زامۆیا داراغا
(وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بایەخ بە بنیاتنانی ژێرخانی پێویست دەدات بۆ پەرەپێدانی بوارەکانی ڕۆشنبیری، هونەر، وەرزش و قاڵکردنەوەی تواناکانی لاوان لە هەرێم)
ئەمە قسەی من نییە بەڵکو دروشمی وەزارەتی ڕۆشنبیرییە کە لە سەر وێبسایتەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان/عێراق دایناوە .
وەزارەتی ڕۆشنبیری وەزارەتێکی خزمەتگوزارییە وە ئەم خزمەتگوزارییە خۆی دەبینێتەوە لەم خاڵانەی خوارەوە کە وەزارەت بڵاویان کردۆتەوە لە وێبسایتەکەیاندا، کە دەچێتە ناو قالبی ستراتیژیەتی سیاسەتی کولتوری ئەم وەزارەتە ساڵانە ئەبێت جێبەجێی کات وەک ئەرکی خۆی بۆ پەرەپێدانی کولتور و فەرهەنگی هونەری هەرێمەکە.
خاڵەکان :-
1 - بایهخدان به بنیاتنانى ژێرخانى پێویست بۆ پهرهپێدانى بوارهكانى رۆشنبیرى و هونهر و وهرزش و قاڵكردنهوهى تواناكانى لاوان.
2 - بڵاوكردنهوه و پهرهپێدانى كولتوورى كوردستان، گهشهدان به نهریتى مهدهنى و پێشكهوتنخواز، پهرهپێدانى پهیوهندى كولتوورى و وهرزشى چالاكى لاوان لهگهڵ ناوخۆ و دهرهوه.
3 - ههماههنگى كردن لهگهڵ گرووپ و رێكخراوهكانى كۆمهڵى مهدهنى و پشتیوانیكردن و هاندانى بزاڤی دانان و وهرگێران و بڵاوكردنهوه.
4 - ڕێزلێنان له نووسهر و ئهدیب و هونهرمهند و رۆژنامهنووس و داهێنهران لهرێى دهستگیرۆیى كردنى چالاكییهكانیان و چاپكردنى بهرههمهكانیان.
5 - دامهزراندنى كتێبخانه و بایهخدان به بوارهكانى رۆشنبیرى منداڵان.
6 - دابینكردنى هۆڵ بۆ هونهرى شێوهكارى و نمایشى شانۆیى سینهماى هاوچهرخ و بۆنه و یادهكان.
7 - كردنهوهى پیشانگاى كتێب و سازكردنى فێستیڤاڵى جۆراو جۆر.
8 - هۆشیاركردنهوهى كۆمهڵگا له مادده قهدهغهكراو و یاساغهكان و زیانى مادده هۆشبهرهكان.
لێرەدا سەرنجتان بۆ خاڵی ( شەشەم ) ڕادەکێشم کە پەیوەندی هەیە بە خاڵی یەکەم و مۆزەخانەی هونەری هاوچەرخەوە، هەروەها هەوڵ ئەدەم شیکارییەکی تەواو بکەم بۆ ژێرخانی کولتوری لە سەر ئاستی هەرێم و شاری سلێمانی بە تایبەتی وەک ( پایتەختی ڕۆشنبیری ) لە ڕووی مۆزەخانە و گەلەری بۆ هونەری شێوەکاری .
یەکێک لە پایە گرنگەکانی سیاسەتی کولتوری بایەخدانە بە ( ژێرخانی کولتوری ) هەم وەک ستراتیژی و هەم وەک پلان و کارکردن بۆ پێشەوەچوونی کایەی کولتوری بە گشتی و هونەری شێوەکاری بە تایبەتی .
بەڵام ئەوەی ئەبینرێت لە واقعدا ئەم خاڵانەی سەرەوە کە وەزارەتی ڕۆشنبیری دایناوە، تەنها دروشم و پڕوپاگەندەیە ، لەگەڵ ئەوەی ئەم پەیڕەو وپڕۆگرامەی سەرەوە زۆر کۆنە و لە سەردەمی ڕژێمی پێشودا داڕێژراوە ، لەگەڵ سەردەمی ئێستادا نەگونجێندراوە و هەموار نەکراوەتەوە ، ئەم دەسەڵاتە کلتوریەی ئێستا تەنانەت توانای جێبەجێکردنی ئەو پڕۆگرامەشی نییە کە پێشتر بۆی داڕێژڕاوە ، باشترین بەڵگە لەسەر ئەم راستییە (مۆزەخانەی هونەری هاوچەرخە) لە شاری سلێمانی .
بیرۆکەی دروست کردنی مۆزەخانەی هونەری هاوچەرخ ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ( 2002 ) لە لایەن ڕێکخراوی ( باڵندە بارانە ) وە لە ساڵی ( 2003 ) پارچەیەک زەوی بە فەرمی درا بەم رێکخراوەکە بە پانتایی ( 3600 ) مەتر دووجا لە باشترین شوینی شاری سلێمانیدا وە لە ساڵی ( 2006 ) دەستکرا بە دروست کردنی باڵەخانەی مۆزەخانەکە، ئەندازیار ( کاروان فەتاح ) دیزاین و نەخشەسازی باڵەخانەی مۆزەخانەکەی گرتە ئەستۆ وە لەسەر ئەرک و بودجەی وەزارەتی ڕۆشنبیری ئەو کاتە باڵەخانەکە لەلایەن بەڵێندەرێکەوە جێبەجی کرا .
بەم شێوەیە یەکەم باڵەخانەی مۆزەخانەی هونەری هاوچەرخ دروست بوو لە هەرێمی کوردستان پێش ( 17 ) ساڵ .
بەڵام بەهۆی پشت گوێ خستن و گەندەڵی و نەبوونی بەرپرسیاریەتیی جددییەوە لە سەر ئاستی سیاسەتی کولتوری و سیاسیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان / عێراقەوە ئەم مۆزەخانەیە نەتوانرا تەواوببێت تەنها وەک باڵەخانە مایەوە .
لە ئێستادا تەنها باڵەخانەیکی وێران و چۆڵ و هۆڵ ماوەتەوە بەبێ هیچ خزمەتگوزاریەکی سەرەتایی وەک ئاو و کارەبا و ئامێری ساردکەرەوە و گەرمی و شێداری و هاتنە خوارەوەی ئاوی باران بە سەقفی مۆزەخانەکەدا بە هەمان شێوە هیچ کەل و پەلێکی تێدانییە، کە وای کردووە ساڵ بە ساڵ بەرەو وێرانی و پشت گوێخستن بروات وە هیچ سیمایەکی مۆزەخانەی پێوە دیار نەبێت، کە بووە هۆکاری ئەوەی کە هیچ چالاکی و کاری وەک مۆزەی تیا نەبێت.
لە ئستادا چاوێکی زۆر لەسەر باڵەخانەکە هەیە ئەیانەوێت بەکاریبهێنن بۆ مەبەستێکی تر، وەزارەتی ڕۆشنبیری بەکاری بهێنیت وەک فەرمانگەیەک سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی و پڕی بکەن لە فەرمانبەری بێ کار و بێ بەرهەم، وە شتێک نەمێنێت بە ناوی مۆزەخانەی هونەری هاوچەرخەوە) لە شاری سلێمانی .
ئەوەی لێرەدا جێی سەرنج و گومانە وەزارەتی ڕۆشنبیری و حکومەتی خۆجێیی سلێمانی هیچ هەڵوێستیکیان نییە لەسەر ئەم پرۆژە گرنگە کە یەکێکە لە پرۆژە گرنگەکانی ژێرخانی کولتوری نەک تەنها بۆ شاری سلێمانی بەڵکو بۆ هەموو هەرێمی کوردستای / عێراق .
ئەبێ ئەوەش بڵێن کە وەزارەتی رۆشنبیری لە سەرەتای دروست بوونییەوە هیچ کارێکی جددی نەکردە بۆ ژێرخانی کولتوری لەگەڵ بوونی ئەو هەموو پارە و بودجەیەی کە لە ژێر دەستیاندا بووە، نموونەش زۆرە بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیە.
بۆ نموونە ... لە سەروبەندی ناساندنی شاری سلێمانی بە پایتەختی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان/ عێراق بڕی ( 20.000.000.000 ) بیست ملیار دیناری تەرخان کرد بۆ ژێرخانی کولتوری شاری سلێمانی، بەڵام ئەوەی جێی تێرامان بوو هیچ بڕە پارەیەک بۆ ئەم پڕۆژەیە تەرخان نەکرا وە کەس لای لێنە کردەوە، لە کۆتایدا ئەوەی ڕووی دا ئەوە بوو زۆرینەی ئەو بڕە پارەیە لە چالاکی کاڵ و گرچ و کاتی و لاوەکیدا خەرج کرا و تا ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان / عێراق ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی هاتەوە و لەگەڵ هەڵگیرساندنی شەری ( داعش ) ئیتر کایەی ڕۆشنبیری و هونەری و کولتوری هەرێم بە ئاقارێکی ترسناکدا ڕۆیشت کە باجەکەی هونەرمەندان و ڕەوشی کولتوری هەرێمەکە دایان بە گشتی .
بۆ نموونە ( 25.000.000 ) بیست و پێنج ملیۆن دینار تەرخان کرا بۆ نۆژەن کردنەوەی گەلەری ( سەردەم ) بەلام لە دوای شەش مانگ ئەنجومەنی ( دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ) گەلەرییەکەیان داخست بە بێ هیچ هۆکارێک و شوینەکەیاندا بە کرێ بەبێ ئەوەی هیچ لێپرسینەوەکی لێبکرێت کە ئەو بڕە پارەیە پارەی گشتییە ناکرێت بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ بکرێت.
بە هەمان شێوە چەندین بە ناو گەلەری شەخسی کە زۆربەی لە ژێرژەمینی ماڵی هونەرمەندان بوو کە بۆ کاری شەخسی بە دەر لە چالاکی گشتی کولتوری نۆژەن کرانەوە بە پارەی خەیاڵی لە ژێر ناوی ژیرخانی کولتوری شارەکەوە بەڵام ئەم بە ناو گەلەرییانە زۆربەیان نە کاری هونەری نە چالاکی هونەری تیدا ئەنجام ئەدرا، تەنها بۆ کاری شەخسی وەک ( مەرسەم و گەنجینە ) بە کار ئەهات وە هیچ پەیوەندی بە ژێرخانی کولتوریەوە نەبوو، بەڵکو هەمووی لەڕێی پەیوەندی شەخسییەوە ئەو برە پارەیە تەخشان پەخشان ئەکرا بەبێ هیچ چاودێریەک و پلانێک .
لە کۆتایدا ئەو بڕە پارەیە بوو بە ئابڕوچونێکی گەورە بۆ ( وەزارەتی ڕۆشنبیری و بەڕیوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی ) کە چەندین گەندەڵی و کاری نایاسای تێدا ئەنجام درا بوو، بە فشاری چەند کەسێکی دڵسۆز ئەو کەیسە ئاشکرا کرا و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان / عێراق لیژنەی لەسەر دەرکرد، بەڵام وەک هەمیشە ئەنجامی لیژنەکە شاردرایەوە کپ کرا وە کەسی لەسەر سزا نەدرا .
لێرەوە بۆمان دەرئەکەوێت کە ئەم وەزارەتە ناتوانێت یەک خاڵ لەو خاڵە ستراتیجیانەی خۆی بە ئەنجام بگەیەنێت، هەمیشە خۆی لە ئەرکە سەرکیەکانی دەدزیرتەوە بە چالاکی کاتی بێ سوددەوە خۆی سەرقاڵ کردووە، هیچ کاتێ نەیتوانیوە کار لەسەر ژێرخانی کولتوری ئەم هەرێمە بکات وە نەیتوانیوە بەردێ بخاتە سەر بەردێ لە پێناوی کولتور و فەرهەنگی هونەری ئەم هەرێمە، وە تا ئێستا لە مانا و پێوێستی و گرنگی مۆزەخانە و گەلەری و شوێنی نمایش تێنەگەیشتوون، هەر لە بەر ئەم نەزانینە وەزارەتی ڕۆشنبیری تائێستا خاوەنی هیچ مۆزەخانەیەک و گەلەریەک نییە. بە تایبەتی لە شاری سلێمانی .
گەر لە سەر ئاستی هەرێمەکە تەماشای هەوڵەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری بدەین بۆ ژێرخانی کولتوری ئەوە بە هەمان شێوەیە شکستی خواردوە و فەشەلی هیناوە بۆ نموونە ...
شاری هەولێر کە پایتەختی هەرێمە یەک شوێنی نمایشی تێدایە کە سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیریە ( گەلەری میدیا ) ئەم شوێنە هیچ هەلومەرجێکی گەلەری نییە وە لە سەردەمی ( ڕژێمی پێشودا ) دروست کراوە لە ناو باڵەخانەی بەرێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێردایە، واتە وەزارەتی ڕۆشنبیری دروستی نەکردوە وەک میراتی لە ڕژێمی پێشووەوە بۆ ماوەتەوە .
بە هەمان شێوە وەک شاری سلێمانی دوو بیرۆکەی پڕۆژەی مۆزەخانەی هونەری هاوچەرخ پێشنیار کرا لەم ( 31 ) ساڵەی ڕابوردوودا وە زەوی و شوێنیان بۆ دابین کرا، بەڵام فەشەلی هێنا وە وەزارەتی رۆشنبیری هیچی بۆ نەکرد و هەر زوو ئەم دوو بیرۆکەیە لەبار چوو، پایتەختی هەرێمەکەمان بێ مۆزەخانە و گەلەری مایەوە تا ئەم ساتەش.
بە هەمان شێوە شاری ( دهۆک )یش تەنها یەک شوێنی نمایشی هەیە ( گەلەری دهۆک ) کە ئەویش هیچ هەلومەریجێکی گەلەری تیدا نییە تەنها شوێنێکە بۆ نمایش وە بە هەمان شێوە بێ خزمەت و بێ بودجەیە .
نەبوونی مۆزەخانە بە گشتی لەم هەرێمەدا خۆی لە خۆیدا کارێکی شەرمرەزاریە وە ئەو راستییە ئەسەلمێنیت کە ئەم وەزارەتە تەمەنی ( 31 ) ساڵە هیچی بۆ ژیرخانی کولتوری نەکردووە و لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتیەدا نییە کە بتوانیت سیاسەتی کولتوری ئەم هەرێمە دابریژێت و بەڕێوەیبەرێت، ئەمەش بۆ ئەو عەقڵیەتە ئەگەرێتەوە کە ئەم هەرێمەی پێ بەڕێوە ئەبرێت لە لایەن دەسەڵاتدارانی سیاسی و ئابوورییەوە کە بە عقڵیەتی خێڵ و عەشیرەت تا ئەم ساتە هەرێم بەرێوەدەبەن .
عەقڵیەتی خێڵ و عەشیرەت باوەڕی بە کولتور و فەرهەنگی هونەری نییە وە هیچ کاتێک کولتور و هونەری بە گرنگ نەزانیوە لەبەر ئەوەی عەقڵیەتی خێڵ و عەشیرەت لە سەر بنەمای کۆچەری و هێز و چەک و یەکترسڕینەوە دروست بووە، ناتوانێت ژێرخانی کولتوری خۆی دروست بکات هەمیشە لە دەرەوی شارستانی ماوەتەوە .
ئەم عەقڵیەتە خێڵەکییە وای کردوە ببێت بە بەربەست لەبەردەم هەموو بیرۆکەیەک و پێشنیارێک بۆ پێشەوە چوونی کایەی هونەری و فەرهەنگی ڕۆشنبیری ئەم هەرێمە .
بە باوەڕی من بۆ ئەوەی بتوانین ژێرخانی کولتوری ئەم هەڕێمە پێشبخەین ئەبێت سەرەتا کار لەسەر ئەم عەقلیەتە خێڵگەراییە بکەین و بتوانین لە کاری بخەین تا بتوانین هەنگاوی پتەو بنێین بەرەو شارستانیەت، کولتور و فەرهەنگی هونەری بگەرێنینەوە بۆ ڕێرەوە ئاساییەکەی نێو کۆمەڵگەی ئێمە .
هەتا ئەم هەنگاوە نەنێین ناتوانین بەرەو پێشەوە بڕۆین، ئەم هەوڵەش بە بەشداری هەموو هونەرمەندان و ڕۆشنبیران ئەکرێت کە توانای بەرهەڵستی ئەو عەقلیەتە خێڵگەرایە بێتەوە بۆ بە دیهێنانی سیستەمێکی تازە و هاوچەرخ کە توانای مامەڵە کردنی سەردەمەکەی خۆیبێت و ڕەنگدانەوەی واقعی ئێستای جیهان بینیی هەبێت، ناکرێت لە سەدەی بیست و یەکدا کۆمەڵگەیەک بێ مۆزەخانە و گەلەری هونەری، ژیان بەڕێکات .
سەرچاوە: سایتی ئاوێنە