ڕۆڵی سه‌رۆكی هه‌رێم چیه‌؟

 

  لەتیف فاتیح

هاتنه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان ، رۆژی دووشه‌مه‌22ی نیسان رۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی بۆ عیراق و دواتر كوردستان " ئه‌و كوردستانه‌ی تا ئێستا ئه‌ردۆو پارته‌كه‌ی و حكومه‌ته‌كه‌ی و ته‌نانه‌ت زۆرینه‌ی گه‌له‌كه‌ی به‌ ناوهێنانی ده‌هری ده‌بن و ده‌كه‌ونه‌ له‌رزه‌ " ئه‌و پێشوازیه‌ له‌ ئاكاربه‌ده‌ره‌ی ئه‌ردۆغان له‌ هه‌رێمی كوردستان و هه‌ولێر له‌ كاتێكا ئه‌گه‌ر بیانوو پڕۆتۆكۆلیش بێت وه‌ك ده‌ڵێن ئه‌وه‌ له‌ ده‌مێكدا ده‌بێت كه‌ ئه‌ردۆغان و وڵاته‌كه‌ی به‌ ڕێزو شكۆوه‌ سه‌یری كورد بكه‌ن و هه‌رێمه‌كه‌ وه‌ك ناوه‌ فه‌ڕمیه‌كه‌ی بناسن، هاتنی ئه‌ردۆغان  بۆ عیراق و كوردستان و چوونی بۆ هه‌رشوێنێكی دنیا نه‌خێری پێوه‌ ده‌بێت نه‌بۆ كاری خێره‌، سه‌رانی تورك بچنه‌ هه‌ركوێی دنیا داوای نابه‌جێ‌ و ناماقوڵ ده‌كه‌ن ، بچنه‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێن گوله‌نمان بده‌نه‌وه‌ دادگای ده‌كه‌ین ، بچنه‌ سوید داوای ڕاده‌ستكردنی كورد ده‌كه‌ن ، بچنه‌ فه‌ڕه‌نسا به‌ دوایدا كورد تیرۆر ده‌كرێت ، بچنه‌ یۆنان به‌شێكی داگیر ده‌كه‌ن ، له‌ نێوان ئه‌رمینیاو ئازه‌ر بایجان ئاگری شه‌ڕ له‌ سه‌ر لاشه‌ی كورد هه‌ڵده‌گیرسێنن، ئه‌گه‌ر بچنه‌ دورترین وڵاتی ئه‌مه‌ریكای لاتینیش، بێگومان ڕه‌نگه‌ بۆ ئه‌وه‌ بچن داوای لاشه‌ی كوردێك بكه‌ن كه‌ سه‌ت ساڵ پێشتر ڕه‌خنه‌یه‌كی له‌ ئه‌تاتورك گرتوه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی  ئێسك و پروسكه‌ به‌ خۆڵبوه‌كه‌ی بسوتێنن.

ڕۆژی دوای هاتنی ئه‌ردۆغان ،له‌ به‌لجیكا په‌لاماری میدیای كوردی درا له‌ لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ، وه‌ك ده‌ڵێن له‌ پاریسیش كوردان گیراون و چونه‌ته‌ نێو چاندو ناوه‌ندی كوردیه‌وه‌ ، له‌ توركیاش په‌لاماری كورد به‌رده‌وامه‌، هه‌ر ڕۆژی هاتنه‌كه‌ش تورك باشوری كوردستانی بۆردومان كردو ئه‌ردۆش له‌ گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌یدا هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سلێمانی و رۆژئاوای كوردستان كرد ،هه‌ڕه‌شه‌كان هه‌رچۆن و هه‌رچی بن ، ئاكه‌په‌و توركیاو ئه‌ردۆ له‌ وه‌زیاتریان پێناكرێت تا ئێستا كردویانه‌، بێده‌نگی و بێئاكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و ناوه‌نده‌كانی مافی مرۆڤه‌ كه‌ له‌ سه‌ر داگیر كاری توركیا نقه‌یان له‌ خۆیان بڕیوه‌و عه‌فرینی كوردانیان داوه‌ته‌ ده‌ست بڕنده‌و دڕنده‌ داعشیه‌ توركیه‌كانه‌وه‌، ئه‌وانه‌ دیوی دوه‌می داعشن به‌ هاوكاری توركیا .
 

دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان كه‌وته‌ هه‌ڕه‌شه‌، هه‌ڕه‌شه‌له‌ سلێمانی ده‌كات و سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی ده‌نگیان نیه‌، له‌ كاتێكا سه‌رۆكی هه‌رێم یه‌كه‌مین ئه‌ركی ئه‌وه‌یه‌ به‌ هه‌ر هێرشكه‌رێك بڵێت بۆت نیه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ یه‌ك شوێنی هه‌رێم بكه‌ی، خۆی چه‌ند ڕۆژ پێشتر له‌ دیداری هه‌شته‌می سلێمانیش وتی من لێره‌ میوان نیم من نیوه‌م سلێمانیه‌، به‌ڵام نه‌ به‌ ئه‌ردۆغان ده‌ڵێت شه‌كرت شكاند، نه‌به‌ دۆسته‌كانی كوردو هاوپه‌یمانان ده‌ڵێت ئاگاتان لێیه‌ ئه‌ردۆ چ ده‌ڵێت، بێده‌نگی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ وه‌ك هاوكاریه‌كی ته‌واو دێت بۆ توركیا ، هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌ردۆغان له‌ سلێمانیه‌ نه‌ك له‌ په‌كه‌كه‌ ، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كه‌ له‌ په‌كه‌كه‌ش بێت پێویسته‌ هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی هه‌رێمه‌كه‌ی دیسان قسه‌یه‌كی ئاوه‌زیان هه‌بێت.
 

من هه‌ست ناكه‌م پێشم وانیه‌ توركیا ئه‌وه‌ی چنیبێته‌وه‌ كه‌ بۆی هاتوه‌ ، به‌ڵام ئه‌مه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ هێرش و په‌لاماره‌كانی ناكات ، نیشانه‌ی ئه‌وه‌ش نیه‌ كه‌ به‌رده‌وام فشار نه‌خاته‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ، عیراق، سوریا بۆ هاوكاری كردنیان له‌ كوشت و بڕی كوردا، ئه‌وه‌یان كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌یه‌ بۆ دروستكردنی شه‌ڕی براكوژیه‌، كه‌ خودا نه‌كرده‌ ئه‌مجاره‌ ڕوبدات ئیدی شه‌ڕی براكوژی نابێت و شه‌ڕی نێوان نیشتمانویستی و خیانه‌ت ده‌بێت ، من ئێستاش كه‌ كتێبی كورده‌كانی نوسه‌ری دیاری ئێرانی قادری عه‌بدوڵا ده‌خوێنمه‌وه‌، هه‌رچه‌ند ئه‌و ئیدی به‌ جۆری دیكه‌ ته‌ماشای كورد ده‌كات و نایه‌وێت ئه‌و برینانه‌ هه‌ڵدرێنه‌وه‌، ئازار به‌ دڵم ده‌گات ئه‌وه‌تا فارسێكی دۆستی كورد به‌و جۆره‌ وێنه‌كان نیشان ده‌دات ، كه‌ هیوادارم ئه‌و وێنانه‌ دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمه‌ ده‌بێت وا بكات ئه‌و وێنانه‌ دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌ ، چونی پێشمه‌رگه‌ بۆ كۆبانی جۆش و خرۆشێكی گه‌وره‌ی خسته‌ نێو گیانی كورده‌واریه‌وه‌ ، باشه‌ كۆبانی و عه‌فرین چ جیاوازیه‌كیان هه‌یه‌، خۆ ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ش نه‌بێت ، رێی دیلۆماسی و خه‌باتی ئازایانه‌ ڕێی لێنه‌گیراوه‌ .
 

ڕۆژانی داهاتوو سه‌نگی مه‌حه‌ك ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم چی ده‌كات و چۆن، ئه‌مه‌به‌رانبه‌ر فشاره‌كانی توركیاو بارو دۆخی ناوخۆی هه‌رێمیش كه‌ به‌ خراپترین قۆناغدا گوزه‌ر ده‌كات .

سەرچاوە ؛ سپیممیدیا