیە: چۆن هێزی 'زیرەکیی دەستکرد' لە دەستدەرنەچێت. پەرلەمان و ناوەندەکانی بڕیار لە ئەورپا سەرقاڵی پرسیارێکی چارەنووسسازن: چۆن رێکاری پێویست بۆ ئەو پەرەسەندنانە دابنرێن؟

لای سیاسی و چالاکوانانی ژینگەپارێز، ئەو هەڕەشانەی بەهۆی ئەو تەکنۆلۆژیاوە دووچاری مرۆڤایەتیی دەبن، چارەنووسسازن. هەر لە نەمانی تایبەتمەندێتی تاک، گلدانەوەی زانیاری کەڵەکەبوو -مێگاداتا- و ئاراستەکردنی رەفتار و بیرکردنەوەی دەنگدەر لە هەڵبژاردنەکان، مەترسییەکانی سه‌ر پەروەردە و فێرکردن و هتد... هەموویان هەڕەشەی بوونەکین.

ترس و نیگه‌رانییه‌کان لەوێوە سەرچاوە دەگرن؛ توانای رۆبۆتەکان و ژیریی دستکرد لە مرۆڤ سەرترە. لێکدانەوەو خوێندنەوەی چەندین داتا، هەزارانجار لە مرۆڤ خێراترە؛ چیتر ئەمە رکابەرێکی ئاسان نییە. بوونەوەرێك بەچەند چرکە و خولەکێك، ملیۆنەها داتا کۆبکاتەوە و شرۆڤە بکات و وەڵامیش بداتەوە، داچڵەکێنەرە. "موعجیزە"یەکە، کە توانا و خێرایی دەستگەیشتنی بە داتاکان لە هەموو لایەک و لە یەککاتدا، مرۆڤایەتی دەباتە قۆناغی پاش هەژموونی مرۆڤایەتییەوە. دۆخی تەکنۆلۆژیای نوێ/ زیرەک، قۆناغی پاشمرۆییە.

لەبەرئەوە، پێویسته‌ جارێکیتر بیر لە "مرۆڤبوون" بکەینەوە. چیتر، مرۆڤ دروستکراوێک نییە وەک ئەوەی لە ئەفسانە و چیرۆکە ئایینییەکاندا هاتووە. بەڵکو، خۆی دروستکەر و بەدیهێنەری "هەبوویەکی باڵایە" کە لە خۆشی زیرەکترە!

ئەمەش تەواو پێچەوانەی بۆچوونەکەی 'جۆن مەکارتی'(١٩٢٧-٢٠١١)یە- یەکێکە لەباوکانی دامەزرێنەری زیرەکی دەستکرد- کە پێیوابوو؛ زیرەکی دەستکرد نموونەیەکی بیرکردنەوەی لۆژیکییە و ده‌كرێت بەهۆیەوە و بە لاساییکردنەوەی مێشکی مرۆڤ، بیرکردنەوەیەکی ئەبستراکت پێشکەشبکات. لەبنەڕەتدا ئامرازێکی خزمەتکارە، کە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکانە و کۆنترۆڵەکەی لە دەستی مرۆڤدایە.

بەڵام، لەم قۆناغەی پێشکەوتنی مێشکی دەستکردا، ئەوەش وانییە. ململانێی زانیاریی و کۆکردنەوەی داتای جیاواز لە رێیی کامێراکانی چاودێریی کۆڵان و شەقام و شوێنە گشتییەکانەوە، تا سیخوڕیکردن بەسەر بەکاربەری مۆبایلەوە، سەردانیکردنی تۆڕەکان و بەکارهێنانی ئەپڵیكه‌یشنەکان، بەشێکی تری ئەو مەترسیانەن.

واڵابوونی تۆڕەکان بەڕووی بەکاربەردا، وەک "ڕۆکردنی دانە بۆ کۆترەکان" کە چاودێریکردن و زانیاریی لێوەرگرتنی تێدایە. ئەمەش نیگەرانیی چالاکوان و بیرمەند و فەیلەسوفەکانی بەرامبەر تەکنۆلۆژیای زیرەک زیادکردووە.

چونکە، ئیدی بەرەو سەردەمێکیتر دەڕۆین: سەرهەڵدانی فۆرمێکیتری 'دەسەڵاتداریی ڕەها' لە ڕێی تۆڕەکان و بە پشتبەستن بە داتاکان. کۆمپانیا زەبەلاحەکان، کە بکەرێکی نادەوڵەتیین پەرە به‌ تەکنۆلۆژیای زیرەک دەدەن. لە 'دۆڵی سلیکۆن -ڤالییەوە' تا چین و ئەڵمانیا و شوێنیتریش، ئەم کۆمپانیایانە دەبنە ڕکابەری دەسەڵاتی 'پەنتاگۆن' و 'کۆشکی سپی' و 'پەرلەمانی ئەورپا' و هتد...

بڕیاری قەدەغەکردنی 'تیکتۆک' لە ئەمریکا، کاردانەوەیەکە، کە ئەو 'ئەپە' بە هەڕەشەیەک لەسەر "دیموکراسیی" دادەنرێت. بۆیە، بەردەوام میکانیزمی چاودێری بۆ ئەو تەکنۆلۆژیایە دادەڕێژرێت. تەنانەت، چالاکوان و کەسێتییەکان پێیانوایە، ئیتر پێشخستن و پەرەپێدانی تەکنۆلۆژی بەسە؛ پێوستمان بە سیاسییەکی لێهاتوو هەیە، کە بەرامبەر هەڕەشەکانی تەکنۆلۆژیا لەسەر ژینگە و ژیان، بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات.

بەڵام، تاقیکردنەوەی زانستی ناوەستێ. تادێت ژیانمان پتر لە واقیعی ئەندێشەیی -ڤیرتواڵ ریاڵیتی-ەوە، نزیک دەبێتەوە. بۆ ئەوەش بوونەوەری کارزان و لێهاتوومان پێویسته‌. چی ده‌بێت ئەگەر رۆبۆتێك وڵاتێک بەڕێوەببات؟ باشتر نییە کاتێ داتای بەلێشاو لەسەر ژیان و گوزەران، تەمەن، جۆری خۆراک، شوێنی نێشتەجێبوون، تەندروستی، خوێندن و داهات و هتد... لەبەردەستە و بەچەند خولەکێک دەتوانێ پلانی ساڵانەی وڵات دابڕێژێت؟

 ئەوەی سەیرنابێ ئەوەیە: مرۆڤەکان دەبن بە 'رۆبۆت' و رۆبۆتەکانیش دەبن بەبوونەوەرێك، کە ئاڕاستەمان دەکەن و بەئاسانی بەسەرماندا زاڵدەبن. لەبەرئەوەی زانیاریمان سنووردارە، بۆیه‌ هەندێ فشار و سنووری فیزیکی و دەروونیی وادەکەن کاراییمان لاواز بکەن. ده‌شێت ژیرییەکی دەستکرد، پتر شیاوی بەڕێوەبردن و ده‌وڵه‌تداری بێت. ئیتر دەبین بە رۆبۆتی ئامێرە زیرەکەکان.

لێرەوە، پرسیاری ئایا رۆبۆتی زیرەک دەکرێ ببێ بەسەرۆکی وڵات؛ راستەوخۆ پەیوەندی بە مووچەخۆرێکەوە هەیە: کاتێ رۆبۆتێک باشتر رەوشی ژیانی تاک و کۆمەڵ شرۆڤە بکات و بڕیاری لەسەر بدات، ئیتر ئەوە سەرۆکە نموونەییەکەیە!

سەرچاوە : ئاوێنە