ڕەدووكەوتن لە كوردستان چاپ كرا

كتێبی "ڕەدووكەوتن لە كوردستان"، یەكێكە لە بەرهەمە بەپێزەكان كە بەم زووانە دەبێتە میوانی كتێبخانەی كوردی، خوێنەران بە تێر و تەسەڵی بە بابەتی رەدووكەوتن ئاشنا دەكات، ئەم بەرهەمە لە نووسینی بوار نورەدین سابیرە و لە دووتوێی 480 لاپەڕەدا بە چاپ گەیشتووە.
لەبارەی ناوەڕۆكی كتێبەكەوە، بوار نورەدینی نووسەر بە "وشە"ی گوت، دوای هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر و درێژخایەن، كتێبی رەدووكەوتنم تەواو كرد، كە هەوڵ و تەقەڵایەكی لەرادەبەدەری ویست و زۆری پێوە ماندوو بووم.

زیاتر گوتی، ئەم كتێبە لە چەند بەشیك پێك دێت، بەشی یەكەم، گەشتێك بە ناو مێژووی كۆمەڵگەی كوردستان، بۆ ئەوەی خوێنەر بەر لەوەی بەر ئەم هەموو رووداو  و چیڕۆكەی ناو كتێبەكە بكەوێت، بزانێت مێژووی كورد چییە و چۆن هاتووە  و چی بەسەر هاتووە؟، ئەوەش وەك ئاشنابوونێك بە كورد. 

نووسەر دەڵێت، بەشی دووەم بریتییە رەوشی ئافرەت لە كولتووری كوردستاندا، ئەمەش روونكردنەوەی ژیان و رەوش  و دۆخی ئافرەتە لە مێژوودا، بۆ ئەوەی خوینەر بزانێت ژن لە رابردوودا لەم كۆمەڵگەیە چۆن ژیاوە؟

"بەشی سێیەم شیكردنەوەی واتای رەدووكەوتنە، رەدووكەوتن چییە و هۆكارەكانی چین؟، ئەو پاڵنەرانە چین وای لە تاكی كورد كردووە ئەو كردە ئەنجام بدات؟، مەبەست لەم كارە چی بووە و ئاكام و چارەنووسی ئەم كەسانە بەچی گەیشتووە؟، ئەمەم بە تەواوەتی روون كردووەتەوە و دەتوانم بڵێم كڕۆكی كتێبەكە ئەم بەشەیە، بەشی چوارەمیش، چەند چاوپێكەوتنێكە لەبارەی ئەم باسە و لێكۆڵینەوە لەم حاڵەتە كە لە كۆمەڵگەی كوردستاندا هەیە"، بوار نورەدین وا دەڵێت.

ئاماژەی كرد، بۆ ئەم كتێبە راوێژم بە نزیكەی 30 كەس كردووە، كە هەموویان پسپۆڕ و كەسانی شارەزا و لێهاتوو و مامۆستای زانكۆ بوونە، سەرجەمیان كتێبەكەیان خویندووەتەوە و سەرنج و تێبینی خۆیان خستووەتە روو، كتێبی "ڕەدووكەوتن لە كوردستان"، لە دووتوێی 480 لاپەڕەدا بە چاپ گەیشتووە و بەم زووانە دەكەوێتە بەر دیدەی خوینەران.

سەرچاوە: wishe- ئاسان محەمەد