نووسەری کارەکە، زەردەشت نورەدین دەربارەی کارەکە دەنوسێت:
حەشری ئاشقان بیهێنە پێشچاوت، ئاشقانی ناو داستانەکانی کوردەواری، شیرین و فەرهاد، مەم و زین، لاس و خەزاڵ، خەج و سیامەند بۆ ئەم سەردەمە بگەڕێنەوە و بەشێوەی سەیر و لە چەند ڕووداوێکی نامۆدا دیسان یەکتری ببیننەوە، چی ڕوو دەدات؟ دوایین کاراکتەری داستانی ئاشقانەی ئەم سەردەمەش ڕۆزانا و کامەران بۆ ئەو جەمە زیاد بکرێت. ڕاستە هەموو ئەو کاراکتەرانە هی سەردەمی جیاواز و هی دەقی جودا و سەربەخۆن بەڵام هاوکاتانە و هاوشوێنانە لە دەقێکی تردا یەک دەگرنەوە و حەشری ئاشقان پێک دەهێنن. گەڕانەوەی ئاشقان، تەنیا هاتنەوەی کاراکتەرەکان وەک بوونێکی ئەندێشەیی نێو ئەدەبی ئێمە نییە تاوەکوو لە ئێوارەخوانی دەقێکی تردا بەیەک بگەنەوە بەڵکوو هێنانەوەی جیهانی واقیعی تایبەتی مرۆڤە بە ورد و درشتی خەم، ئازار و دابڕانەکانیەوە بۆ ئەم سەردەمە. لەم بووژانەوەدا، کە دەشێت ژینێکی تری مرۆڤ بێت، ئایا چارەنووسی ئاشقان هەمان چارەنووسی سەردەمانی ڕابردووە یان بە هۆی گۆڕانی واقیع و سەردەمەوە، گۆڕانیش بەسەر بوونی ئاشقانەی مرۆڤدا هاتووە؟ حەشری ئاشقان دووەم ڕۆمانی منە، لەلایەن ناوەندی ڕۆمانەوە بەم زوانە بڵاو دەبێتەوە.
سەرچاوە: galawej