ژنە فێمیێنیزمەكانی كورد چۆن لە سەرهەڵدانی هەشتی مارس تێگەیشتون!!!


تاڤگە سابیر

 

 

سەرهەڵدانی پرۆسەی فێمێنیزم وەکو واتا و کاری ژن دەگەریتەوە بۆ کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاست و سەرهەڵدانی سەرمایەداریی و زیادبوونی خواست و ئاواتەکانی مرۆ و جۆشدانی هەستی وەدیهێنان لە لای مرۆ.. لێرەدا ژیانی ژنیش گۆڕانکاریی بەسەردا هات و توانی هەنگاوێك بەرەو خواستەکانی بچێ.

لە رۆژگاری شەڕی سەربەخۆیی ئەمەریکادا لە ساڵی ١٧٧٥- ١٧٨٣ یەکەم جار ژن هەستی بە مافە سیاسیی و ئابووریی و پیشەییەکان کرد و داوای مافی هەڵبژاردنی کرد و رووبەڕووی دەسەڵاتە تۆتالیتارییەکانی ئەو سەردەمە بووەوە.. ئەو ئامانج و خواستەی ژنی ئەمەریکایی کاریگەری خۆی گەیاند بە ژنانی فەرەنسا و هەشت هەزار ژنی کرێکار و سەوزەفرۆش لە ساڵی ١٧٨٩ دا هێرشیان کردە سەر کۆشکی ڤێرسای بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی خۆیان لە نان و ئازادییدا.

کەواتە لێرەدا هەست بە پێوستی هەبوونی گرووپی فێمێنیستی کراوە، ئەگەر وەکو چەمکیش ناوی نەزانرابێ، چونکە یەك دەنگیی و یەك ئامانجیی هەمان واتا دەگەیەنێ، لە ساڵی ١٧٩٢ لە لەندەن بۆ یەکەم جار پەرتووکی بەرگریی لە مافی ژنان لە لایەن ژنە نووسەر (ماری ولستونگرافت)ەوە بڵاوکرایەوە، کە زۆر بە توندیی بەرگریی لە ژن و مافەکانی دەکا.

ئتیر لەو سەردەمەدا ژن نەیتوانی بگا بە خواستی زیاتر و هەر زوو ئەو هەوڵانەی لەناوبرا، کە پێشتر بۆ مافی سیاسیی و نان و ئازادیی لە بواری بیرمەندییدا دابووی و لە ساڵی ١٧٩٣ دا سەران و دەسەڵاتدارانی فەرەنسا لەو هەندە ئازادییە پاشگەز بوونەوە و بڕیاری داخستنی سەرجەم سەندیکا و رێکخراوەکانی ژنان درا و هەر لەو ساڵەدا بوو (مەدام رۆلان) خاوەنی وتەی (ئەی سەربەستیی چەند تاوان بە ناوتەوە دەکرێ)، کە رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە بڵاوکردنەوەی بیری سیاسیی و خاوەنی دیوەخانێك بوو بۆ کۆبوونەوەی ژنان و کەسانی پێشکەوتنخواز لەوێوە لە واتای سەربەستیی خەباتکردن تێگەیشتن.. بەو بیانووەی سەرپێچیی یاساکانی پاشگەزبوونەوەی سەرانی فەرەنسای کردووە و بەرگریی لە بیروباوەڕی خۆی کردووە سەری بەخشی بە سەربەستیی و بە دەستی دەسەڵادارانی ئەو وڵاتە سەری قرتێنردرا.

چیدی ژن نەیتوانی خاوەنی هیچ پەیڕەو و پرۆگرام و تایبەتمەندیی خۆی بێ تاکو ساڵی ١٨٤٨ و شۆڕشی گەورەی ئەوروپا.. لە کاتی ئەو شۆڕشەدا ژنانی فەرەنسا جارێکی تر بە لای خەباتی خۆیاندا چوونەوە و چەند یانە و سەندیکای ژنانیان دامەزراند، کە داوای یەکسانبوونیان دەکرد لە رووی سیاسیی و ئابوورییەوە.

لە ساڵی ١٨٦٧شدا لە بەریتانیا ژنانی ئەو وڵاتە داوای مافی هەڵبژاردنیان کرد.. لە ١٨٦٩شدا ژنانی ئەمەریکا لە نیۆیۆرك رێکخراوی سەربەخۆی ژنانیان دامەزراند و ئیدی هەر لێرەوە تا ساڵی ١٨٨٨ بوو بە هەڵهاتنی رۆژی ژن و لە زۆبەی وڵاتانی جیهاندا رێکخراو و سەندنکای ژنان دامەزران ئەو بەربڵاوییەش هانی ژنانی ئەمەریکای دا کە پێش هاوڕەگەزکانیان کەوتبوون لەو رووەوە.. توانیان لە پاش دامەزرانی ئەنجوومەنی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا "یەکێتیی ژنانی جیهان" دابمەزرێنن.

ئەو بارودۆخە لە نێوان رەتکردنەوە و پەسەندکردندا مایەوە تا دەرکەوتنی بیری سۆشیالیزم.. بە دەرکەوتنی بیری رۆشنی سۆشیالیستەکان لە ساڵی ١٨٩١دا ژنانی کرێکار لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا رێکخراوی تایبەت بە خۆیان دامەزراند.. هەر ئەو خەبات و تێکۆشانە ساردنەبوەوە و بەردەوام بوو تا ساڵی ١٩١٠ هەنگاوی گەورەیان بەرەو ماف و تایبەتمەندییەکانی خۆیان نا و ساڵانە کۆنگرەیان دەبەست و ژنانی زۆرینەی وڵاتەکان بەشدارییان تێدا دەکرد.. لە دووەم کۆنگرەی ژنانی جیهاندا و لە ساڵی ١٩١٠ کە لە کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارك بەسترا لە لایەن (کلارا زنگین) پێشنیازی رۆژی ٨ی مارس کرا و لەو کۆنگرەیەدا بڕیاری لەسەر درا.

٨ی مارس ئەو نەریتە بوو، کە ژنانی جیهان زۆریان سوود لێ وەرگرت و لە ئاگاداربوونەوەی هەواڵی یەك لەو کاتەدا، ٨ی مارس پردی بەیەكگەیشتنی ژنان بوو بۆ گۆڕینەوەی بیروبۆچوون و یەكگرتنی هەوڵەکانیان بە مەبەستی گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانیان..

 بەڵام روودانی شەڕی یەکەمی جیهانیی کۆسپی زۆری هێنایە رێگەی بزووتنەوەی ژنان و لەگەڵ تەواوبوونی ئەو شەڕەدا تێهەڵچوونەوە، ژمارەیەك رێکخراوی تری ژنان دروست بوون وەك یەکێتیی فیدرالیی ژنانی زانکۆیەکانی جیهان لە ساڵی ١٩١٩ دامەزرا، هەروەها رێکخراوی نێونەتەوەیی بۆ ئازادیی ئابووریی کرێکاران لە ساڵی ١٩٢٩ دامەزرا، یەکێتیی ئەو ژنانەی بە کاری سەربەستەوە خەریکن لە ساڵی ١٩٣٠ دامەزرا.

ئیدی لە سەرەتای سەدەی نۆزدەشەوە بزووتنەوەی فێمێنیستی بە هێزێکی جیاوازەوە لە رووی ئەدەبیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتی و یاساییەوە دەرکەوت و هەر ئەو هێزە جیاوازەش فێمێنیستی دابەشکرد بەسەر فێمێنیستی لیبرال، رادیکال، مارکسیی و ئیسلامیی و... هتد.

ئیدی لەو کاتەوە چەمکە سیاسییەکان فێمێنیزمیان بە پێی ناوی ئایدیۆلۆژیا و دەرکەوتنیان خستنە پەراوێزی خۆیانەوە، فێمێنیستەکان دابەشبوون و بزووتنەوەکەیان واتا راستەقینەکەی خۆی دۆراند و بوونە پاشکۆی هزر و بۆچوونە جیاوازەکان، واتە ژنانی فێمێنیست دەستیان کرد بە کاری بانگەشەی سیاسیی بۆ گروپە جیاوازەکان و نوێنەرایەتیکردنی گرووپگەلی ژنانی ئایدۆلۆژیا سیاسییەکان.

سەبارەت بە جێگە و شوێنی ژیانی ژنان و بڕوابوونیان بە هەبوونیان لە نێوەندەکانی بڕیاردان و دادگا و پەرلەمان و پۆستە گشتییەکانی دیکەدا تەنیا بەڵگەی ناوی ژنە بۆ ئاستی بێ ئومیدیی، ئەمڕۆ ژنان لە لایەکدا بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو وەکو کاڵا لە پڕوپاگەندەی راگەیەندنەکانەوە بەکاردەهێندرێن لە لایەکی دیکەش بە شێوەیەکی زۆر ڕووکەشانە لە هەموو نێوەندەکانەوە تەنانەت لە نێوەندە دژە ژنییەکانیش بانگەشە بۆ مافەکانیان دەکرێن..

دەسەڵاتدارانی زۆربەی وڵاتەکان بە هی کوردستانیشەوە زێدەڕەویی زۆر دەکەن لە بانگەشەکانیان و بە پڕوپاگەندەی ئارایشتکراو ژنان و رای گشتیی چەواشە دەکەن..سەیر لەوەدایە کە بەشێکی زۆر لە ژنان خۆشیان باوەریان بەو چەواشەکارییانە هێناوە و وا دەزانن ماف و ئازادییەکانیان هەر ئەوەندەیە یان بە بوونی چەند ژنێك لە بوارە جیاوازەکاندا ئیدی توانیویانە ئامانج بپێکێن و دەتوانن ئەو چەند ژنە پەلی ژنانی دی لە چاڵ و نەهامەتییەکاندا رابکێشنە دەرەوە..!

بەڵام ئەوە تەنیا ئەندێشەیەکی بێ بەرهەمە و زۆربەی ئەو ژنانە کە پێیان وایە خاوەن هۆشمەندیی و گوتارێکی ژنانەن تەنانەت ناتوانن خودی خۆشیان رزگار بکەن، چونکە لە بنەمادا خاوەنی ئەو هێز و توانا و گوتارە ژنانەیە نین کە متمانەی بەردەوامبوون و مانەوەیان پێ ببەخشێ.