چۆن بیرکردنەوەیەکی دروست و رەخنەییمان هەبێت؟

پلاتفۆڕمی دابڕان و فیمینیزمی ڕۆشنگەری، لە درێژەی زنجیرە دیالۆگەکانیان دەربارەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، ئێوارەی ڕۆژی شەممەی تەرخان کردبوو بۆ قسەکردن لەسەر "ئاستەنگەکانی بەردەم بیرکردنەوە، دەربارەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی"، بۆ توێژەر و مامۆستای زانکۆ، عومەر عەلی، کە لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر بەڕێوە چوو.
عومەر عەلی سەرەتای باسەکەی بەوە کردەوە کە، مرۆڤ لە چوار لایەنی گرنگ پێک هاتووە، ئەوانیش لایەنی عەقڵی و مەعریفی، حەرەکی و جوڵەیی، هەستەکان و لایەنی کۆمەڵایەتی.
ئەو باسی لەوە کرد، مێشکی مرۆڤ کۆمەڵێک پڕۆسەی عەقڵیی هەیە و شاراوەن و ئاراستەی ڕەفتاری مرۆڤ دەکەن. ئاماژەی بەوەش دا، بیرکردنەوە کردەیەکی عەقڵییە تاکەکەس پێی هەڵدەستێ بە مەبەستی چارەسەرکردنی کیشەیەک. بۆ باش بیرکردنەوە و فراوانبوونیشی پێویستە تەمرین بە عەقڵ بکرێت.
وتیشی: "بەڵام ئایا هەموو بیرکردنەوەیەک تەندروستە؟ زۆر فۆڕمی بیرکردنەوەش هەیە. بیرکردنەوەی داهێنەرانە خەیاڵ بەگەڕ دەخات و لە قاڵب دەچێتە دەرەوە."
ئەو توێژەرە هێمای بۆ ئەوە کرد، لە بیرکردنەوەی ڕەخنەییدا هەموو بیرکردنەوەیەک پەیوەندیی هەیە بە سیاقەوە، دەبێت هەموو بیرکردنەوەیەک بەرمەبنای کێشەکانی قۆناغەکە بێت. بەڵام هیچ کات ئەوەش ناڵێین بیرکردنەوەی پێشووتر خراپن.
بە بڕوای مامۆستاکەی زانکۆ، بیرکردنەوە لە بنەڕەتدا بە مانای بڕیاردان دێت. شەنوکەوکردنی بیروبۆچوونێکە. گەشەدانە بە تواناکانی بیرکردنەوە لە ڕێگەی هۆشیاریی ڕەخنەییەوە لە ڕێگەی پابەندبوون بە نەریتێکی عەقڵییەوە کە هەڵسەنگاندن و ئەنجامگیری بۆ دەکرێت.
زیاتر وتیشی: "بۆ دروستبوونی بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەیی گرنگ نییە ئەو کەسە نووسەر بێت بیرکردنەوەی ڕەخنەیی هەبێت، بەڵکوو هەرکەسێک تا چەند لە دیاردەکان تێ دەگات لە سیاقدا. تا چەند توانای بینین و تاقیکردنەوەی دیدگای ئەوانی تری هەیە، ئەوە بڕیار لەسەر بوونی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دەدات."
عومەر عەلی ڕوونیشی کردەوە، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی زادەی سەدەی بیستەمە، کاتێک کۆمەڵێک نووسەر هاتن و کۆمەڵێک تابۆیان شکاند.
ناوبراو ئەوەشی ئاشکرا کرد، بیرکردنەوەی ڕەخنەی ڕووبەڕووی دوو جۆر ڕەوت بووەوە. ڕەوتێک کە سنووری بۆ حەڵاڵ و حەرام دانابوو. لەگەڵ ڕەوتێک کە جیهانە فیکرییەکەی دەکردەئەڵتەرناتیڤی واقیع.
وەک ئەو دەڵێت، پسپۆڕانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بیرکردنەوەی لۆجیکی نافەرمییان پەیڕەو کرد. بیرکردنەوەی نافەرمیش ئەوەیە کە هەموو خەڵک دەتوانن بیر بکەنەوە بە مەرجێک ئەرگومێنت هەبێت و بە فلتەری ڕەخنەدا ڕۆیشتبێت.
سەبارەت بە ئاستەنگەکانی بیرکردنەوەش وتی: "ئاستەنگەکانی بەردەم بیرکردنەوەی ڕەخنەیی ئەمانەن: تەسلیمبوون بە هەموو بیروباوەڕەکان. ئیگۆسەنتەری کە مرۆڤ خۆی لێ دەبێ بە چەقی گەردوون. کەسێک کە پێویستی بە ئیگۆیەکی ترە بۆ سەلماندنی خۆی، چونکە ئیگۆکەی خۆی لە پاشەکشەدایە یان لاوازە.. ڕقلێبوونەوە لە لۆجیک، کە ئەوانە بیرکردنەوەی حازریان پێویستە و کەسانی تەمبەڵن. شەخساندنی بیرکردنەوەکان. ڕاگەیاندنی چەواشەکار ئاستەنگێکی ترە لە بەردەم بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و سەفسەتەی سیاسی."
لە کۆتایی کۆڕەکەشدا لە لایەن ئامادەبووانەوە گفتوگۆی بابەتەکە کرا.

 

سەرچاوە: galawej