چۆن نابنە تێرۆریست؟!

یاسین عومەر

من ئەم نووسینە لەژێر ڕۆشنایی ئەو ئەگەرەدا دەنووسم، کە بکوژی کاکە (خوداناس وریا)، بەرمەبنای گوتاری کینەبازیی و ڕقلێبوونەوەی دینییانە ئەو تاوانە گەورەیەی کردووە، چونکە هیچ زانیارییەکی یەکلاکراوەم لا نییە لەسەر ڕووداوەکە و تەنیا ئەوە دەبیستم و دەبینم کە هەر یەکێکتان دەیبیستن و دەیبینن. 

هەرچەندە تێرۆرکردن بە پاڵنەری دینیی نەک هەر ئەگەرێکی بەهێزە، بەڵکو ئەگەر فریا نەکەوین، ئەمە تەنیا سەرەتایەکە و دەبێت پەنا بگرین بە خودا لەوەی بەڕێوەیە، بەڵام وەکو وتم لەبەر ئەوەی تاکە سەرچاوەی زانیارییم مێدیای کوردییە و ئەو مێدیایەش لانیکەم لای من زۆر جێی متمانە نییە، هەر بۆیە ئەگەرێکی زۆر لاوازیش بێت دەیهێڵمەوە بۆ پاڵنەرێکی دیکە جگە لە پاڵنەری ئایینیی. تێڕوانینەکەشم بە خاڵ دەنووسم.

یەکەم؛ من پێم سەیرە زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیی سلێمانی نابنە تێرۆریست، مزگەوتت پڕ کردووە لەوانەی جگە لە بێزکردنەوە و هەڵڕشتنی ڕق شتێکی دیکە نابینن، یەک سوپا مێدیات خستۆتە خزمەتی ئەو تاقمەوە، ئەی بە نیازی چیت؟ ئەی ئاوەزمەندان نەیانوتووە "ئەوەی با بچێنێت گەردەلوول دەچنێتەوە"!

دووەم؛ تۆ سەیری ئەم مێنتاڵیتییە بکە، سەیرکە سەلەفیزم و ئایینداریی تینووی کورسیی دەسەڵات و شەهوەت و دونیاپەرستیی، چۆن دینداریی کوردانەی ئێمەیان شێواند: جاران دەمانوت "خوالێخۆشبوو فڵانی کچی فڵان"، ئەو مێنتاڵیتییە تێرۆریست و بێشەرەف و گەمژەیە، هاتن ئەو گوزارشتە پڕ لە گومانی باش و لێڕابینینە لە خودای میهرەبانیان گۆڕی بە گوازرشتێکی نەزۆک و تەسک و قرچۆک و بێمانا "خوالێیخۆشبێت"، ئێستا شتەکە ئاوای لێ هاتووە، لەبری ئەوەی بڵێین: خوالێخۆشبوو فڵانی کچی فڵان"، دەبێت بڵێین: خوالێیخۆشبێت فڵانی کوڕی فڵان"، بە ڕاستیی نازانم بگریم یان پێبکەنم، جارێ هەر لەڕووی زمانەوانییە بڕوانە گوزارشتی "خوالێیخۆشبێت مەلا لەتیف" چەند لەنگ و ناشرینە، لەڕووی واتاییشەوە گەمژانە و پڕە لە گومانی خراپ و لێڕانەبینین لە میهر و ڕەحمەتی خودا، پێشینانی ئێمە کە وتوویانە (خوالێخۆشبوو) لە تەواوی یەقینیان بە میهر و ڕەحمەتی خودا لایەنە میهرئامێزەکەی خودایان زاڵ کردووە، وا بزانم لێرەدا پێویست ناکات دەست بکەم بە ڕیزکردنی دەق بۆ سەلماندنی ئەوەی میهری خودا ملیاران جار پێش خەشم و غەزەبی کەوتووە... عەقڵییەتێک ئاوا دەستکاریی زمان و تێگەیشتنت بکات چۆن خەڵک ناکاتە تێرۆریست.

سێیەم؛ جارێک لە مەجلیسێکدا دانیشتبووم، گوتاری زاڵی کۆڕەکە "ئیسلامییانە" بوو، باسی لێبوردەیی و باوەڕی ئیسلام و مسوڵمانان بە پێکەوەژیان بوو، من بێدەنگ بووم، بە درێژایی مەجلیسەکە قسەم نەکرد، هەتا برایەک ڕووی تێکردم و وتی ئەرێ تۆ هیچ ناڵێیت لەم بارەیەوە، وتم نا، وتی بۆ؟ خۆ لە تەلەفزیۆن زۆری لەبارەوە دەڵێیت، وتم ئاخر قسە بکەم مەجلیسەکە دەبێتە مشتومڕ، وتیان قەیناکا. من تەنزئامێزانە وتم: برایینە! من کێشەم نییە ئەو جۆرە حوکمڕانییەی ئێوە دەتانەوێت بونیادی بنێن (حوکمی ئیسلامیی)، هەرچیی کافر و بێباوەڕ و لیبراڵ و نیمچەمسوڵمانی وەکو من هەیە بیکوژێت، بەس یەک تکام هەیە، ئەگەر ئەو دەسەڵاتەتان بونیاد نا، مسوڵمانی وەکو خۆتان مەکوژن. تۆ سەیری مێژووی ئیسلام بکە، "مسوڵمانگەلێکی ڕاستەقینە"، "لەخواترس"، "نوێژکەر"، "ڕۆژووگر"، "موجاهید"، "سەحابە و تابیعیی"، سڵیان لە کوشتنی کچەزای پێغەمبەر (دروودی خودای لێ بێت) نەکردۆتەوە، ئیتر خەڵکی ئاسایی وەکو ئێمە چییە؟ من وای دەبینم، تاکە ڕێگە بۆ ئەوەی شوێنکەوتووانی ئەم ئایینە نەرم و نیان و سنگفراوان بن، یەک ڕێگەیە: قبوڵکردنی هەمو جیاوازییەکان، سەرەتا لەناو بازنەی خودی دینەکە خۆیدا ئینجا تا ئەوەی دەگاتە مولحیدێکی هۆشیاری ڕەتکەرەوەی هەموو شتێکی ئەم دینە.

چوارەم؛ هەتا وەهمی "فیرقەی ناجییە" و "تاکە گرۆی ڕزگاربوو" تێنەپەڕێنین، مومکین نییە لە بازنەی کینەبازیی و توندوتیژیی دەربچین. مێژووی ئیسلام پڕە لە گرووپ و فیرقە و مەزهەبی جیاواز و هەمووشیان لە کرۆکی ئیسلامەوە هاتوون، ئەوەی خۆی ناو ناوە فیرقەی ناجییە بە هەموو مێژووی ئیسلام ١٠٠ ساڵ باڵادەست نەبووە، بۆیە ئەو گرووپە نەک نوێنەرایەتیی هەموو ئیسلام ناکا، بەڵکو خۆی یەکێکە لە کێشە هەرە گەورەکانی ئەم ئایینە و زیاد لە جارێک هۆکاری شکست و داڕزان و ئاژاوەکانی بووە،  لێرەدا هەر بە خێرایی ئاماژەی پێ دەدەم: بە نزیکەیی لە ناوەڕاستی سەردەمی عوسمانی کوڕی عەففانەوە، ئەم مێنتاڵیتیی فیرقەی ناجییەیە زاڵ بوو، لەگەڵ دەرکەوتنی معاویە مێژووی ئیسلام پڕ بوو لە ئاژاوە و یەکترکوشتن و هەتا لە سەردەمی معاویەی دووەم، بەهۆی موعتەزیلییەکی مەزن و گەورەی وەکو (عومەری کوڕی مەقصووص) خەریکبوو ڕێڕەوی گەشەکردنەکە ئاسایی بێتەوە، بەڵام جەماعەتی فیرقەی ناجییە و سەلەفییزم، ئەو حەکیمە گەورەیەیان زیندەبەچاڵ کرد، دواتر ڕێڕەوەکەیان خستەوە سەر ڕێڕەوەی ئاژاوە و یەکترقڕکردن، لە هەناوی بۆگەنی ئەوانیشەوە بوو حەججاجی کوڕی یوسفی سەقەفی هاتە دەر، یەکەم کەس کە بۆمبارانی کەعبەی کرد و سووتاندی، بکوژی زانایان و خوداناسان، ئەمە درێژەی کێشا هەتا خەلیفەی مەزن و ئاوەزمەند، ڕۆحگەورە و دانشمەند مەئموونی کوڕی هاروون (بەر میهر و لووتفی خودا کەوتبێت)؛ دەرکەوت، دوای وەفاتی مەئموون، ئینجا جەماعەتی فیرقەی ناجییە، دیسانەوە هاتنەوە، لەگەڵ باڵادەستبوونی هزری ئەحمەدی کوڕی حەنبەل ژیاری مسوڵمانانیان تووشی گەورەترین شکست کرد، یەکەم جار دایانماڵی لە هەر ئاوەز و عەقڵێک، دواتر بە مێتۆدی دابەشکاریی "دین و کۆمەڵگە بۆ ئێمە و دەسەڵات بۆ خۆتان"؛ بوونە باعیسی دەرکەوتنی گەندەڵترین و شەهوەتبازترین و بێئەرزشترین خەلیفەکان، هەر ئەوانیش بوون پێشتر مامۆستای یەزیدی کوڕی موعاویە بوون، خەلیفەی سەماخواز و سەرخۆش و مرۆڤکوژ، دواتر بوونە مامۆستای ئەو خەلیفانەی کە بە گەمژەییان ژیاری مسوڵمانانیان تووشی لاوازییەکی وا کرد کە بە یەک پێلەقەی مەغۆلەکان ڕووخا، هەتا سەرلەنوێ ژیارەکە بە جوهد و تێکۆشانی ئەو فەرماندانەی کە مامۆستا ئاوەزمەندەکانی موعتەزیلە ڕێنماییان دەکردن  رۆشنایی و هێزی تێگەڕایەوە. 

پێنجەم؛ ئیسلام، بە تایبەتی دیسکۆرسی قورئان، پڕە لە تۆلێرانس و هاندانی پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن، چەمکی (کافر) (مونافیق) (موشریک)، چەمکگەلی مێژوویین، ئاماژەن بۆ سێ یان دوو گرووپی سەردەمی پەیامبەر (دروودی خودای لێ بێت)، ئەوەی وا دەکات کەسێک ببێتە کافر، خودی کەسەکە خۆی نییە، بەڵکو (ئیقامە حوججەیەکە) کە دەبێت گرووپێکی مسوڵمانی ڕاستەقینەی سەرنجڕاکێش بیکەن، کاتێک ئەوان ئەزموونێکی هێندە سەرکەوتوو و جوان و ڕوون و سەرنجڕاکێش پێشکەش دەکەن، هەموو ئەوانەی موعایەشەی ئەو ئەزموونە دەکەن ئەگەر دژایەتییان کرد، پیلانیان لێ گێڕا، کەوتنە جەنگەوە لە گەڵیدا، بە هەق دەبنە کافر و موشریک و کوشتنیان واجب دەبێت، بەس ئایا ئێمە خاوەنی ئەزموونێکی واین؟ ئایا مسوڵمانان ئەوەندە سەرکەوتوو و سەرنجڕاکێش و سەررڕاست و دونیانەویستن کە ببنە ئیقامە حوججە بەسەر ئەوانی دیکەوە؟ من خۆم نەمدیوە، ئەزموونی ئەم مسوڵمانانەی ئێستا تەنیا شایەنی لێڕاکردن و هەڵهاتنە، نەک شتێکی دیکە. 

شەشەم؛ خوداناس وریا، قوربانییەکی بێتاوان و کوژراوێکی شاییستەی تۆڵەبۆکردنەوەیە، بەڵام سەرباری ئەوە ڕوو دەکەمە کاک وریا گلی، ڕۆشنبیر و ئەدیب و پێی دەڵێم: من وەکو باوکێک، کە هەر بە بیرکردنەوە لە مردنی منداڵەکانی دڵی وەکو سەماوەرێک دەکوڵێت، ڕووت تێدەکەم و پێش هەر شتێک دەپاڕێمەوە خودا هەر خۆی سەبوورییت بدات، تەنیا خودا دەتوانێت لە کۆستی ئاوادا دڵنەوا و پەناگە و ئارامکەرەوە بێت، لەو زاتە دەپاڕێمەوە دڵی گەرمت بە ئاوی فێنکی سێبووری خۆی سارد بکاتەوە، بەڵام تۆ ببەرە مرۆڤێکی جیاواز، ببەرە سەرەتای قۆناغێکی نوێ، ببەرە مێژوویەکی دی لەناو ئەم مێژووە ڕووگرژ و ڕەزاتاڵ و ناشرینەیەی ئێمەدا، بەر لە هەر شتێک، لەبری داوای تۆڵەکردنەوە لە بکوژ، داوای دادگاییکردنی ئەو هزرە بکە کە منداڵەکانمان لێ دەسێنێت و دەیانکاتە تێرۆریست و بکوژ، داوای دادگایی ئەو مێدیا بێڕکەبەرانە بکە کە هەموو هەفتەیەک شاشەکەیان بە یەکێک لەو ئیبلیسانەی دنەی یەکترکوشتن و یەکترسڕینەوە دەدەن "دەڕازێننەوە"، دادگایی ئەو مێدیا بێئەرزش و نەخوێندەوارانە بکە کە بە پارەی سەرۆکەکانیان ئەو بانگەشەکارانەی دۆزەخ وەکو فریشتە نیشان دەدەن و بە کوالێتی 8Kی دەرخواردی گەورە و بچووکمانی دەدەن.

دەزانم کارێکی نەکردەیە و من خۆم (خوانەخواستە تووشتی شتی وا ببم باوڕ ناکەم بتوانم وا بکەم)، بەس تۆ ئازا و گەورە و بەجەرگ بە و بڕۆ بۆ زیندان و چاو ببڕە چاوی بکوژەکە و پێی بڵێ: خوداناسی کوڕم لەگەڵ کوشتن و سڕینەوەی جیاوازەکاندا نەبووە و منیش نابم، بە یادی ئەو ڕۆحە گەورەیەی دەتبەخشم، بڕۆ دەتدەمە دەست خودا و با ئەو خۆی داوەرییت بکات. 

ئینجا پەیامێک ئاراستەی مامۆستاکانی بکوژ بکە و پێیان بڵێ: دەپاڕێمەوە ڕۆژێک لە ڕۆژان یەکێک لەوانەی دەرسیان دادەن جیاڕایان بکوژن، ببنە نەیارتان و جیاواز لە ئێوە بیر بکەنەوە، ئینجا لێتان بکەونە سەنگەرەوە، دەمانچەیەک وەکو ئەوەی کوڕەکەمیان پێ تێرۆرکرد بگرنە دەست و لەسەر مینبەرە دۆزەخییەکانتان مێشکە پڕ لە پیسایی و زبڵەکەتان بپژێنن، ڕاستتان بووێت بەڕێزان مێشکی ئێوە کەڵکی ڕیسایکلین و بەکارهێنانەوەشی نییە و هەر بۆ پژاندن و سووتاندن باشە.

 

سەرچاوە : سپی میدیا