چینی ناوەندی کوردی لە سەرڕێیەک بەرەو خەرەندەکانی تیاچوون

 

 شارۆ شاهۆ

 

 

ئەو پێدراوانەی کە لە هاوکێشە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی ئەزمونی باشوری کوردستان بەدی هاتوون لەم چەند ساڵەی ڕابرادوودا ئاماژە گەلێکی مەترسیدارن بۆ بەرەوپێشچوونی چینی ناوەند. ئەو چینەی کە داینەمۆی گۆڕانکارییە گرنگەکان لە هەر کۆمەڵگایەک کە دەستگیرە بە بەهاو پێوەرە گرنگەکانی دیموکراسی و ئازادی ڕادەڕبرین و ئاواکردنی سیستەمێک بۆ خۆشگوزەرانی گشتی. لە بۆتەی ئەم وتارەدا گوزەرێکی خێرا دەکەین بۆ خوێندنەوەی ئەو ئێستایەی کە چینی ناوەند پێیدا تێپەڕدەبێت لە هەرێمی کوردستاندا. وەک ئاشکرایە بە هۆکاری سەختی باروگوزەران و هەڵکشانی ڕێژەی بێکاری لە شار شارۆچکەکاندا جۆرە مەیلێکی لەناو خەڵکی رەسەنی ئەو ناوچانەدا دروستکردووە کە کۆچبکەن بەرەو شارە گەورەکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ژیانێکی نوێ و دەستخستنی هەلی ژیانکردن و باشترکردنی باروگوزەران. هەڵبەتە ئەمەش بەهۆکاری پەراوێزبوونی ئەو ناوچانەوە دروستبووە کە بەهۆکاری کەڵەکە بوونی قەیرانی ئابوری و پرسی گەندەڵی و ململانێ سیاسیەکانەوە بەدی هاتووە. لێرەدا شارە گەورەکان دەبن بە چەقێک بۆ دەرکەوتنی گرفتە ڕاستەقینەییەکان کە تەوەری باسەکەمانه لەسەر جێ کەوتووە.

لە ئەزموونی دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ وە چیرۆکی بونیادنان دەستی پێکرد سەرباری شەڕی ناوخۆ و پرسی دوو ئیدارەی. بەڵام ئەم چیرۆکی گەشەپێدانە لە هەردوو زۆنەکەدا «زۆنئ سەوز» و «زۆنی زەرد» بەر مەبنای هێنانەدی سەرمایەداریی دۆستخوازیی- Crony capitalism) بوو کە هەردوو پارتی باڵادەستی هەرێم دەستی هەرێم لەڕێگای کۆمپانیاکانیان ئەو ڕێڕەوی گەشەپێدانەیان خستەسەرپێ. شتێکی ڕوونە کاتێک کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەت دەرکەوتن لەگەڵیدا چینی ناوەندیش شان بەشانی کەرتی حکومی جۆرێک لە گەشەی بەخۆوە بینی. دەرچوانی زانکۆکان لەو قۆناغەی کە دامەزراندن فەراهەمبوو. چی بە ڕێگای واستەکردنبێت یاخود پێویستی ڕاستەوخۆی دامەزراوەکان بە شارەزاییە تایبەتمەندەکانەوە هاوڵاتیان توانیان خۆیان بدۆزنەوە لەناو دامەزراوەکانی کەرتی حکومی و تایبەتدا، شەپۆلێکی نێوخۆی کۆچیش ڕوویدا لە شارۆچکەکانەوە بەرەو چەقی پارێزگاکان وەک ئاماژەمان پێیدا. دەستپێکی ئەم چیرۆکەش چونکە بنەماکەی لەسەر سەرمایەداری دۆستخوازی ئاوابوو بوو لێکەوتەکانی چەندێک لەسەر لاوازبوونی قەوارەی هەرێم بەرامبەر حکومەتی بەغداد دەرکەوتن، هێندەش لێکەوتەکانی سەخت و کەمەر شکێن بوون بۆ چینی ناوەندی ڕاستەقینە لە هەرێمی کوردستان. سەرهەڵدانی داعش هەتاکو ڕووداوەکانی دوای ١٦ ئۆکتۆبەر، زنجیرە ڕووداوێک بوون بۆ دەرکەوتنی قەیرانی یەک لە دوای یەک. پارتە دەسەڵاتدارەکانی  هەرێم بەتایبەت (پارتی و یەکێتی) لەبری دەستپێشخەری بۆ  دروستکردنی بەرەیەکی نیشتیمانی یەکگرتوو هاتن بوون بە بەشێک لە ململانێ هەرێمییەکان، بەتایبەت ململانێکانی نێوان (تورکیا و ئێران) لەناو گێژاوی ئەم ململانێیانەدا شتێکیان لەیاد کرد ئەویش چینی ناوەندی کوردی بوو. لەبری ئەوەی کاربکەن بۆ گەشەپێدانی ئەم چینە، زیاتر ئەم چینەیان ماندووکرد بە پرسەکانی دواکەوتنی موچە و هەڵچنینی بارگرانی بۆیان بە زیادکردنی باج و ڕسومات، نەدۆزینەوەی هەلی کاری ڕاستەقینە و ڕێکخستەنەوە پرسی (دامەزراندن و خانەنشینی) لەژێر ڕۆشنایی سیستەمێکی شەفافدا. لەبری ئەمە حکومەت بەشێنەی دامەزراوەکانی خۆی جێ هێڵا بۆ کەرتی تایبەتی مۆنۆپۆل کراوی سیاسی و بنەماڵەیی. بەتایبەت کەرتی تەندروستی و پەروەردە کە شادەماری گرنگی بزواندنی چینی ناوەندن. هەروەتر، هاوڵاتیانی چینی ناوەند کاتێک بە قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان گیرۆدەکرا ئیتر دەرفەتی خۆپەروەردەکردنی نامێنێ. هەر بۆیە ئێستا پرسی خوێندنەوە و ڕۆشنبیری گشتی لە پاشەکشێ دایە تەنانەت بووە بە قسەی سواوی سەر زاری کۆمەڵ کە گوایە “خوێندنەوە و نوسین” کوا ئەرزشی ماوە؟ کێ گوێ دەگرێ بێ ئاگا لەوەی کە نەوەی تازە کاتێک دێن سەرسوڕماو دەمێنن لەوەی هەر بەڕاستی ئێمە لە ئێستادا خەریکی چی کارێکی هەڵە بووین و خۆمان تەسلیمی هێزە کۆنەپارێزەکان کردووە لە ئاستی کۆمەڵایەتی و ڕامیارییدا. لەپاڵ چینی ناوەندیش چینی هەژاری کۆمەڵ کە ڕۆژبەڕۆژ لە زیادبوونن خەریکە دەبنە کۆمیدیایەکی ڕەش، هەر خێزان و تاکە دەیبینین لە سۆشیال میدیا داوای هاوکاری بەپەلەی بۆ دەکرێ لەلایەن خێرخوازە ڕاست و دروستەکان. یاخود بوونەتە سوتەمەنی ماکیاژی سەرمایەدارە هەڵتۆقیوەکان لە چاوەڕوانی نۆرەیەکی درێژدا چاوەڕێی کەرەمی زەرفێک پارەی ڕەمزی دەکەن. سەربار، لەناو ئەم گێژاوەدا بنەماڵە سیاسیەکان ئەگەر جاران ئەندامانی چینی ناوەندیان سودلێوەرگرتبێ بۆ پۆستە حیزبی و حکومیەکان بە پێچەوانەوە لە ئێستادا منداڵ و نزیکەکانیان لە ڕەوایەتی پێدانن بۆ وەرگرتنی پۆستەکان کە ئەمەش بۆتە دروستبوونی سیستەمێکی ئۆلیگاریشی و بەرخۆری. لەپاڵ ئەمەشدا چینی ناوەندیان بەتەواوی تەسلیم بە هێزە کۆنەپارێزە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان کردووە کە مەترسیدارترینیان بە بڕوای من هێزە ئاینییەکانە کە لەزیندووبوونەوەدان و کۆمەڵگایان بەرەو شتانێکی زۆر سەیر و سەمەرە بردووە کە نامۆیە بە کلتوری کۆمەڵایەتی بۆ نموونە بڵاوبوونەوەی جادوو، بازرگانی بە ئاین و دروستکردن و نۆژەن کردنەوەی مزگەوتەکان، بڵاوبوونەوەی بیری تەسەوف و بەپیرۆزکردنی بنەماڵەی دینی لەبری برەودان بەزانست و دروستکردنی سەنتەری توێژینەوە و بونیادنانی «شوێن- space» بۆ گەنجان هەتاکو مومارەسەی تەواوی ئازادییەکانیان بکەن و دوور بکەونەوە لە ویستی دژە ژیان و بەنەفرەت کردنی کوردستان وەک شوێنێک بۆ چەوساندنەوە و نەبوونی ئایندەیەکی ڕۆشن. چونکە بەڕاستی ئەو گەنجانەیە کە ئومێدی ئەوەیان لێ چاوەڕێ دەکرێ ببن بە بەشێکی گرنگی ئایندەی چینی ناوەندی کوردی، لەبەردەم پرۆسەیەکی مەترسیداری هێزە ئایدۆلۆژییەکانیشدان دواجار. چونکە  هەر وەک هێزە نەریتییەکان، ئەوانیش دێن بەناوی بیری نەتەوایەتی یاخود دروشمی قەبە و ناپراکتیکی لە ژیانی ڕۆژەڤدا کاریان لەسەر دەکرێ بۆ ئەوەی بەرەو تیاچوون ببرێن. لە ڕێگایەک کە بەراستی نمایندەی ئەو خواست و ویستە کلتوریایەنە نیە کە ئەم کۆمەڵگایە وەک ماتەوزە لەناو خۆیدا هەڵی گرتووە بۆ  ئایندەی مرۆڤسازی لەم ناوچەیەدا.

چی بکرێت؟

هەر بەڕاستی ئەمە پرسیارێکی قورسە بەرامبەر ئەم دەسەڵاتەی کە لەئێستادا حکومداری دەکات و تەواو تەواو بێ باکە بەرامبەر بە هەمو شتێک کە تەنها ئامانجی بە مورید و ئەڵقەلەگوێ کردنی تاکە لەناو سیستەمێک کە بەس کەمینەیەک لێی سودمەندن. بەڵام دواجار ئەوەی لێرەدا گرنگە تاکە. تاک دەبێ خۆی چیرۆک کردی خۆی بێت و بەرخۆدان بکات بۆ ئەو چینەی کە تێیدا دەژی و هاوپشتی چینی هەژاری کۆمەڵگابکات تاکو چینی ناوەندی کوردی بەرەو فراوان بوون هەنگاوبنێ. چونکە بەراستی کاتێک چینی ناوەند بەهێز بوو ئیتر دەسەڵاتی کەمینەیەکی ئۆلیگارشی و سەرمایەداری دۆستخوازی ناتوانێ بە ئاسانی ڕامی بکات و بەخەجکردنی سەرمایەیەکی کەم لەم هەمو دام و دەزگا میدیای و حیزبی و سەربازییانەدا تووشی شەوکوێرێ بکات. بەڵکو دەبێت ئەو کات ناچاربێ کە خزمەتگوزرای ڕاستەقینە و دابینکردنی هەلی کار و خۆشگوزەرانی بڕەخسێنێ. دواجار دەبێ ئەوانەی کە لەچینی ناوەندی کۆمەڵگان لەوە تێبگەن کە بەپەروەردەی خۆیان و منداڵەکانیان لەسەر ئازادی ئەمە دروست دەبێ، کاتێ تۆ خۆت و منداڵەکانت لەسەر مەرایی و بەسەرچاو کردن گۆش نەکرد ئیتر ئەو کات تۆ مرۆڤێکی ڕەسەن دەبیت و دروستی دەکەیت کە هۆشیارە بەرامبەر هەر جوڵەیەک کە دەیکات. ئەگەر تۆ ئەمە ناکەیت بێ گومان بە لەوەی کە بەرەو خەراندەکانی شکست پێت هەڵناوە و چاوەڕێ مەبە ئیتر ناوێک بی لێرە.

سەرچاوە : هاوڵاتی