عەلی حەمە رەشید
لیا جانتاکەی کردەوە، هەموو پێداویستییەکانی قوتابخانەی تێدابوو، تەنیا پێنوسەکەی نەبێت کە زۆری بۆ گەڕا دیار نەبوو، ئیتر بە دایکی وت دایکە گیان نازانی پێنوسەکەی من لە کوێدایە؟دایکیشی بە پێکەنینەوە وتی جا کچی ئازیزم پێنوسی خۆتە من نازانم لە کوێدایە،بۆی بگەڕێ تا دەیدۆزیتەوە.دایکی ڕۆیشت ..لیا سەرجەم ئەو شتانەی کە لە ناو جانتاکەیدا بوو دەریهێنان،پێنوسەکەی دیار نەبوو.ئیتر کەوتە بیرکردنەوە وتی باشە ئەو پێنوسەی من دەبێ چی لێهاتبێت!لەم وتووێژەدا بوو لەگەڵ خۆی، لەپڕ دەنگێکی ناسک هاتە بەرگوێی و وتی: لیا لیا دڵتەنگ مەبە ،من لێردام. ئەویش تەماشایەکی ئەملاولای خۆی کرد بینی لەسەر ڕەفەی پەرتوکخانەکە لەبەر دەم گۆڤارێکی منداڵاندا وەستا بوو،ئەمیش چوو بۆ لای تا بیهێنێت،بەڵام پێنوسەکە وتی من نایەم هەر بۆخۆم لێرەدا دەبم.لیا وتی ئەی نازانی من پێویستیم بەتۆ هەیە دەمەوێت وێنەی جوانت پێ دروست بکەم .پێنوسەکە وتی:من خۆ هەر بۆ وێنە کێشان دروست نەکراوم.
لیا وتی:ئەی بۆ چی تر؟
پێنوسەکە وتی :من ئامادەم هەموو ئەو زانیاریانەی کە تۆ دەیزانیت بینوسم.
لیا وتی:جا من زانیاریم لە کوێوە دەست دەکەوێت؟
پێنوسەکە بە پێکەنینەوە وتی: لە گۆڤار و پەرتوکەکانەوە.
لیا وتی : چۆن؟
پێنوسەکە وتی:تۆ کاتێک دەخوێنیتەوە زانیارییەکان وەردەگریت،چونکە خوێندنەوە وەکو خۆراکی مێشک وایە.
لیا وتی:بەڵێ ڕاستە،ئەوە من هیچ ناخوێنمەوە بۆیە ناتوانم هیچ بەتۆ بنوسم.
پێنوسەکە وتی:بەڵێ بەڵێ ڕاستە لە ئێستاوە دەست پێبکە لەم گۆڤارەی لای منە دەست پێبکە.
لیا وتی: لەئێستاوە بڕیا دەدەم کە دەست بکەم بە خوێندنەوە.
پێنوسەکە وتی: من هاوڕێی وەک تۆم پێویستە تا منیش سەربەرز بم بە زانیارییەکانی تۆ و بیانخەمە سەر کاغەز.
لیا گۆڤار و پێنوسەکەی هەڵدەگرێ لەسەر کورسییەکەی خۆی دادەنیشێت و دەست دەکات بە خوێندنەوە و پێنوسەکەی و تیانوسێکیش بەرانبەر خۆی دادەنێت.
دوای ماوەیەک بە گۆرانییەوە دەڵێت:
پێنوسەکـــــەم لەگەڵمایە...هاوڕێیەکــی بە وەفایە
بۆ من هاوکــار و پێویستە...بۆیە لەلام خۆشەویستە
پێنوسەکە وتی:
راستە هاوڕێی ئازیزی تۆم...جێی شانازیی و سەربەرزیی بۆم
کـــــام زانیاریی و وتەی جوانە...دەزانی جێی ســـەرنجدانە
بیڵێ تــــا بۆت بنوسم زوو...بیکە بە دیـــــــاریی بۆ هەمووان.
سەرچاوە : کوردستانی نوێ