کاتی دادگایی کردنی ریفراندۆمچییەکانە

 

3
بەهرۆز حاجی
 

ئەو ڕیفراندۆمەی بەناوی سەربەخۆیی لە ٢٠١٧ ئەنجامدراو،لە ئەنجامی یەکڕیزی کۆی حیزبەکانی کوردستان بوو، جگە لە نەوەی نوێ، قومارێک بوو، بەدۆزی ڕەوای گەلێکەوە کرا، بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای دەرەکی، ئەو ئەمیندار و سەرۆک حیزبانەی، بەڕۆژێک پێش ئەنجامدانی، بەڵێنی دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوییان بەکورد داو لەگەڵ کۆتایی قفڵی سندووقەکانی ڕاپرسییەکەدا، پەشیمان بوونەوە و وتیان بۆ سەربەخۆیی نییە!دەبێت دادگایی بکرێن،لەکاتی گونجاودا.

پێویستی لێپرسینەوەو دادگایی کردنی سەرانی بەڵێ بۆسەربەخۆیی،جگە لەبەڵێنی چەواشەکاری بە خەڵکی کوردستانی عێراق،لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە پێگەی هەرێمەکەیان لەنێو چوارچێوەی عێراقدا،بەرەو ڕۆژگارێکی سەخت برد،کە ڕۆژ دوای ڕۆژ میللەت باجەکەی دەدات.خراپبوونی گوزەران و بازاڕو بێ مووچەیی و وەستانی پرۆژەی خزمەتگوزاری و سست بوونی وەبەرهێنان ،بەشێکن لەلێکەوتەی قوماری ڕیفراندۆم.

وەلێ مانەوەی ئەو حیزب و کەسایەتییانەی ڕیفراندۆمیان ئەنجامداو بوونە هۆکاری داکەوتنی هەرێمی کوردستان لەهەموو سێکتەرەکانەوە،هێندەی تر بۆدواوە ڕۆیشتنە.

کەواتە جگە لەپێویستی دادگایی کردنی نێو قەفەزی ئەوانەی قومارەیان بەچارەنووسی خەڵک و خاکی گەلێکی خاوەن دۆزێکی سەدان ساڵەوە کرد،پێش ئەوە،دادگاییکردنیان پێویستە لەلایەن گەلەوە،کە هەڵبژاردنە،لەداهاتوودا،چونکە مانەوەیان لەدەسەڵاتدا،هاوشێوەی قومارەکەی خۆیانە،بۆ سەر هەرێم و گەلەکەشی.

سەرچاوە NRT