کابرایەکی کورد وازی لە گەرمیان و کوێستان...

کابرایەکی کورد وازی لە گەرمیان و کوێستان کردن هێنا و وتی: بۆ خۆم جووت و گا ئەکەم، یەک دوو ساڵ کردی شتێکی وای دەست نەکەوت. ساڵێکیان وتی: ئیمساڵ لەگەڵ خوادا ئەبم بە شەریک. بەو نیازەوە دەستی دایە، وەردی بڕی و بۆی چاند، گەنم دەستی هێنا بە خۆیا و زۆر باشی هێنابوو، کابرا هەموو جار لەگەڵ هاوماڵەکانیا ئەچوون بۆ سەیری دەغڵ و هاوماڵ پێیان ئەوت: ماشەڵڵا دەغەڵەکەت خاسی هاوردگە. ئەویش ئەیوت: بۆ چی گەمەیە؟ من لەگەڵ خوادا بووم وە شەریک!
گەنم هاتە وەختی دروێنە، دروێنەی کرد و خەرمان سوور بوو، هاتە سەر بەش کردن. ڕووی کردە خوا و وتی: ئەی تۆ هەقی سەپانی و وەرزێری و بنەتۆو نادەی؟ ئەبێ بیدەی! هێنای هۆڕێکی بۆ خۆی جیا کردەوە و هۆڕێک بۆ سەپان و بنەتۆوی گواستەوە بۆ ماڵەوە. هی خواش لەو دەشتە مایەوە. شەوی بە سەرا هات، وتی: وا چاکە تا خوا نەهاتووە بەشەکەی خۆی بگوێزێتەوە بچم لێی بدزم!

هەستا چوو بە بێدەنگ گایەکی دایە پێش خۆی و چوو بۆ گەنم، لە ڕێگەدا گاکە نەئەڕۆیشت، ئەمیش چوو بە ئەسپایی سەری نایە بناگوێی گاوە چپانی بە گوێچکەیەوە: دەویت باوک! من ئالیکت ئەدەمێ و کەچی لە خوا ئەترسی بۆیە ڕێ ناکەی؟ خۆ ئێستا دەسم بە سەریاگە ئەگەر ڕۆژم لێ بووەوە تۆوی حەجێکت پێ ئەکەم. بە هەر جۆر بوو گەیاندییە سەر گەنم و هەر بەو شەوە گەنمی گواستەوە، بەیانی چووە سەر شوێن خەرمانەکە و وەکو کەسێ نەیزانیبێ ڕووی کردە خوا و وتی: ها برا خێرا گەنمەکەت بەم شەوە گواستەوە، وات ئەزانی ئەگەر شەوێک بمێنێتەوە لێت ئەدزم.
ئەو ساڵە بەسەر چوو ساڵی دوایی دیسان ڕووی کردە خوا و وتی: با ئیمساڵیش بووینەوە وە شەریک! هێنای وەردی بڕی و تۆوی چاند و گەنم دەستی هێنا بە خۆیا، قەفی کرد و دانی گرت و پێگەیشت و دووریەوە، کوتایی و سوور بوو، خەرمان گەلێ لە هی پار زۆرتر بوو، ئێوارە وەختێک بوو وتی: با ئیمشەویش بڕوا، جا بەیانی بەشی ئەکەین.

بەشێکی شەو ڕۆیشت و نەڕۆیشت، هەورە چڵکنێکی هێناو کردی بە باران، بارانێکی زۆر قورس و لێزمە، کابرا ئۆقرەی لێ بڕا، هەر بەو شەوە چوو بۆ سەر خەرمانەکە، سەیری کرد دەنکی نەماوە هەمووی لافاو بردوویەتی! کتوپڕ لەو وەختەدا بروسکەیەکی هاوێشت، کابرا سەری بەرز کردەوە بۆ ئاسمان بۆ لای خوا وتی: چرای چی هەڵئەکەی، مەگەر گووی تیا ماگە؟ گوو وە ڕیش باوک ئەو کەسە لەگەڵ توا ئەوێ وە شەریک!