ڤینۆسی جوانی

گەرچی ئەڵێن خوای جوانی ڤینۆسەکەی یۆنانییە
من بەمە بڕوام نییە خوای جوانی کوردستانییە

ئەو نیگار و شۆخ و جوانەی لەم وڵاتەی ئێمەدان

باوەڕت بێ وێنەیان قەت لە هەموو دنیا نییە

گەر ئەفەرمووی کەم کەمێ ئەڵمانیاش جوانی هەیە

ڕەنگە وابێ، چونکە کورد هاوعونسری جەرمانییە

یارەکەم کوردی کە نازانێ گوناهی ئەو نییە

دایکی بادینانییە باوکی ئەسڵ سۆرانییە

پێی وتم ڕۆژێ: «لماذا لا تعلمني اللغة»؟

بەم نەزانی کوردییە جەرگ و دڵم بریانییە

ئەو نەفامەی خۆی بە شازادەی وڵاتمان دائەنا

وا تەواو دەرکەوت لەپاشا نەتەوەی پاشا نییە

من بە قوربانی کەسێکم ون نەکا کوردایەتی

گەر لەبەر پارەش ونی کرد بنەچەی شەیتانییە

(عەلی عارف ئاغا)