چاوەڕێی پیشانگەی کتێبم

لەگەڵ دکتۆر نەجاتی عەبدوڵڵا مێژوونووسی چالاکی کوردستان، نەوەی دوای مامۆستا دکتۆر کەمال مەزهەر، هەموو جارێ بە هەگبەیەکی دەوڵەمەندی کتێبی نوێ و زانیاری تازەی مێژووەوە دەگەڕێتەوە کوردستان و سلێمانی و بنکەی ژین. بەشی منیشی پێیە. سوپاسی لوتفی برایانەی دکتۆر دەکەم.
سەرجەم باسەکانی بەشی یەکەمی گەڕان بە دوای مرواری-م خوێندەوە. بە ئەزموونی حزبی شۆڕش و بەرەی رزگاریدا چوومەوە. نازانم، وادەبینم مێژووی کورد لە شوێنێ گیری خواردووە و هێشتا ماوێتی  دەرس و دەوری تەواو بێت. وا لەسەر مروارییەکانی بەشی دووەم دەخوێنمەوە.
گەڕامەوە دەورانی سەرەتای سەدەی بیست و جەمعیەتەکانی دەستەی یەکەمی کوردایەتی. لە دۆسێی مەرحوم ئەمین عالی بەدرخان و ململانێی بەدرخانی و شەمزینانی و ئاماژەکانی تێکەوتمەوە.  تارمایی باوکە دامەزرێنەرەکانی سیاسەتی کوردستان لە باکوور و ئەوی رابەرمان مام جەلال پێی دەگوت (میسری کوردان)، زیاتر لە خۆر تیشکی دەدایەوە. 
جەولەیەکی تری گفتوگۆم لەگەڵ دکتۆر پێویستە، چونکە تا بە کۆندا بچینەوە ئاسۆی سبەی روونتر دەبێتەوە. زۆر کەس ئەم باسوخواسانە بە بیدعەی کوردایەتی تێدەگەن و فشەیان پێدێ، بەڵام بەندە وا سەیری ناکەم و بە جدیمەوە بزووتنەوەی کۆمەڵی کوردەواری بۆ هەموو قۆناغێکی قسەو قەراری هەیە، شانازی و پاشەکشێ و پێشکەوتنی هەیە، بە کەمی تێمەگەن،  قووڵە و دەوڵەمەند. 
چاوەڕێی هاتنەوەی  دکتۆر نەجاتم کە لەگەڵ پیشانگەی کتێبی سلێمانی دێتەوە. ئەو کاتەش بۆ سەرچاوە و وەرگێڕانی ورد مامۆستا سەڵاحەدینی ئاشتییش بە شایەتی مەلک وەردەگرین.

 

 

سەرچاوە: knwe- ستران عەبدوڵڵا