ژیان لە نێوان متمانە و باوەڕدا

جەواد حەیدەری 

 

متمانە گەورەترین هۆشمەندییە. بۆچی خەڵكی متمانە ناكەن؟ چونكە ئەوان متمانەیان بە هۆشمەندیی خۆیان نییە. ئەوانەی كە متمانە ناكەن، دەترسن كە فریو بدرێن و ئەمەش گومان و دڕدۆنگی دروست دەكات. گومانیش نیشانەی ئەوەیە كە مرۆڤ متمانەی بە هۆشمەندیی خۆی نییە. متمانەكردن بە هۆشمەندی پێویستی بە بوێری و جەربەزەیی و نەترسی هەیە. بۆ چوونە ناو قۆناغی متمانەكردن مرۆڤ پێویستە دڵ و دەروونێكی فراوان و مەزن و گەورەی هەبێت. ئەگەر مرۆڤ بە ئەندازەی پێویست هۆشمەند نەبێ، ئەو كات ناچارە بۆ پاراستنی خۆی پشت بە گومان ببەستێ. ئەگەر مرۆڤ هۆشمەند بێت ئەوكاتە دەتوانێت بچێتە ناو دنیای شتە نهێنی و شاراوەكان. ئەو كاتەیە كە دەتوانێت هەموو شتەكان چارەسەر بكات و لەناو شتە شاراوەكاندا شوێنێك بۆ حەوانەوە بدۆزێتەوە.

هۆشمەندی جۆرێكە لە رزگاربوون
 گومان حاڵەتێكە لە جۆری بەرگریكردن لە خود. ئەمە لە كاتێكدایە كە هۆشمەندی جۆرێكە لە دەربازبوون و رزگاربوون، چونكە لە حاڵەتی هۆشمەندیدا مرۆڤ هەر شتێك كە روو بدات دەتوانێ تێبكۆشێ و هەوڵبدات و بۆ هەموو پرسیارەكانیش وەڵامی هەبێت. زەینی ئاسایی متمانە بە خۆی ناكات. هەوڵبدە بژیت نەك لە ژیان تێبگەی، هەوڵ مەدە لە عەشق تێبگەی، بەڵكو هەوڵبدە بۆ لای عەشق بچیت و بكەویتەڕێ. ئەو كاتە تێدەگەی و تێگەیشتنیش لە ئەزموونەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەو تێگەیشتنەش هەرگیز راز و نهێنییەكانی ژیان لەناو نابات. مرۆڤ هەر چەند زیاتر بزانێ، زیاتر تێدەگات كە بۆ گەیشتن بە تێگەیشتن چەند رێگەی جیاواز هەیە. 
ژیان خۆی كیشە نییە، بەڵكو روانین بۆ ژیان وەك كێشە، یەكەمین هەنگاوی هەڵەی مرۆڤە بۆ تێگەیشتن لە ژیان. ژیان رازێكە كە دەبێ تێیدا بژی و خۆشەویستی بكەیت و ئەزموون كۆبكەیتەوە. لەڕاستیدا هەر زەینێك كە بەردەوام خەریكی شیكردنەوە و روونكردنەوە بێ، زەینێكی ترسنۆكە.چونكە بە هۆی ترسەوە دەیەوێت هەموو شت شی بكاتەوە و روونكردنەوە بدات. ناتوانێ بەرەوڕووی هیچ شتێك بڕوات، مەگەر ئەوەی كە پێشتر بۆی شی بكرێتەوە و روونكردنەوەی لەسەر بدرێ. دوای وەرگرتنی شیكردنەوە و روونكردنەوە هەست دەكات كە لەگەڵ شتەكە ئاشنایە و دەیناسێ. هەرگیز ناوێرێ پێ بنێتە ناو سەرزەمینێكی نەناسرا و شاراوە، هەرگیز ناتوانێ بە بێ چاوساغ و نەخشەڕێگە هەنگاو بنێت، خودی ژیانیش بەمشێوەیەیە.

ژیانی بێ نەخشە 
 بەكارهێنانی هەموو نەخشەیەك بۆ ژیان مەحاڵە، چونكە ژیان بە بەردەوامی لە گۆڕان و گۆڕانكارییدایە و هەموو شت نۆێیە، بە تایبەتی ژیان. هیچ شتێك هەمیشەیی نییە، بەڵكو تەنها گۆڕانە كە بە بەردەوام لە حاڵەتی گۆڕانكارییدایە و تەنها گۆڕانە كە ناگۆڕێ. هەموو شتەكان قابیلی گۆڕانن، بۆیە هیچ نەخشەیەك پێویست نییە. كاتێك كە نەخشەڕێگە فەراهەم بكرێ، ئیتر دەكەوێتە دەرەوەی بازنەكە و هیچ سوودێكی نییە و ژیان ریگە و رەوتی خۆی گرتۆتەبەر. ژیان یاری و گەمەیەكی نوێی دەستپێكردووە و ناتوانی بە نەخشەڕێگە، بەرەنگاری ژیان ببیتەوە، چونكە ژیان قابیلی هەڵسەنگاندن و پێوانەكردن نییە و ناتوانی لە رێگەی راوێژ و تەكبیر و كتێبەكانەوە بەرەنگاری ژیان ببیتەوە. چونكە راوێژكاری و كتێبەكان كاتێك دەتوانن سوودمەند بن كە هەموو شتەكان نەگۆڕێ و سەلمێنراو بن. بەڵام ژیان چەقبەستوو نییە و  گۆڕاوە و پڕۆسەیەكە كە بە بەردەوامی لە گۆڕاندایە. ئۆشۆ بەو زەینەكە بە دوای شیكردنەوە و روونكردنەوەدا ناڕوات دەڵێت: «زەینی باڵق». وات مرۆڤ جاری وایە دەگات بە ئاستێك كە بە بێ هیچ پرسیارێك سەیری ژیان دەكات و بە بوێری و ئازایەتی خۆی دەخاتە ناو دەریای ژیانەوە. 

باوەڕ مەكە
هەرگیز باوەڕ مەكە، ئەگەر ناتوانی متمانە بكەی، باشتر وایە كە پەنا بۆ ببەیت، چونكە لانیكەم رۆژێك لە رۆژان لە رێگەی گومانەوە پێدەچێ متمانەت لەلا دروست بێ. ئەوەشت لەبیر بێ كە هەتا مردن ناتوانی لەناو گومان و شك و دڕدۆنگیدا بژیت، چونكە گومان خۆی جۆرێكە لە نەخۆشی و ئەو كەسانەی كە لە شك و گوماندا دەژین هەست بە ئاسوودەیی و ئارامی ناكەن و ئەو جۆرە كەسانە هەمیشە لە دڵەڕاوكێ و بێ ئۆقرەییدا دەژین. تا ئەو كاتەی كە ئاگاییت نەبێت ناتوانی متمانەت هەبێ، هەتا ئاگاییت نەبێت ناتوانی سەربەست و ئازاد بێت، چونكە ئاگایی ئازادت دەكات، ئەوە ئاگاییە كە ئازادی دروست دەكات. ئەوەشتان لەبیر بێ كە لە نێوان باوەڕ و متمانە جیاوازی هەیە. مرۆڤەكان لەناو ناخی خۆیاندا متمانە دەكێڵن، دواتر ئەو متمانەیە دەبێت بە باوەڕ، نەك ئەزموون. 
هەموو ئەو باوەڕانەی كە بە مرۆڤ دەگات لەڕێگەی وەرگرتنەوە هەیە، تەنها متمانە نەبێت، متمانە خودی مرۆڤ خۆی دروستی دەكات، بۆیە شتی وەرگیراو ناتوانێت مرۆڤ بگەیەنێتە حەقیقەتێكی رەها، هەر بۆیە ئەو شتانەی كە لە خەڵكی وەرتان گرتووە، فڕێ بدەن.

جیاوازیی نێوان متمانە و باوەڕ 
متمانە هەرگیز لەناو ناچێ، تەنها ئەوەندە پێویستە كە جارێك متمانە بكەن، كە وابوو دەبێ جیاوازی لەنێوان متمانە و باوەڕ بكەن. متمانە شتێكی تایبەتە، بەڵام باوەڕ شتێكی كۆمەڵایەتییە، بۆ ئەوەی گەشە بكەی پێویستە متمانە بكەیت، هاوكاتیش بڕوات هەبێ. لەوانەیە بڕوا و باوەڕ بەسەرتاندا زاڵ بن، بەڵام هەوڵبدە كە باوەڕ وەلا بنێیت، ئەگەر ئەوە بكەیت لەوانەیە ترس و گومان بێتە ئاراوە. نیگەران مەبە رێگە بدە كە گومان سەر هەڵبدات، چونكە بۆ ئەوەی بگەی بە بەیانییەك رووناك دەبێت شەوی تاریك تێپەڕێنی. هەمووان دەبێ گومان تێپەڕێنن. 
متمانە شتێك نییە كە فێری بی، هەرگیز هەوڵ مەدە فێری متمانە بی، هەموو نەهامەتی و بەدبەختی مرۆڤ لەوەدایە كە دەیانەوێت فێری متمانە بن. ئەگەر فێری متمانە بی، متمانە دەبێت بە باوەڕ و بڕوا، متمانە قابیلی فێربوون نییە، بەڵكو دەبێ لە ناخی خۆتدا بدۆزیتەوە. گەڕان و پشكنین پێویستی بە متمانە هەیە و متمانەش پێویستی بە بوێری و ئازایەتی هەیە. كەسێك كە متمانەی كەم بێت، لەڕاستیدا گومانیشی كەمە. ئەگەر كەسێك بە هیچ شێوەیەك متمانەی نەبێ و بە رەواڵەت وا نیشان بدات كە متمانەی هەیە، ناتوانێت بە شێوەیەك قووڵ پشكنین و گەڕان و لێكۆلینەوە بكات. ئەگەر گومانتان لە خۆتان هەبێت ئەدی چۆن دەتوانن متمانە بە خۆتان بكەن؟ ئەوە خۆتی كە دەبێت متمانە بە خۆت بكەی. ئۆشۆ دەڵێت: «كاتێك كە باسی متمانە دەكەم لەڕاستیدا مەبەستم چاوی دڵە و كاتێك كە باس لە شك و گومان دەكەم مەبەستم قاچی عەقڵە». مرۆڤەكان بە متمانەیەكی مەزن دەتوانن هاوكات پرسیاری گرنگ و گومانی گەورەیان هەبێت. ژیان بەبێ متمانە و بڕوا تووشی كێشە دەبێت. كەسێك كە متمانەی نەبێت، تەنها گومانێكی بچووك و سادەی هەیە، بەڵام پرسیارێكی گەورەی نییە. لە ژیانی رۆژانە هەرچییەك كە دەیزانن هی رابردووە و لەڕاستیدا لەناو چووە و لە گۆڕستاندایە و هیچ كەسیش حەز ناكات لە گۆڕستاندا بژی. ئەمڕۆ تەنها بۆ رابردوو راست نییە، بەڵكو ئێستا و داهاتووش دەگرێتەوە. مرۆڤی تێگەیشتوو لە هەر شتێك كە پەیوەندی بە رابردووە هەیە دەمرێ و هەر شتێك كە پەیوەندی بە داهاتوو هەیە لە دایك دەبێتەوە و لەدایكبوونێكی دیكە دێتە ئاراوە. چونكە رابردوو تازە تێپەڕیوە و ناگەڕێتەوە و ئێستا و داهاتووە كە قابیلی گۆڕانكاری و گۆڕانە و ژیان نوێ دەبێتەوە. بۆ ژیان دەبێت لە زۆر شت تێبگەین، هیچ كەسێ ناتوانی كەس لە حاڵەتی بەدبەختی و نەهامەتیدا رابگرێ ئەگەر كەسەكە خۆی مەجال و دەرفەت نەدا. هیچ كەس لەوبارەیەوە بەرپرسیار نییە جگە لە خودی مرۆڤ. كەوا بوو بژین. 

 

سەرچاوە : کوردستانی نوێ