چەند سەرنجێک لەسەر کتێبی "کۆژان"

 جەمال ئارێز

رۆژی 16/11/2022 لە هۆڵی خاک رێوڕەسمێک بۆ ناساندن و دابەشکردنی کتێبی  (کۆژان) لە نۆت و تێکستی چەند بەرهەمێکی ساڵانی 1974 تا 2004) بەڕێوەچوو  کە یەکێکە  لە  بەرهەمە کەم وێنە و سەنگینەکانی هونەرمەندی میوزیکژەن و مامۆستا و پێشمەرگە  ئاراس ئیبراهیم، 
ئەم کتێبە کە بە قەبارەی (A4) ەو لە دووتوێی (209) لاپەڕەدا چاپکراوە ، دەکرێت لە چەند روانگەیەکەوە تێبینی و سەرنجی لەسەر دەرببڕین.
روانگەی یەکەم: پێشەکی و چیرۆکەکانی ناوەڕۆک 
لەبەرئەوەی لە نزیکەوە هەردوو مامۆستای گەورەم کاک دلێر ئیبراهیم و کاک ئاراس ئیبراهیمی برای دەناسم و هێشتا منداڵی پۆلی سێیەمی سەرەتایی بووم، لە قوتابخانەی شێخ مەحمود قوتابی مامۆستا دلێر بووم و لە تیپی منداڵانی سلێمانیشدا وەک کۆرس بەشداربووم، تا کارەساتەکەی 17/4/1978ی شەهیدبوونی کارزان و فەرمان و ئازاد و رێبوار کۆتایی بەو قۆناغە هێنا، هەموو رۆژانی هەفتە لە خزمەت مامۆستا دلیردابووم بۆ پرۆڤە.
لەدوای ئەوەشەوە و لە قۆناغی جیاجیادا بەریەککەوتنم هەبووە لەگەڵیاندا چ لە شار و چ لە شاخ و تائێستاش هەمان ئەو دوو کانزا پاکژە و ئەو دوو رۆحە فریشتەییە بێ غەل و غەشەن کە هەبوون، بۆیە ئەوەی لەو کتێبەدا و لەماوەی تەنها دوو رۆژدا بەوردیی خوێندمەوە و هەڵوێستەم لەسەرکرد، ئەوەبوو کە دەگمەنن ئەو جۆرە کەسانە کە بەهەر شێوەیەک بۆیان دەکرێت لە بوارەکەی خۆیاندا خزمەت دەکەن و تەنانەت ئەو غەدرانەی کە زەمانە و دەورەبەریش لێی کردوون، نەیهەژاندوون و نەیژاکاندوون، بەڵکو وەڵام و پەرچەکردارەکانیشیان بەجۆرێک بووە کە کردویانەتە بەرهەمێکی تری هونەری لە خزمەتی بیروباوەڕی خۆیاندا کە تەواو بیروباوەڕێکی مرۆڤانەیە لەسەروو هەموو ئیعتیبارێکی نەتەوەیی و ئایینی و ناوچەییەوە.
هەرچەندە کتێبی کۆژان لە نووسین و ئامادەکردنی مامۆستا ئاراس ئیبراهیمە، بەڵام کە دەچیتە ناوەڕۆکەکەیەوە، مامۆستا دلێر ئیبراهیم حزورێکی گەورەی تیایدا هەیە، چونکە لەپێشەکییەکە و لە چەندێک لە لاپەڕەکانی ناوەڕاست و کۆتاییشدا نەخشی هەیە و شوێن پەنجەی دیارە، جگە لەوەی بەشێکی زۆر لەو تێکست و میلۆدییانەش کە لە کتێبەکەدا نووسراونەتەوە بەرهەمی بیرو ئەندێشەی ئەدەبی و هونەریی مامۆستا دلێر-ن. 
هەروەک مامۆستا دلیر مامۆستا ئاراسی هانداوە بۆ نووسین و ئامادەکردنی ئەو کتێبە، جگە لەوەش چیرۆک و نهێنییەکانی پشت زۆرێک لە تێکست و ئاوازی بەرهەمە هونەرییەکانی تیپی مۆسیقای سلێمانی و تیپی مۆسیقای شەهید کارزانیشی روونکردۆتەوە کە هەندێکیان دەهێنن هەڵوێستەیان لەسەر بکرێت.
نووسینەکانی مامۆستا دلێر لە کۆژان-دا هەستێکی سەیر لای خوێنەر دروست دەکات کە ئەم مرۆڤە چەندە راستگۆ و سەرڕاستە، لەلایەک برای گەورەی مامۆستا ئاراسە و رەنگە دەستگیرۆکار و هاوکاری سەرەتاییشی بووبێت لە بواری میوزیکدا، بەڵام گەواهیی ئەوە بۆ کاک ئاراس دەدات کە لە نووسینەوەی نۆت و پیتە مۆسیقییەکاندا لەخۆی وردترە بۆیە پێی خۆش بووە کە کاک ئاراس ئەو کتێبە بنووسێت و ئامادەی بکات.
 ئەوەی خوێنەر سەرسام دەکات ئەو گیانی تەوازوع و راستگۆییەیە کە لە دنیای بەرژەوەندیی و خۆپەسەندیی ئێستادا زۆر دەگمەنە، مەگەر لەلای ئەم جۆرە مرۆڤە رەسەنانە مابێتەوە.
 جگە لەوەش لە چیرۆکەکانی پشت لەدایکبوونی بەشێک لە تێکست و میلۆدییەکاندا زۆرجار رەخنە لەخۆی دەگرێت کە ئەوەش ئێستا کەمە و زۆربەی خەڵک، کەسانی دەگمەنی وەک مامۆستا دلێر نەبێت، ئامادەنین بە نووسینێک کە بشزانن دەچێتە مێژووەوە، رەخنە لە تێڕوانینێکی رابردووی خۆیان بگرن.  

روانگەی دووەم: پاراستنی ئاواز لە شێواندن
من بۆخۆم یەکێکم لەوانەی چێژێکی زۆر لە هونەری موزیک دەبینم و تا رادەیەک گوێیەکی میوزیکی باشیشم هەیە لە لەبەرکردنی ئاواز و میلۆدیدا، بۆیە زۆر ناڕەحەت دەبم کاتێک گوێم لە ئاواز و گۆرانییەکی کۆن یان نوێ دەبێت کە کەسێک دەیڵێتەوە لەگەڵ گروپێکی میوزیکدا، کاتێک شێواندن و نەشازم بەرگوێ دەکەوێت، دەستبەجێ مەزاجم تێکدەچێت، بۆیە پێموایە ئەم کارەی مامۆستا ئاراس رێگرێکی گەورە دەبێت لەبەردەم لانیکەم ئەو میلۆدی و ئاوازی سروود و گۆرانییانەی لە کۆژان-دا بە نۆت نووسیونییەوە، چونکە زۆرێک لە ئاواز و تێکستە  کوردییە کۆنەکان لەلایەن هەندێک کۆلکە هونەرمەندەوە بەدەنگی خۆشەوە شێوێندراون، بەڵام لەبەر نەبوونی تۆمارێکی وەکو کۆژان، نەتوانراوە رەخنەیەکی راست و دروستی زانستییانە لەوانە بگیرێت کە شێواندویانە، دەنا ئەگەری هەیە لە داهاتوودا هونەرمەند و خەڵکانێک بێنە ئاراوە ئەم میلۆدی و تێکستانە بە شێوەی نوێتر و باشتر پێشکەش بکەن بەگوێرەی پیشکەوتنی کایەی موزیک لە رووی ئامێر و ئەندازیاریی دەنگ و تەکنۆلۆژیای نوێوە، وەک چۆن چەند هەوڵێکی باش دراون بۆ نوێکردنەوە و پاککردنەوەی هەندێک لە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان وەک ئەو شۆڕشەی کامکارەکان لە گۆرانییەکانی سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی و زۆر بەرهەمی فۆلکلۆردا کردیان، یان نوێکردنەوەی گۆرانییەکانی ئەحمەد شەماڵ.
سەرەڕای پاراستنی میلۆدییەکان، گرنگییەکی دیکەی (کۆژان) نووسینەوەی تێکستی هۆنراوەی سروود و گۆرانییەکانە، چونکە زۆر ئاواز و میلۆدی هەن کە بۆ ئەو کەسانەی گوێی میوزیکییان بەهێزە، ئاسان لەبەردەکرێت و دەژەنرێتەوە، کەچی زۆرجار گرفت لە تێکستەکاندایە کە زۆر گۆرانیمان بەرگوێ دەکەوێت کە لەلایەن خەڵکانی دیکەوە دەبێژرێنەوە، لەڕووی دەنگەوە زۆرێکیان دەنگیان خۆشە،  بەڵام تێکستی گۆرانییەکە دەشێوێنن، چونکە لە زاری گۆرانیبێژەکەی یەکەمجارەوە وەریانگرتووە و زۆر وشەی بە هەڵە تێگەیشتوون و ئیدی ئەو هەڵەیە وردە وردە جێگای وشە و تێکستە راستەکە دەگرێتەوە و دەچەسپیت، بۆیە کۆژان لەم بوارەدا ئەو کۆمەڵە بەرهەمەی بە تێکست و میلۆدییەوە لە شێواندن پاراستووە، ئەگەر بەشێکی کەمیش بێت، کە جێگای دەستخۆشییە.  
روانگەی سێیەم: پاراستنی گەنجینەی رابردوو، دەروازەیەک بۆ داهاتوو
ئەگەر کۆژان بە سەرەتایەک لە تۆمارکردنی هونەری میوزیک و گۆرانیی کوردی پێناسە بکەین، ئەوا دەشێت وەک گەنجینەیەک پێناسەی بکەین بۆ رابردوو، هەروەها دەروازەیەک بۆ داهاتوو، چونکە رەنگە مێژووی هونەری گۆرانیی کوردی لە لاوک و حەیران و هۆرە و سیاچەمانە و ئەوانی دیکەوە مێژوویەکی دێرینیان هەبێت، بەڵام چوارچێوەبەندکردنی لە قاڵبی بەستەی کورت و تێکست و میلۆدییدا مێژوویەکی دووری نییە و پێموانییە لە 100 ساڵ زیاتر بێت، بۆیە دەکرێت ئەو دەروازەیە ببێتە دەستپێکێک بۆ ئەو موزیسیانانەی بایەخ بە پاراستنی کەلتور و هونەری کوردی دەدەن، هەریەکەیان لای خۆیانەوە و بەگوێرەی شێوەزاری ناوچەی خۆیان بەشێک لەو میلۆدی و تێکستانە بە نۆت و بە نووسراو وەک کۆژان تۆمار بکەن و لە فەوتان رزگاریان بکەن، تا لە ئایندەدا ئەگەر نوێبکرێنەوە میلۆدیی و وشەی تێکستە رەسەنەکان نەشێوێنرێن.
بەهەمان شێوە کۆژان ببێتە دەروازە بۆ ئاییندەش، واتە ئەو گۆرانییانەی لەدوای کۆژان-ەوە بەرهەم دەهێنرێن، دوای بڵاوبوونەوەیان  تێکست و میلۆدییەکانیان بدرێتە ئەو کەسانەی لە نووسینەوەی نۆت-دا شارەزان تا ئەوانیش لە فەوتان بپارێزرێن، چونکە ئەوەی بۆ ئەمڕۆ نوێیە، سبەی دەبێتە یادگاریی و مێژوو، دیارە پێشوازیی خەڵک و مانەوەی بابەتە هونەرییەکانیش لە یادەوەریی و ویژدانی هونەردۆستاندا خۆیان حوکمی رەسەنایەتی و سەنگینییان دەدەن.
دوا سەرنج
لە کۆتاییدا دووبارە دەستخۆشی لە مامۆستای گەورەم مامۆستا ئاراس ئیبراهیم دەکەم بۆ ئەو کارە ناوازەیەی کە ماندووبوونێکی زۆری پێوەدیارە، دیارە میوزیسیانەکانیش زیاتر لەو ماندووبوونەی تێدەگەن. 

 

سەرچاوە: knwe