ڤیان مایی: سینەما هێندەی خەباتی چەكداری خزمەت بە دۆزی كورد دەكات

ژنە سینەماکارێکی کورد ڤیان مایی، بە گرنگییەوە باس لە سینەما دەكات و پێیوایە، سینەما هێندەی خەباتی چەكداری بۆ دۆزی كورد گرنگە و داوا لە هونەرمەندانی كورد دەكات، بە ویژدانەوە كاربكەن و دڵسۆزبن، دەشڵێت: هەرچەندە سینەمای کوردی پەرشوبڵاوی پێوە دیارە، له‌ هەمان کات دا کاری زۆر جوانمان هەیە و خەباتێکی زۆر باش لەو پێناوەدا دەکرێت.
ڤیان مایی، ژنە سینەماکارێکی کوردە، لە دایکبووی ساڵی 1960 لە دەڤەری بادینان لە گوندیی مایی، لە تەمەنێکی زۆر مناڵیدا دایکی کۆچی دوای کردووە و تەنانەت لە وێنەشدا نه‌یبینیوه، بەڵام وەکوو باسی دەکات خاوەن باوکێکی ڕۆشنبیر بووە، هەمیشە پشتیوانی کارەکانی کردووە.

ئەو ژنە کوردە لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنیوز، بە عەشقە باس لە هونەر و ئازادی و فیلمسازی دەکات، بە باسکردنی یەڵماز گۆنای گەورە سینەمەکاری کورد چاوکانی پڕ لە فرمێسک دەبن و دەڵێت ئەو بۆ من ڕووناکیە.

ڤیان مایی، باس لە دەستپێکی کارکردنی خۆی دەکات و دەڵێت: سینەما بۆ من خەونێک بووە، که‌ باوەڕم نەدەکرد ببێت بە ڕاستی، ناوم ڤیان ماییە، ناوی گوندەکەم کردووە بە ناسناوی خۆم، دوای ئەوەی گوندەکانمان سوتێندران هاتینە شاری دهۆک، دواتر چوومە ڕادیۆی کوردی لە بەغدا، دەستمان بە هەندێ کاری درامای ڕادیۆی کرد، لەو کاتەوە خەونی من بۆ سینەما دروست بوو، کە بتوانم وەک ئەکتەر، دەرهێنەر و سیناریست کار بکەم.

ڤیان مایی باس لە یەکەم بەرهەمی لە سینەمادا ده‌کات و ده‌ڵێت: دوای ئەوەی ڕووم لە ئەورپا کرد، دەستم بە نووسینی چیرۆک و سیناریۆ کرد، هەمان کات دەرفەتی زیاترم بۆ دروست بوو، لە بواری نووسین و دەرهێنان بە شێوەیەکی زانستی بخوێنم، عەشق و ئازادی گەلەکەم و بەرخۆدانیەکەی وایکرد من زیاتر بنووسم و زیاتر خۆم پێشبخەم، هەتا ئێستا توانیومە پێنج کورتە فیلم و فیلمێکی درێژ بەرهەم بهێنم.

“یەکێک لە کورتە فیلمەکانم بە ناوی “مەرگ و نامووس”ە، لە جۆری دیکۆ دراماییە، یەکێکە لەو بەرهەمانەی زۆرم خۆش دەوێت، پاشان فیلمی “بووکی سپی”م بەرهەم هێنا، لە چەندین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی پێشوازی لێکرا، دواتر فیلمی “کچە کوردێک”م بەرهەم ‌هێنا، کە چۆن کچان لە سەر ئەوینداری و ماچێک دەبنە قوربانی، گرنگی ئەم بەرهەم ئەوە بوو تەواوی ستافەکە ژن بوون لە سیناریۆ و دەرهێنان و کامێرا و دەنگ و مۆنتاژ و تەواوی کارەکانی دیکە” ڤیان مایی وای وت.

مایی سەرەڕای نیگەرانیەکانی بە ئومێدەوە باسی لە ڕەوشی سینەمایی کوردی کرد و وتی: کاتێک لێم دەپرسن ڕەوشی سینەمای کوردی چۆنە، منیش دەپرسمەوە ڕەوشی زمانی کوردی چۆنە، ڕاستە زمانی ئێمە دەوڵەمەندە، بەڵام کاتێک دەمەوێت چیرۆکێک بنوسم یان فیلمێک بەرهەم بهێنم نازانم بە چی شێوەزارێک کاری لە سەر بکەم و بەرهەمی بهێنم، پێویستە وەک فیلمسازان خاوەنی چەترێک بین و کۆمان بکاتەوە، لە بواری فێرکردن و بەرهەم هێنان و بڵاوکردنەوەدا هاوکاری یەکتربین، هەرچەندە سینەمای کوردی پەرشوبڵاوی پێوە دیارە، له‌ هەمان کات دا کاری زۆر جوانمان هەیە، خەباتێکی زۆر باش لەو پێناوەدا دەکرێت.

ئه‌و ژنە سینەماکاره‌ کورده، گرنگی سینەما بۆ دۆزی كورد بە هاوتای سەنگەرەكانی جەنگ نادەبات و دەڵێت: ڕاستە وڵاتانی زلهێز و سەرمایەدار چەک دەفرۆشن و سیاسەت دەکەن، بەڵام گەلان لە پشتی ئەوانەوە لە ڕێگەی سینەماوە توانیویانە ئاشنابن بە خاکی کوردستان و دۆزی کورد، نەک هەر پشتیوانمانن، بەڵکو عاشقی ئێمەن، عەشقی ئازادی بوونە و لەگەڵمانن، ئێستا تابلۆکانی ئێمە لە سەر دیوارەکانی جیهان دەنەخشێنن، ئێستا بە هۆی کامێراکانی سینەماوە ئازارەکانی ئێمە دەبینن.

ڤیان مایی داوا دەکات، سینەماکارانی کورد بە ویژدانەوە کار بکەن و دڵسۆزبن، هونەرمەندانی کورد و بیانیش کاتێک فیلمێک لە سەر کورد دروست دەکەن ڕاستگۆبن، ده‌شڵێت: “بەرخۆدانی ئێمە زۆر ڕەوایە”.

مایی لە کۆتای قسەکانیدا باسی لە جوانی سروشتی کوردستان و ژیانی کوردان کرد وتی: مۆدێلی ژیانی ئێمە زۆر جوانە، مۆدێلی گۆرانی و ڕەنگە جوانەکانە، ئەو دایکەی لە ناو لانک و موروی ڕەنگاوڕەنگ و لاوک، کوڕ و کچەکانی گەورە کردووە، هەر ئەویش چەکیان پی دەدات و بەرەو بەرخۆدانی  بو پاراستنی وڵات بە ڕێیان دەکات، ئێمە گەلێکین عاشقی ئازادی و ئازادی هیچ گەلێکمان تێک نەداوە، خەباتێکی پیرۆز و ڕەوا دەکەین.

 

سەرچاوە: rojnews