هاژە باست
هەرچی خۆشەویستی لە بوونییەتدا هەیە بیبەخشە (نەک هەر تەنها ئەوەندەی خۆت پەی پێدەبەیت)، دەبینی ئەوەی تا ئێستا بەخشیوتە تەنها مشتێک بووە لە خەرمانێک
هەموو یەکێک لە ئێمە کە دێینە بوون، بوونەوەرێکین پڕپڕین لە خۆشەویستی، خۆشەویستی بۆ هەرچی لە دەورووبەرمان هەیە، ئەوە خۆمانین بڕیار دەدەین چەندی ببەخشین و چەندی بە خەسار بدەین و چەندی لەناو خۆماندا قەتیس بکەین، وەرە و تاقیکردنەوەیەک لەسەر خۆت بکە، وەک ئەوەی دەکەویتە شوێنێک و ناچار بیت ئەو کارە بکەین، هەرچی خۆشەویستی لە بوونییەتدا هەیە بیبەخشە (نەک هەر تەنها ئەوەندەی خۆت پەی پێدەبەیت)، دەبینی ئەوەی تا ئێستا بەخشیوتە تەنها مشتێک بووە لە خەرمانێک.
حیکمەتی ئەم بەخشینە چییە؟
بیهێنە پێش چاوت بەڕێدا دەڕۆیت و پێت لەبەردێک هەڵدەکەوێت و یان ئەوەتا تەنها کەمێک لار و خوار دەبیت، یاخود دەکەویت و ئەژنۆت یان لەپی دەستت ئازاری دەبێت، باشە ئەگەر خۆت لەبەردەکە توڕە بکەیت و تەنانەت قسەشی پێ بڵێیت چی دەگۆڕێت؟ ئەی ئەگەر بە پێکەنینەوە هەستیتەوە و لە ڕێ رۆشتنی خۆت بەردەوام بیت و لەبەر خۆتەوە بڵێی خێرێکی تێدایە، ئەو کات چی دەگۆڕێت؟
لەیەکەمدا دەبینی میزاجت شێواوە و رقت لە خۆت و دار و بەرد دەبێتەوە، خوانەخواستە لەو کاتەدا بگەیتە کەسێک بەسەریدا دەتەقیتەوە، بەبێ هۆکار، لە دووەمیشدا بە میزاجێکی سافەوە لە ژیانی خۆت بەردەوامی دەبیت و هەرچی دواتر رووبدات بە خێرێکی تری دەزانی بۆ ژیانت، ئەمە تەنها بۆ بەردێک و رێڕۆشتنێکی ئاسایی بوو، ئەی ئەگەر هەر بەم جۆرە لەگەڵ هەموو سەختی و رووداوەکانی ژیانت رووبەڕوو ببیتەوە؟
خۆ تۆ ئێستا هیچت نەکردووە، تەنها هەوڵتداوە بە خۆشەویستییەوە ژیان بکەیت، تا دەگاتە ئەو ئاستەی خراپییەکانی ژیانیشت چێژ لێ دەبینی و هەرچی کارێک دێتە رێت بە ئاسانی دەڕوات، لەبەرامبەریشدا هەر خۆشەویستی وەردەگریتەوە، دەی با چەندمان هەیە بیبەخشین، خۆشەویستی دەڵێم.
سەرچاوە : کوردستانی نوێ