کابرایەک چووە لای مەلایەک پێی وت: قوربان ژنەکەم لەگەڵم خراپە پیاوی چاک بە، بەڵکوو تۆزێ ئامۆژگاری بکەی و کردەوەی لەگەڵم چاک ببێ. مەلا هەستا چووە ماڵیان و ژنەی بانگ کرد و پێی وت: خوشکم! شەرع ئەفەرموێ ژن ئەبێ لەژێر فەرمانی مێردی خۆیا بێ، تۆ نابێ چاوت لەوە بێ کە ئەم مێردەت چاوی کزە و کەچەڵە، دەستی کورتە و بەڵەکە، قاچی ئەلەرزێ و بۆنی دەمی دێ، زمانی ناخۆشە و پاشی بە جۆشە، دەستنوێژ ڕاناگرێ و دایم سەر خۆشە، لە قسە کردنا کەف ئەچەڕێنێ، لە وەختی نووستنا دەم ئەتەقێنێ! کابرا، کە ئەمانەی بیست وتی: هەڵستە، هەڵستە، بڕۆ خوا بتگرێ بۆ خۆت و ئامۆژگاریت، ئەو شتانەی کە تۆ بەم ژنەی منت وت ئەو گەلێکیانی نەئەزانی.