ژیانی مەلا سەعید کوردی

دوای وەرگێڕانی ژمارەیەک کتێب لە تورکی و کورمانجی و تورکی عوسمانلی، وەرگێڕ و رۆژنامەڤان محەممەد عزەدین پەرتووکی (ژیانی مەلا سەعیدی کوردی) لە تورکییەوە کردە کوردی.

حەممەد عزەدین لەبارەی پەرتووکەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم پەرتووکە بەراورد بەو پەرتووکانەی لەبارەی ژیانی مەلا سەعید بڵاوکرانەتەوە لە دوو خاڵدا جیاوازن. 

یەکەم: کتێبەکە لەلایەن عەبدولڕەحمان نوڕسی برازای مەلا سەعید نووسراوە کە بەردەوام نووسەر لەگەڵ مەلا سەعید بووە تاوەکو یەکەمین جەنگی جیهانی. 

دووەم: بەشێکی زۆری ئەو پەرتووکانەی لەسەر مەلا سەعید نووسراون، لەگەڵ بەشێکی زۆری پەرتووکەکانی خۆشی، بە تایبەتی ئەوانەی لە تورکیا چاپ و بڵاوبوونەتەوە، ناوی کورد و کوردستان لەناودەقەکاندا دەرهێندراون، بەڵام لەم کتێبەدا ناوی کورد و کوردستان و مژارەکانی وەکو خۆی بە بێ دەستکاری و دەرهێنان نووسراونەتەوە.

ئەم پەرتووکە لە پێنجەم چاپی تورکییەوە کراوەتە کوردی، کتێبەکە لەلایەن وەشانخانەی (نووبەهار) لە باکووری کوردستان بڵاوکراوەتەوە. لە باشووری کوردستانیش چاپە کوردییەکەی لەلایەن دەزگای فامەوە بڵاوکراوەتەوە. د.سەید ئەحمەد پێنجوێنی پێشەکی بۆ وەرگێڕانە کوردییەکی نووسیوە.

مەلا سەعیدی کوردی، لە ساڵی 1878 لە بەدلیسی باکووری کوردستان لە دایکبووە و ساڵی 1960 لە رووهای باکووری کوردستان کۆچی دوایی کردووە

 

رووداو دیجیتاڵ