بڵێسە جەبار فەرمان
جیهان، لە زۆرێك لە سەردەمەكانیدا ناڕازایەتی هاوڵاتیانی دژ بە خێزانە فەرمانڕەواكان و حكومەتە حكومرانەكانی بە خۆیەوە دیوە.
بەدرێژایی مێژوو چینێكی مرۆڤ هەوڵی باشتركردنی ژیانیان و رزگاربوونیان لە ستەم و چەوساندنەوە داوە.
هەموو شۆرش و كۆدەتایەك پێش بەرپابوونیان بە چەندەها قۆناغدا تێدەپەرێن.
ناڕەزایەتی دەربڕین چەندەها شێوازی جیاوازی هەیە و بە هەموو قۆناغەكانی دا دەبێت تێبپەڕێت تا بگات بەو ئاستەی كڵپە بكات و كەسانی فەرمانڕەوا لەسەر كورسی دەسەڵات لاببات.
لە شۆرش و كۆدەتاكاندا كەسانێكی زۆر بەشداردەبن بەڵام لە كۆتاییدا چەند كەسێك دەبنە پێشەنگ و بەرجەستە دەبن و جڵەوی ناڕەزایەتییەكان دەگرنەدەست.
هەمیشە لەم شۆرشانەدا ژنان رۆڵی سەرەكیان دیوە و بگرە كڵپە و داینەمۆی شۆڕش بونە.
لە هەموو شۆرشەكانیشدا ئەو كەسانەی كە لە گەرمەی پێشڕەوتەكانی دواتری شۆرشدا فەرامۆش دەكرێن، ژنانن.
هەردەم دوای ساڵانێكی زۆر كە مێژوونوسەكان دەست بە نوسینەوەی توێژنەوەی شۆرشەكان دەكەن، ڕۆڵ و كاریگەری ژنانیان بۆ دەردەكەوێت، كە وەك سەربازی ون تێكۆشاون و رەچاو نەكراون.
هەڵگیرسانی شۆرسی ئۆكتۆبەر بەنموونە
جیهان لە پێش جەنگی جیهانی یەكەمدا بە قۆناغێكی دژواردا تێدەپەڕی، چەندەها شانشین لە ئەوروپا كۆتاییان پێهاتبوو. ئمپراتۆریەتی عوسمانی لە كۆتاییەكانی دابوو.
خێزانی قەیسەری روسیا لە لایەن هاونیشتیمانیەكانیانەوە ناخۆشەویست بوون.
میلەت برسی بوو، باجێكی زۆری بەسەردا سەپێنرابوو.
لەگەڵ ئەو كێشانەی خێزانی شاهنشین پێیدا تێدەپەرین چاوەڕوانی بەرپابوونی جەنگیان نەدەكرد لە مانگی ئابی ١٩١٤.
سەرهەڵدانی شەڕ لە ساڵی ١٩١٤ بۆ قەیسەر و سوپاكەی چاوەڕوان نەكراوبوو، ئیمپراتۆریەت بە تەواوی ئامادە نەبوو بۆی.
بەهۆی بەشداریكردنی پیاوان لە بەرەكانی جەنگ دا، ژنان ناچار بوون بۆ پەیدا كردنی بژێوی ژیانیان روو لە بازاری كار بكەن.
كارگەكان بێ كرێكار مابوونەوە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی خاوەنكار لە ناچاریدا ژنان دابمەزرێنێت.
ملیۆنان ژن كاری ئەو پیاوانەیان وەرگرت كە پەیوەندییان بە سەربازییەوە كردبوو.
ژمارەی كرێكارانی ژن لە ناوەندە پیشەسازییەكاندا بۆ زیاتر لە ملیۆنێك بەرزبووەوە.
نزیكەی ٢٥٠ هەزار ژن پەیوەندییان بە هێزی كارەوە كرد لە نێوان ساڵانی ١٩١٤ بۆ ١٩١٧.
ژنانی خوێندەوار و خاوەن بڕوانامە لە بوارەكانی دەرمانسازی و تەندروستی و خوێندنگاكان شوێنی پیاوانیان گرتەوە.
ژنان بەگشتی بێجگە لەوەی لەبواری پیشەسازی و كارگەی ئاسن و ئەلەمنیوم و دروستكردنی چەكدا بەشداربوون، بەهەمان شێوە لە كشتوكاڵ و كێڵگەكانیش شوێنی پیاوەكانیان گرتەوە.
ژنان هەروەها ڕاستەوخۆ لە شەڕدا بەشداربوون بەڵام بە رێژەیەكی كەم، زۆرتر لە هێڵی دواوەی جەنگ وەك پەرستیار خزمەتیان دەكرد.
بارودۆخی كۆمەڵایەتی ژنان لە كاتی جەنگی جیهانی یەكەمدا كاریگەری لەسەر ئەو ڕۆڵە هەبوو كە لە شۆڕشەكانی دواتردا گێڕاویانە.
لە ٢٣ی شوباتی ١٩١٧ سانتپترسبۆرگ بووە جێی سەرنجی قەیسەر ئەوكات و دواتر جێی سەرنجی هەموو جیهان.
بەهۆی جەنگەوە لە لایەكەوە باج لەسەر هاوڵاتیان زیادكرابوو، لە لایەكی ترەوە نرخی خۆراك گران بووبوو.
لە ٢٣/٢/١٩١٧ بە ڕۆژژمێری روسی (واتا ڕۆژژمێری جولیان) كە هاوكاتە لەگەل ٨/٣ی ڕۆژژمێری زایینی (یان رۆژژمێری گریگۆری)، خۆپیشاندانی ژنان دەستی پێ كرد.
واتا لە ڕۆژی جیهانی ژنان دا، ژنانی كارگەكان لە سانتپترسبۆرگ بە دروشمی برسیمانە نانمان ئەوێ دەستی پێكرد.
هەرزوو ئەم خۆپیشاندانەی ژنان ژمارەیان زیادیكرد و هەموو كرێكارانی كارگەكانی تر و بە سەدان كەسانی ترچوونە ریزەكانیانەوە.
بەم شێوەیەش «نان» و “نانمان پێ بدەن» بوو بە دروشمی سەرەكیان.
بە هەوڵی شۆڕشگێڕە دژ بە حكومڕانەكان، بانگەوازی مانگرتنی گشتی لە كارگە و دوكانەكان لە سەرتاسەری سانتپیتربۆرگ بڵاوبووەوە، تا ٢٥ی شوبات نزیكەی هەموو كۆمپانیا پیشەسازییەكانی سانتپیترسبۆرگ لەگەڵ زۆرێك لە دوكان و كۆمپانیا خزمەتگوزارییەكان داخران.
هەروەها چینی خوێندكار و مامۆستا و پزیشك پەیوەندیان بە خۆپیشاندان و مانگرتنەوە كرد.
كاتی، شۆڕشی بەلشەفی یەكەمین شۆڕشی كۆمۆنیستی سەدەی بیستەمی زاینییە و درێژە پێدەری شۆرشی ژنان بوو لە ٨ی مارس(٢٣/٢ شوبات).
بەمەش دەتوانرێت ژن بە دەستپێك و پلان دارێژەری شۆرسی ئۆكتۆبەر دابنرێت.
زۆر لەبارەی بە پلان و بێپلانی شۆرشی ٢٣ی شوبات نوسراوە
مێژوونوسەكان كۆك نین لەسەر ئەوەی ئایا ئەم دەستپێكە لە لایەن ژنانەوە بە بەرنامە بووە یا زەروریەت و برسێتی تەنگی پێ هەڵچنیون و لەخۆوە و بێپلان رژاونەتە سەر شەقامەكان.
وەڵامی ئەم دوو تێروانینە بەلای منەوە ئەو بایەخەی نیە بەڵكو ئەوەی گرنگە و حاشا هەڵنەگرە كڵپەی شۆرشی ژنانە كە شۆرش هەڵدەگیرسێنن و خەبات دەكەن و باجی زۆر دەدەن و لە سەركەوتن و بەرهەمەكانی سەركەوتن بێبەش دەكرێن.
تێبینی:
رۆژمێری جولیان
(Julian Calendar) ساڵنامەیەكە كە لەلایەن جولیۆس قەیسەرەوە لە ساڵی ٤٦ پێش زایین دۆزرایەوە و لە ساڵی ٤٥ پێش زایین كەوتۆتە بواری پەیرەوكردنەوە. ساڵنامەی جولیان هەوڵی هاوشێوەكردنی ساڵی خۆر دەدات و پێكدێت لە ٣٦٥،٢٥ ڕۆژ كە دابەشكراوە بەسەر ١٢ مانگدا، ڕۆژژمێری جولیان لە كڵێساكانی ئۆرتۆدۆكسیدا تا سەدەی بیستەم پەیرەوكراوە، لە روسیا ئەم رۆژژمێرە تا دوای شۆرشی ئۆكتۆبەر پەیرەوكراوە.
سەرچاوە؛ ماڵپەڕی هاوڵاتی