محەمەد خۆشناو
ئەگەر دەتەوێت ڕەوڕەوەی گەشەسەندن لە وڵاتێکدا بوەستێنیت و نەوەکانی دەیان ساڵ بە نەفامی بهێڵیتەوە ، ناوەندی بڕیار ڕادەستی پیاوانی ئایینی بکە .
ڤۆلتێر
بڕوای تەواوم بەوەهەیە ، کە زۆربەی ڕێکخستنەکانی ئیسلامی سیاسی وەکو ماسۆنیەکان نقومی نهێنی و نادیاری بوونەتەوە و لە باگن ئیشدەکەن ، « حسن بەنا »ی دامەزرێنەرئ ئیخوان موسلمین کە بە پاڵپشتی موخابەراتی ئینگلیز دروستکرا نایشارێتەوە کە ئەو ماسۆنی بووە و ، وتارێکیشی هەیە بەناونیشانی ( لەبەرچی من ماسۆنی-م ؟ ) کاتێکیش بووە ئەندامی ئەو ڕێکخستنە ئایینەکەی فرۆشت ، دەبێت دان بەوەشبنێین کە ئیسلامی سیاسی توانای ئەوەیان هەیە ئیختیراقی ڕیزەکان بکەن و لەپشت دەرگاوە دزە بکەن و گەنجان ڕاکێشن و کاریگەری لەسەر عەوام دروستبکەن ….. ئێوارەی ڕۆژی هەینی چوومە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب ، حەشامەتێکی گەورەی ئیسلامیەکانم بینی لە دەوروبەری خانەکانی فرۆشتنی کتێبە ئایینیەکان بوون ، بەڕاستی نەدەتوانی بەناویاندا بڕۆی و چوباشی هەندێک زەبرت بەردەکەوت ، زۆربەی ئافرەتەکانیان جوبە و نیقاب-یان لەبەردابوو ، بڕوابکە منداڵ ئەوانە ببینێت لە ترسان دەگریێت ، هەتا پێش نەوەدەکانیش ئەو جۆرە جلە لە کوردستان بوونی نەبوو و ، ئیسلامی سیاسی ئیستیرادی کرد و هێنایە کوردستان ، ئەو حەشامەتە لەخۆڕا وا کۆنەبووبونەوە بەڵکو پێم وایە کە ئەمە تەوجیهات بووە و لەوانەیە پارەشیان درابیتێ بۆ کڕینی کتێبی ئایینی ! هەر لەوێ هەندێک برادەر پێیان وابوو کە ئەگەر وابڕوات ئایندە دەبێتە هی ئەوان و ئەوجا بزانە تووشی چ مەترسیەکی گەورە دەبین !! بەڕاستی دەبێت پارتی و یەکێتی و دەسەڵات بەخۆیاندا بچنەوە و متمانەی خەڵک بەدەست بێننەوە و ، ئەگەر ئەزموونەکانی ئابووری گەشەی پێویستی بهێنایەتەدی بۆ ژیان و کەڕامەتی ئینسانی ئەو حەشامات و کۆکردنەوەی نەدەبوو و ، ئەگەر پەیامی ڕۆشنبیری و تەعلیمی کەمێک نزیکبا لە ئامانجەکە ، ئەمانە بەو شێوەیە لە ڕیزی پێشەوە نەدەبوون ئەوهاش گەشەیان نەدەکرد ، پێویستیشە گووتاری بیری ئاینی نوێبکرێتەوە و لەو کۆمەڵە نەخۆشیە موزمینە دەربهێنرێت ، «ئیسلامی سیاسی » ئازادی کەسی یان سیاسی ، ئازادی باوەڕ و بیروڕا ، ئازادی بیر و داهێنانی نیە ، لەکن ئەوان ئازادی داخراوە و کۆتکراوە ، ئەمانە رق یان ترس-یان لە ئازادی هەیە تووشی فۆبیای ئازادی بوونە ، کە ئەمەش گوزارشتە لە چەقبەستوویی ئایینیان و دوورکەوتنەوە لە جەوهەری ئایینی پیرۆز ، سەیری ئەزموونی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئایینی بکە ، زیندانیت دەکات و ئەشکەنجەت دەدات و دەتکوژێت ، لەکن ئەوان ئایین واتە هێز و باڵادەستیی و ، تائێستا لەسەردەمانی کۆن و نوێدا ئەزموونێکی سەرکەوتوومان لە دەوڵەتی ئایینی نەبینیووە ، لەبەرانبەردا تاکە ئەزموونێکی فاشل-مان لە دەوڵەتی مەدەنی نەبینیووە ، دەوڵەتی مەدەنی زەڕووڕەتی ژیانە بۆ ئێمە و مناڵەکانمان ، ئەوڕۆ کات کاتی زانست و پێشکەوتنە و سەیری ئەو پێشکەوتنە سەرسووڕهێنەرە خێرایانە لەبوارەکانی تەکنۆلۆژیا و ئەندازەی بۆماوەیی و شۆڕشی جینات بکە ، ئەوەی پێشتر بە سەد ساڵ بەدینەدەهات ئەوڕۆ بە یەک دوو ساڵ بەدیدێت ، کەی باوی نیقاب و جوبە و کتێبی سەیروسەمەرەی ئاینیی لەجۆری : بەرلەوەی بچیتە حەمان چی دەڵێیت یان چۆن جنۆکە لە جەستەدا دێتە دەرەوە و کتێبی ئایینی بیروبۆچونی ژەهراەی ، کە پڕفرۆشترین کتێبن ، ئا ئەمەیە ئاستی تێگەیشتن و ڕۆشنبیری ئەم میللەتە ، بەڕاستی حالەتەکە کارەساتاویە !!
سەرچاوە : سپی میدیا