
د.چیا عەباس
لەو ساتەی کوردێک چاوی بەدنیا هەڵدێت و یەکەم وشەی دایە و بابە بە کوردی دەچرێتەوە دەکرێت ببێتە نیشتمان و نیشتمانیش ببێتە بێشکەی لاوانەوەی.
تەنها ناسنامەی کوردبون لە ژیاندا مانای ئەوە نیه کە پێوەندی نێوان مرۆڤ و نیشتمان هاوسەنگ و جێگیر و ئارام دەبێت، چونکە دەشێت گەلێک فاکتەر و هۆکاری تر ناسنامەی مرۆڤ بە ئاراستەی جیاواز و نەخوازیاردا ببەن.
کاتێک بەهەر هۆکارێکەوە بێت ناسنامە سەری لێ دەشێوێت و تەم و لێلی زاڵ دەبن، دەشێت ببێتە زەمینەخۆشکەر بۆ نامۆبون بە نیشتمان و بەها پیرۆزەکانی نەتەوە. ئەو دەلاقەیەی دروست دەبێت زەمینەخۆشکەریش دەبێت بۆ لادان لە نەتەوە و تەنانەت خۆفرشی و خیانەتیش، مێژومان هەژار نیە لەم جۆرە روداوانە.
جاران هەڵوێست و هەڵسەنگاندن زۆر رون بون، سەردەمانێک کورد دو بژاردەی لە بەردەمدا بو: یا لە گەڵ نەتەوەکەی دەبێت بەبێدەنگیشەوە بێت یاخود دژی، لە دەرەوەی ئەم هاوکێشەیە جۆرەها پێناسە دەکرا: ترسنۆک، خۆپەرست، خائین، جاش، بەکرێگیراو، خۆفرۆش و گەلێک پێناسەی تر.
ئێستا پاش زیاتر لە شەست ساڵی خەبات و قوربانی کۆیلایەتی و جاشایەتی بۆ رژێمی بەغدا بۆتە پیشەی چەند سیاسەتمەدار و پەرڵەمانتار و کادرە باڵاکانی حزبەکانی کوردستان. زۆر مەحاڵە ئەمجۆرە مەخلوقانە پاشکۆیەتی بۆ بەغدا بە رێگەچارەی پرسی کورد بزانن، ئەوان باش دەزانن دەسەڵاتی هەرێم لاواز و دابراو و نادادپەروەرە، ئەوەی لە بەغدا دەستیان دەکەوێت، تایبەت پلە و پۆست و پارە و بازرگانی ژێربەژێر ئەوەندە چەورن هەمو شتێک دەکەن بە چەمانەوەش بۆ بەغداد، مەبەستی سەرەکیان دارمانی کیانی هەرێمە و گەرانەوە بۆ دەسەڵاتی پارێزگاکان.
مالکی، عامری، خەزعەلی، حەکیم، عەبادی و .... تەنانەت " دۆستە " مودەللەکەی کورد، عادل عبدالمهدی، بەڵگەنامەی حاشاهڵنەگراو لەسەر دز و چەتەیی و مرۆڤ کوشتن و دژایەتی کورد و هەرێمی کوردستانیان لەسەرە.
ئەم مالیکیە، سەرەرای ئەوەی جاران دژ بە رژێمی سەدام کاری کردوە، تەنانەت بۆ حزبی دەعوە کاری تێرۆریستی لە کوێت و لوبنان کردوە، لە سەردەمی ئیدارەی بوشی کور بەپێشنیازی CIA بۆ سەرۆک وەزیران دانراوە ، زەڵمای خەلیل زاد کە باڵێۆزی ئەمریکا بو لە عێراق رۆڵێکی گرنگی لەو پرۆسەیەدا هەبوە، کەچی جاشۆلکە و پاشکۆ کوردەکان لە بەغدا سەمای گەرم لەدەوری ئەم حەرامی و تاوانبارە گەورەیە جۆش دەکەن. لەمە زیاتریش بونەتە هۆکارێکی گرنگ بۆ سەپاندنی ئەم دەسەڵاتە شۆڤینزمە مەزهەبی و نەتەوەییە لە بەغداد، هۆشداری بە ئەمریکا و وڵاتە گەورەکانی دنیا دەدەن خۆیان لە قەرەی ئەم وێرانەیەی عێراق نەدەن. ئەم پاشکۆ زەلیلانە لە دەرەوەی عێراق فەرمانیان پێدەدرێت بۆ کار و لێدوانەکانیان.
ئەو کاڵفامانە هێشتا دەرک ناکەن بەوەی عێراق وەک دەوڵەتێک هیچ بەها و مانایەکی ئەوتۆی نەماوە، وێرانەیەک نوقمبو لە گەندەڵی و نادادی و شۆڤێنزم و کۆیلایەتی و تا دێتیش بەدرەوشتی جومگە کۆمەڵایەتیەکانی دادەرزێنێت.
لە کۆتاییدا ناشێت باس لەوە نەکرێت دەسەڵاتی خۆپەرستی هەرێم رۆڵێکی بەرچاوی هەبوە لە کاریگەری ئێستای ئەم دەسەڵاتەی بەغدا، تەنها گەمەکردن بەپرسەکانی بودجە و موچە و ناوچە زەوتکراوەکانی کوردستان بەسن، چونکە گەندەڵی و هەڵەکانی هەرێم دانەوێڵەیەکی بەتام بون بۆ بەرپابونی ململانێیەک کە زەمینە مەزهەبی و شۆڤینزمەکەی بەغدا بەکاری دەهێنن.
کاتێک دەسەڵاتدارانی هەرێم و پاشکۆ کوردەکانی بەغدا چارەی کێشەکان لە گەڵ بەغدا بە دەستور گرێدەدەن خۆیان لە گوناهەکانیان بێبەری دەکەن و هاوڵاتی کوردیش چەواشە دەکەن وەک ئەوەی ئەو دەستورە قورئانی پیرۆزی کۆمەڵگا بێت و سەرچاوە سحریەکەی چارەی کێشە و قەیرانەکانی کەلاوەی عێراق بێت.
ئەوانەی لە ساتە وەختێکدا لە ناچاریەوە ئەم دەستورەیان بە چارەی نیوەچڵ بینیوە بێگومان بە برسیەتی و کەساسیەوە سەر دەکەنە سەر سەرین.
سەرچاوە : سپی میدیا