
ئارام رەفعەت
دیداری کۆبانێ و ژان نوێل بارۆ لە ٢٣ی ئەم مانگەدا لە هەولێر، چەندین پەیام و ئاماژەی گرنگ هەڵدەگرێت، لێرەدا ئاماژە بە هەندێکیان دەدەم.
یەکەم،
فەرەنسا لایەنێکی کاریگەر و سەرەکییە لە هاوکێشەکانی پەیوەست بە سوریا.
بۆ تێگەییشتن لە هەر جوڵەیەکی فەرەنسا لە رۆژاڤا و سوریا، لەناویشیاندا ئەم دیدارەی کۆبانی-بارۆ، دەبێت ئەم چەند خاڵە رەچاو بگرین:
ا) فەرەنسا ئەندامێکی سەرەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە دژی داعش.
ب) دوای ئەمریکا فەرەنسا زۆرترین سەربازی لە رۆژاڤا هەیە.
ج) کاریگەری و میراتە مێژوویەکانی فەڕەنسا وەک ئیستیعمار لە سوریا و لێکەوتە و میراتە کەلتوری و سیاسی و دیبلۆماسییەکان.
د) ململانێکانی فەرەنسا و تورکەکان لەسەر داڕشتنەوەی سنووری ئاوی نێوان سوریا و قوبرس و تورکیا.
ه) فەرەنسا بەها و مۆراڵە سیاسی و دیپلۆماسیەکانی هێشتا کەم تا زۆر لە ژێر کاریگەری بەها و مۆراڵەکانی شۆڕشی فەرەنسیدایە و لەناویشیاندا رادیکاڵ لە بڕیار و پرەنسیب لە سیاسەتدا. ئەمانە، بە روونی لە راپەڕین و کۆڕەوەوە لە سیاسەتی فەرەنسا دەرهەق بەکورد بەدی دەکرێت.
و) بەدیوی نەرێنیدا، فەرەنسا کاراکتەر و زلهێزێکی سەرەکی نییە، لانی کەم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ئیمکانات و تواناکانی تا رادەیەک سنووردارە.
لەبەر ئەم هۆیە، ناکرێت لەدەرەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا، زۆر حیساب لەسەر فەرەنسا بکرێت.
دووەم،
فەرەنسا دیمەشق بایپاس دەکات.
دیدارەکە لە هەولێر بوو نەک دیمەشق. پەیامەکە ئەوەیە کە فەڕەنسا و هاوپەیمانان بەردەوام دەبن لە مامەڵەکردن لەگەڵ رۆژاڤا وەک یەکەیەکی ئیداری دیفاکتۆ، بێ گەڕانەوە بۆ دیمەشق و حکومەتەکەی جۆلانی.
سێیەم،
تەوەرەکانی گفتوگۆ جێی سەرنجن.
سەقامگیری رۆژاڤا، رێککەوتن لەگەڵ جۆلانی و بەردەوامی هاوپەیمانی دژی داعش تەوەرەکانی ئەم دیدارە بوون. ئەمەش ئاماژەیە بەوەی فەرەنسا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبن لە دەستبار گرتن لەگەڵ رۆژاڤادا لەهەموو پرسە چارەنووسازەکان .
چوارەم،
تەوقیتی دیدارەکە گرنگ بوو.
دیدارەکە هاوکاتە لەگەڵ سێ ئاڵوگۆڕی گرنگ، کە ئەمانەن:
ا) بەردەوامی لە ئاگربەستی تورکەکان و چەتەکانی لە بەنداوی تشرین و قەرەقۆزاق.
دوای سەردانەکەی هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەی تورکەکان بۆ ئەمریکا، ئەم ئاگربەستە دەستی پێکردووە.
لەم تەوقیتەدا، کە فشار و مەترسی هێرشی سەربازی تورکەکان کاڵ بۆتەوە، رۆژاڤا لە پێگەیەکی بەهێزترەوە خۆی بۆ هەموو ئاڵوگۆڕ و دانوسانێک لەگەڵ جۆلانی و حکومەتەکەی ئامادە دەکات.
ئەم دیدارە دڵنیایی و گوڕ و تەوژمێکی زیاتر بە رۆژاڤا دەدات و پێگەی بەهێزتر دەکات.
ب) دیدارەکە هاوکات بوو لە گەڵ هەواڵی ناردنی سەد سەربازی فەڕەنسی بۆ رۆژاڤا و لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا.
ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن کە فەرەنسا هێزی زیاتریش دەنێرێت و کارئاسانی دەکات بۆ ئەمریکا تا هەندێکبلە هێزەکانی بکشێنێتەوە.
ئەم دیدارە و ئەم هەواڵە پەیامێکە بۆ ئەوانەی حیاساباتەکانیان لەسەر بنەمای دەسبەرداربوونی هاوپەیمانان لە شەڕڤان و کشانەوەی هێزەکانیان لە رۆژاڤا، دەبێت مایەپوچانە بەو حیساباتەیاندا بچنەوە.
ج) دیدارەکە هاوکات بوو لەگەڵ راگەیاندنی رۆژی کۆنگرەی ئاشتی کوردانی رۆژاڤا (تەڤگەر و ئەنەکەسە).
بەستنی کۆنگرەی ئاشەتەوایی دەمێکە دەستاو دەستی پێدەکرێت و گومانی فشار و رێگری تورکەکان لەبەستنی ئەم کۆنگرەیە بەهێزە.
یەکریزی و یەک دەنگی کوردانی رۆژاڤا خواستێکی لە مێژینەی فەرەنسا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە. پێدەچێت فەرەنسا رۆڵێکی هەبێت لەم وەرچەرخانەدا، یان لانی کەم موبارەکەی فەرەنسای لەسەر بێت. ئەمەش گوڕ و تەوژمی زیاتر بە پرۆسەی ئاشتەوایی دەبەخشێت.
د) دیدارەکە لە کاتێکدایە کە لەلایەکەوە کاڵبوونەوەیەک لە سێبەری تورکەکان بەسەر سوریادا هەست پێدەکرێت و لەلایەکی تریشەوە جۆلانی و حوکومەتەکەی مانگی هەنگوینیان تێپەڕاند و ئێستا لە دۆخێکی نیمچە ئینعیزالی دان.
سەرچاوە : سپی میدیا