راپۆرتی: درەو
🔻 ههرێمی کوردستان له چهندین روانگهوه پێگهیهكی دهگمهن و تاقانهی ههیه بۆ تورکیا؛
🔹 هەرێمی کوردستان جگە لەوەی ڕێڕەوی بازرگانی تورکیایە لەگەڵ عێراقدا. کۆمپانیا نەوتییەکانی تورکیا لە (8) کێڵگەی نەوتی هەرێمدا کاردەکەن، بە جۆرێک کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی لە بلۆکەکانی (تاوکێ (25%)، بیر بەهر (40%)، دهۆک (40%)، بنەباوێ (44%)، تەق تەق (44%)، میران (75%)، چیا سورخ (60%)) پشکی هەیە، هاوکات کۆمپانیای (پیت ئۆیڵ)یش لە کێڵگەکانی (چیا سورخ و پەڵکانە) بە ڕێژەی (20%) پشکی هەیە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی (75%) بۆری نەوتی کوردستان بەخاکی تورکیادا تێپەڕ دەبێت و کۆمپانیای وزەی تورکی خاوەندارێتی دەکات، لە ڕابردوودا بەشێکی کرێی گواستنەوەی نەوتیشی بۆ دەمایەوە. زیاتر لەوانەش پارەی فرۆشی نەوتی کوردستان بە فلتەری بانکە تورکیەکاندا تێپەڕ دەبوو دواتر دەگەڕایەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
🔹 لە روی سەربازییشەوە بەردەوام لە هەرێمی کوردستان بنکە و بارەگا سەربازیەکانی تورکیا لەزیادبوون و پەرەسەندان، بەپێی زانیارییەکان دەوڵەتی تورکیا زیاتر (٣٠) بنکە و بارەگای سەربازی و هەوڵگری لە عێراقدا هەیە بۆ بەڕیوەبردن و ئەنجامدانی بەشێکی زۆر لە هێرش و دەستدرێژییە سەربازییەکانی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا، ئەمە جگە لە ھەبوونی چەند بنکەیەکی سیخوڕی دەوڵەتی تورکیا کە تایبەتە بە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ھەرێمی کوردستان و پارت و لایەنە سیاسییەکان و بە تایبەتیش پارتی کریکارانی کوردستان.
🔹 لەگەڵ ئەمانەشدا لە ماوەی سێ ساڵدا (2020 - 2022)، ژمارەی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان گەیشتووە بە (3 هەزارو 561) هێرشی ئاسمانی لە ڕێگەی درۆنەوە، لە ساڵی (2020)ەوە بۆ کۆتایی (2022) هێرشەکان بە ڕێژەی (124%) زیادیان کردووە.
🔹 سەرباری تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر داخستنی گەشتە ئاسمانییەکانی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، کە بەو هۆیەوە تەنها لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بەڕێژەی (17%) گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکە کەمی کردووە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پار.
بەشی یەکەم؛ پەیوەندییە ئابوری بازرگانییەکانی تورکیا و هەرێم
یەکەم؛ بایەخی نەوت و وزەی هەرێم بۆ تورکیا
ههرێمی کوردستان له چهندین روانگهوه پێگهیهكی دهگمهن و تاقانهی ههیه بۆ دۆخی ئێستای تورکیا. بهبێ سامانی سروشتی کوردستان، تورکیا ناتوانێت له گهشەکردن بهردهوامبێت، بهبێ بازاڕی کۆنترۆڵکراوی کوردستان، ئابووری تورکیا له قهیراندا دهبێت. بهبێ پهیوهندی لەگهڵ ههرێمدا، کێشهی بێکاری له ناوچه کوردییەكان زیاتر دهبێت، پهکهکه چهکداری زیاتر دهبێت، بهبێ پهیوهندی لەگهڵ ههرێمدا، تورکیا له نهوتی عێراق بێبهش دهبێت و داهاتووی پڕ قهیرانتر دهبێت، کاتێک که دهستی نهگاته کانه نەوت و غازهکانی ههرێم.
کهواته ههرێم بۆ تورکیا ئهو دهرفهتهیه، که تورکیا له ههموو روویهکهوه بههێز دهکات. ئهگەرجاران مهترسی تورکیا لهوهبوو، که پهیوهندی لەگهڵ ههرێمدا رهنگه ببێته هۆی دابهشبوونی تورکیا، ئهوا ئەمڕۆ ترسهکه جودایه. ئهوهی مایهی ترسه، دەستەبەسەرداگرتنی نەوت پرۆسە نەوتییەکانی هەرێمە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.
بۆ ئەوەی لەم پەیوەندییە تێبگەین دەبێت ئاماژە بە چەند هۆارێک بدەین، لەوانە؛
1. تورکیا خۆی هیچ سهرچاوهیهكی ئەوتۆی وزهی نیه، ههموو وزهی پێویستی له دهرهوه دههێنێت.
2. وزه یهكێکه له ههره بواره گرنگهکانی سیاسهتی ئابووری، ناوخۆ، دهرهوهی تورکیا. بهبێ وزه تورکیا ناتوانێت ببێته خاوهن ئابووری گهشاوه.
3. تورکیا له پێگهیهكی سهیردایه لهم بارهوه، له کاتێکدا زۆر نزیکه له سهرچاوهكانی نهوت و غازهوه، بهڵام له ههمانکاتدا سهرباری نزیکیهكهی هێنده سودمهندنیه لێی. چونکە تورکیا زۆر نزیکه له سهرچاوهی زیاتر له (70%)ی غازی دونیا، وه نزیکهی (73%)ی نهوتی یهدهگ، بهتایبهت ئهوانهی له ناوچهکانی رۆژههڵاتی ناوهڕاست و دهریای قهزوینن.
ئهم هۆکارانه راستهوخۆ کاریگهریان ههیه لەسەر داڕشتنی شێوازی پهیوهندی تورکیا به ههرێمهوه. تورکیا له رێگای پهیوهندی به ههرێمهوه دهخوازێت جۆرێک له پهیوهندی بهێنێته ئاراوه، که بهبهراورد به پهیوهندییهکانی تر، زیاتر له قازانجی تورکیابێت، بۆ ئەوەی تورکیا وهك کارتێکی فشار بهکاریبهێنێت لەسەر ئهوان.
ئەمە سەرەڕای گرنگی ووزهی ههرێم بۆ تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ بڕی ووزهی ههرێم و نزیکی ووزهی ههرێم بۆی و ئاسانکاری فشارکردن لەسەر ههرێم، ئامادهبوونی مهرجهکانی تورکیا وهک بهردهوامی ههرزانی و ئاسانی فشاری سیاسی و، بوونی توانا بۆ دارشتنی، جۆرێک له پهیوهندی، که بڕی زۆری پارهی ووزه بگەڕێتهوه بۆ تورکیا. هەر بۆیە لە ماوەی ڕابردوودا لە چەندین ڕووەوە چنگی لە نەوت و وزەی هەرێم گیر کردبوو. بەجۆرێک؛
1. بۆری نەوتی هەرێم لە خاکی تورکیادا
تا ڕاوەستان هەناردەی نەوت لە (25/3/2023) حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە نزیکەی (450) هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتی دەرەوە دەکرد، سەرجەم ئەو بڕەش لە ڕێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوەیە کە بە خاکی تورکیادا تێپەڕدەبوو.
بۆری نەوت لە سنوری هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2010)ەوە دەست بە دروستکردنی کراوە، کۆتایی ساڵی (2013) بۆ یەکەمجار لە ڕێگەیەوە نەوتی هەرێمی کوردستانی گواستەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی.
درێژی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان (896) کیلۆ مەترە، لە سنوری هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی خورمەڵەوە دەستپێدەکات و بەنێو بلۆکەکانزاییەکانی (هەولێر، بەردەڕەش، عەین سەفنی، جەبەل کەند، ئەلقوش، دهۆک و سلیڤانی)یدا تێدەپەرێت و دەگات بە (فیشخابور)، (221) کیلۆ مەترە، بەم پێیەش (%24.6) بۆری نەوت لە سنوری هەرێمی کوردستاندایە، خاوەندارێتییەکەی بۆ هەردوو کۆمپانیای (کار و رۆسنەفتی ڕوسی) دەگەڕێتەوە.
ئەو بەشەی لە سنوری تورکیایە، خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای وزەی تورکی دەگەڕێتەوە کۆمپامیای "بۆتاش" سەرپەرشتی دەکات. لە فیشخابوورەوە تا دەگات بە بەندەری جەیهانی تورکی (675) کیلۆ مەترەو (74.6%)ی درێژی بۆرییەکە پێکدەهێنێت.
هەر بەپێی زانیارییەکان لەماوەی (18) مانگی (2020 - 2021) حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی (476) ملیۆن دۆلاری تەنها بۆ کۆمپانیای وزەی تورکی خەرج کردووە لە بری خەرجی گواستنەوەی نەوت کە سنوری تورکیا تا بەندەری جەیهانی تورکی.
راکێشانی بۆری نهوت لە کوردستانهوه بۆ تورکیا، به سهربهخۆ له تورکیا، کاریگهری گهورهی هەیە لەسەر دۆخی وزه، دۆخی ئابووری، پهیوهندی نێوان ههرێم و تورکیا، پهیوهندی نێوان ههرێم و بهغدا، ههروهها پهیوهندی نێوان تورکیاو عێراق.
2. کۆمپانیا تورکییەکان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان
دوو گەورە کۆمپانیای بواری وزەی تورکی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، هەردوو کۆمپانیای ناوبراو لە سەرەتاکانی دەستکردن بە پرۆسەی نەوت و پێش نوسینەوەی دەستوری عێراق لە ساڵی (2005) لە هەرێمی کوردستان دەستیان بەکارکردن کردووە بە جۆرێک، لە ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٣ دا حکوومەتی هەرێم/ئیدارەی سلێمانی گرێبەستی نەوتی بۆ کارکردن لە بلۆکەکانی شاکەل و پوولخانە لەگەڵ کۆمپانیای پیت ئۆیڵ ئیمزا کرد، ئەمە لە کاتێکدا بوو پێش ئەو ڕێککەوتە ئیدارەی سلێمانی گرێبەستی پێشتری هەبوو لەگەڵ کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی و لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٤دا هەمواری گرێبەستەکەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم/ ئیدارەی سلێمانی کردەوە.
لە ئێستادا هەردوو کۆمپانیاکە لە چەند کێگەیەکی کانزایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی هەرێم گرێبەست و پشکیان هەیە، بە جۆرێک؛
ا. کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی، گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە لە کێڵگەکانی؛
- بلۆكی تاوكێ: لە پارێزگای دهۆک، کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی پشکی (25%)ی لە کێڵگەی ناوبراو هەیە.
- بلۆكی بیر بههر: لە پارێزگای دهۆک، پشكی (40%)ی دراوهته (گهنهڵ ئێنێرجی) توركی.
- بلۆكی دهۆك: پشكهكانی (40%) دراوهته (گهنهڵ ئێنێرجی).
- بلۆكی بنه باوێ: لە پارێزگای هەولێر، پشكی (44%)ی دراوهته (گهنهڵ ئێنێرجی) توركی.
- بلۆكی تهق تهق )كێوه چهرمهڵه(:پشكی (44%)ی دراوهته (گهنهڵ ئێنێرجی) توركی.
- بلۆكی میران: لەپارێزگای سلێمانی، پشكی (75%)ی دراوهته (گهنهڵ ئێنێرجی) توركی.
- بلۆكی چیا سورخ: لە ناوچەی گەرمیان، پشكی (60%)ی دراوهته (گهنهڵ ئێنێرجی) توركی.
ب. کۆمپانیای پیت ئۆیڵ، گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە لە کێڵگەکانی؛
- بلۆكی پهڵكانه: لە ناوچەی گەرمیان، پشكی (20%)ی دراوهته (پیت ئۆیڵ)ی توركی.
- بلۆكی چیا سورخ: جگە لەوەی کۆمپانیای (گهنهڵ ئێنێرجی) توركی لەم بلۆکەدا پشکی هەیە بەهەمان شێوە، پشكی (20%)ی دراوهته (پیت ئۆیڵ)ی توركی.
(بڕوانە چارتی ژمارە (1))
چارتی ژمارە (1)
3. پارەی نەوت و هالک بانک
تا پار ساڵ و بەردەوامی هەناردەی نەوتی هەرێم پارەی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان دەخرایە سەر هەژمارەی تایبەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بانکەکانی تورکیا.
دووەم؛ هەناردەی کاڵا وشمەکی تورکی بۆ عێراق
تورکیا سێیەم هاوبەشی بازرگانی عێراقە لە دوای چین و شانشینی ئیماراتی، ئەم ریزبەندییەش بەندە بە قەبارەی هەناردەکردنی شمەک و کەل و پەلی ئەو وڵاتانە بۆ عێراق و شمەکی هاوردەکراوی عێراق لە وڵاتانی دەرەوە.
تورکیا لەگەڵ ئەوەی و هاوبەشێکی گەورەی بازرگانییە لەگەڵ عێراقدا، بەڵام تاکە ڕێگەی وشکانیانیان دەروازەی (ئیبراهیم خەلیل)ە لە هەرێمی کوردستان و دەکەوێتە سنوری پارێزگای دهۆکەوەو بەشی زۆری ئەو کەل و پەلانەی هەناردەی عێراقی دەکات بە دەروازەی ناوبراودا تێپەڕ دەبێت. لێرەدا ئاماژە بە قەبارەو بەهای هەناردەی ئەو وڵاتە بۆ عێراق لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2023) و بەروارد بە ساڵی (2022) دەدەین.
پاڵپشت بە داتاکانی دامەزراوەی ئایندەیی عێراق (مٶسسە عراق المستقبل -Iraq Future Foundation) هەناردەی شمەکی تورکیا بۆ عێراق لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2023) لەسەر بنەمای وەرزی بەڕێژەی 17% و لەسەر بنەمای ساڵانە بەڕێژەی 32% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
بەمەش بەهای هەناردەی شمەکی تورکیا بۆ عێراق لە چارەکی یەکەمی (2023)دا گەیشتووەتە نزیکەی (2.2 ملیار) دۆلاری ئەمریکی، دوای ئەوەی لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2022)دا قەبارەی هەناردەی ئەو وڵاتە بۆ عێراق نزیکەی (2.7 ملیار) دۆلاری ئەمریکی و لە دواین چارەکی ساڵی (2022)دا (3.3 ملیار) دۆلاری ئەمریکی بووە.
پێداویستییە خۆراکییەکان گەورەترین ڕێژەی هەناردەی تورکیا بۆ عێراق پێکدەهێنێت کە دەگاتە ڕێژەی (30%)ی نێو کۆی هەناردەی ئەو شمەک و کەل و پەلانەی هەناردەی عێراقی دەکات، بەڵام لەسەر بنەمای ساڵانە بەڕێژەی (22%) لەسەر بنەمای وەرز بەڕێژەی (27%) کەمیکردووە.
تایبەت بە هەناردەکردنی کەرەستەی دروستکراوی جۆراوجۆری تورکیا کە بریتین لە زێڕ و جلوبەرگ و مۆبیلیات، کە (23%)ی کۆی هەناردەکردن پێکدەهێنن، لەسەر بنەمانی ساڵانە (26%) و لە چارەکی یەکەمی (2023)دا (43%) کەمیکردووە.
هەناردەی تورکیا بۆ بەرهەمە سەرەتاییەکانی وەک کاغەز و ئاسن و کانزا جۆراوجۆرەکان کە بە ڕێژەی (22%)ی کۆی هەناردەکردن پێکدەهێنن، بەشێوەی ساڵانە بە ڕێژەی (13%) و لەسەر بنەمای چارەکە ساڵ بە ڕێژەی (32%) کەمیکردووە.
لەدوای کەرەستەو پێداویستییەکانی گواستنەوە، خواردنەوە کحولییەکان و جگەرە، کە 1.7%ی کۆی هەناردەکردنیان پێکهێناوە، لەو بەرهەمە تورکیانەن لەسەر بنەمای ساڵانە بەڕێژەیەکی کەم گەشەیان کردووە و گەیشتووە بە سەر و ڕێژەی (5%)، بەڵام لەسەر بنەمای چارەکە ساڵ بە ڕێژەی (14%) گەشەکەیان دابەزیوە. تایبەت بە وردەکاری ڕێژەی گەشەی شمەک و کەل و پەلی هەناردەکراوی تورکیا بۆ عێراق بڕوانە (چارتی ژمارە (2))
چارتی ژمارە (2)
هۆکاری دابەزینی ئاستی هەنادەی تورکیا بۆ عێراق بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، ئەوانیش؛
1. ئاستی دابەزینی هەناردەی کەل و پەلی تورکی پەیوەندیداربووە بەو مەلەرزەیەی کە لە سەرەتاکانی مانگی شوباتی ساڵی (2023) تورکیای گرتەوە، کە بووە هۆی ڕاگرتنی زۆرێک لە پڕۆژەکانی ئەو وڵاتە.
2. سەختی گواستنەوەی نەختینەی دارایی لە ئەنجامی ڕێکارەکان لە ڕێکخستنی گواستنەوەی دارایی لە تورکیاو ئاستی بەرزی هەڵاوسان و دابەزینی بەهای لیرەی تورکی، کە بەشداربووە لە دابەزینی بەهای کاڵا هەناردەکراوەکانی ئەو وڵاتە بۆ عێراق.
بەشی دووەم؛ دەستتێوەردانە سەربازییەکانی تورکیا لە نێو خاکی هەرێمدا
یەکەم؛ بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان
بەردەوام لە هەرێمی کوردستان بنکە و بارەگا سەربازیەکانی تورکیا لەزیادبوون و پەرەسەندان، گەورەترین بارەگای نهێنی میتی تورکی لەعێراق لەباشووری کوردستانە، حکومەت و پارت و دەسەڵاتدارانی هەرێم نەک داخستنی ئەو بنکە سەربازیانە بووە بە بابەت لایان، بەڵکو تورکیا بووە بە خاوەن ماڵو بەئاشکرا هەژموونی تورکیا بەسەر سیاسەتی حیزبیو حکومی هەرێمی کوردستانەوە دیارە.
تورکیا لە سەرەتای دروستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستاندا چەندین جار دەستی هەبووە لە نانەوەی ئاژاوەو تەنانەت بەشداری کردن لە شەڕی ناوخۆ جا لە نێوان پارتی و یەکێتی بێت یان ئەوان لەگەڵ پەکەکە، ئێستاش سیاسەتی تورکیان بەرامبەر کورد بە گشتی و هەمان سیاسەتی جارانە و (هەوڵەکانی داخستن و گرتنی کادرانی پارتەکانی باکور لە تورکیا، هەوڵدان بۆ شکستهێنان بە ئەزمونی ڕۆژئاوا، هەڵوێستە توندەکانی بەرامبەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەی باشوری کوردستان) دەرخەری ئەو ڕاستییەن، کە تورک بە هەمان سیاسەتی ڕابردووی خۆی بەرامبەر کورد بەردەوامە.
بەر (4)ساڵ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا نەخشەی هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان لە پێگەی فەرمی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس (تویتەر) بڵاو کردبوویەوە بەڵام لە رۆژی ٦/٧/٢٠٢٠ نەخشەکەی سڕییەو بڕوانە نەخشەی ژمارە (١)، بە پێی نەخشەکە خاڵە سەربازییەکانی تورکیا لە سنووری سۆرانەوە لە باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە تاوەکو سنووری زاخۆ لە باکووری رۆژئاوای هەرێمی کوردستان لەخۆدەگرێت، هاوکات سێ خاڵی سەربازیشی لە نزیک هەولێر و باشیک و دهۆک دەستنیشان کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کردنەوەی ئەو بنکە سەربازییانە لەدەرەوەی ڕەزامەندی حکومەتی عێراقدایە و بەشێک لەو بنکانە مێژووی بونیادنیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتی و پارتی لە ساڵی (١٩٩٤) بەدواوە بۆ بەلاداخستنی شەڕی ناوخۆ هاتنە سنورەکەو هەرگیز نەگەڕانەوە.
بەپێی زانیارییەکان دەوڵەتی تورکیا زیاتر (٣٠) بنکە و بارەگای سەربازی و هەوڵگری لە عێراقدا هەیە بۆ بەڕیوەبردن و ئەنجامدانی بەشێکی زۆر لە هێرش و دەستدرێژییە سەربازییەکانی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا، زۆرینەی بنکە و بارەگاکانی تورکیا بەقوڵایی زیاتر لە ٣٥ کیلۆمەتر بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان جێگیرکراون. بەشێکیان نزیکتریش لە ناوەندی ئاوایی و شارەکانی وەک دهۆک و زاخۆ و سۆراندا جێگیرکراون. ١٤ لەو بنکە سەربازییانە دەکەونە سنوری پارێزگای دهۆکەوە. بەتەنیا لە سنوری ناحیەی باتیفا و قەزای زاخۆ٣ بنکەی سەربازی دەوڵەتی تورکیا هەیە هەندێک زانیاری رۆژنامەوانی باسی ژمارەیەکی زیاتر لەوەش دەکەن، بەتایبەت لەدوای ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان شاری عەفرین چەند بنکەیەکی سەربازی دیکەی بونیادنا، سەرجەم ئەو بنکە سەربازییانەی تورکیاش دەکەونە هەرێمی کوردستانەوە، لە هەرێمی کوردستانیش لە سنوری ناوچەی زەرددان، ئەو بنەکە سەربازییانەش کە تا ئێستا ئاشکران بریتین لە؛
1. بنکەی سەربازی باتوفە
2. بنکەی سەربازی کانی ماسی (گرێ باروخی).
3. بنکەی سەربازی و لۆجیستی لە بامەرنێ ھەروەھا ھەبوونی فڕۆکەخانەیەکی سەربازی.
4. بنکەی سەربازی سنکێ.
5. بنکەی سەربازی بێکۆفا (گریێ پی).
6. بنکەی سەربازی لە دۆڵی زاخۆ.
7. بنکەی سەربازی سیری.
8. بنکەی سەربازی شیلادزێ.
9. بنکەی سەربازی کویکێ.
10. بنکەی سەربازی قومریی بەرواری.
11. بنکەی سەربازی کوخێ سپی.
12. بنکەی سەربازی دریێ دواتیا.
13. بنکەی سەربازی سەرزیرێ.
14. بنکەی سەربازی شیرتی
15. دوو بنکەی سەربازی لە زیلخام
16. بنکەی سەربازی بیلیچیان
ئەمە جگە لە ھەبوونی چەند بنکەیەکی سیخوڕی دەوڵەتی تورکیا کە تایبەتە بە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ھەرێمی کوردستان و پارت و لایەنە سیاسییەکان و بە تایبەتیش پارتی کریکارانی کوردستان. وەکو؛
1. پێگەی پاراستن و زانیاریی تورکیا لە ئامێدی، پارێزگای دھۆک
2. پێگەی پاراستن و زانیاریی تورکیا لە ناوچەی باتۆفە، زاخۆ، پارێزگای دھۆک
3. پێگەی پاراستن و زانیاریی تورکیا لە ناوی شاری دھۆک
نەخشەی ژمارە (١)
بنکەو پێگە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان
دووەم؛ هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان
وەک لە نەخشەو چارتی ژمارە (3)دا رونکراوەتەوە، لە ماوەی سێ ساڵدا (2020 - 2022)، ژمارەی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان گەیشتووە بە (3 هەزارو 561) هێرشی ئاسمانی لە ڕێگەی درۆنەوە، لە ساڵی (2020)ەوە بۆ کۆتایی (2022) هێرشەکان بە ڕێژەی (124%) زیادیان کردووە، جۆرێک؛
- لە ساڵی (2020)دا (755) هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە.
- لە ساڵی (2021)دا (هەزار و 115) هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە. واتە بەراورد بە ساڵێک پێشتر (360) هێرش بە ڕێژەی (48%) زیادیان کردووە.
- لە ساڵی (2022)دا (هەزار و 691) هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە. واتە بەراورد بە ساڵی (2021) (576) هێرش بە ڕێژەی (52%) و بەراورد بە ساڵی (2020) (936) هێرش بە ڕێژەی (124%) هێرشەکان زیادیان کردووە.
نەخشەو چارتی ژمارە (3)
هێرشە درۆنییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کورستان (2020 - 2022)
بەشی سێیەم؛ گەمارۆ بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی
لە سەرەتای مانگی نیسانی ساڵی 2023 لە دەسەڵاتی فرۆکەوانی تورکیاوە، ئیمێڵێک ئاراستەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەکرێت، بە بیانووی "پرسێکی ئەمنی"یەوە، گەشتەکانی نێوان تورکیاو فرۆکەخانەی سلێمانی رادەگیرێن، وەک ئەوەی لە ئیمێڵەکەدا هاتووە، تەنها گەشتەکانی نێوان تورکیا و فڕۆکەخانەی سلێمانی نییە، بەڵکو ئاسمانی تورکیا بەڕووی هەموو ئەو گەشتانەشدا دادەخرێت کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە بە ئاسمانی تورکیادا دەفڕن بۆ ئەورپاو وڵاتانی تر، یان لە ئەوروپاوە گەشت دەکەن بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی و لە تورکیادا ترانزێتیان هەیە.
بەو هۆیەوە سەرجەم ئەو گەشتانەشی پلان وابوو لە مانگی نیساندا ئەنجام بدرێن هەڵوەشێندرانەوە.
لە سەرەتادا وا بڕیار بوو راگرتنی گەشتەکان تاوەکو (3ی تەمموزی 2023) بخایەنێت، رۆژی (18ی حوزەیرانی 2023) )هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی( رایگەیاند، ئەگەر هیچ بارودۆخێکی نەخوازراو نەیەتە پێشەوە مانگی تەمموز، کێشەی داخستنی ئاسمانی تورکیا بە رووی فڕۆکەخانەی سلێمانی چارەسەر دەبێت. بەڵام تا ئێستا پرسەکە چارەسەر نەبووە
لەم ڕاپۆرتەدا پاڵپشت بە چاودێری کردن (رصد)ی خشتەی رۆژانەی گەشتەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە هەردوو چارەکی یەکەمی ساڵی (2023 و 2024)، تیشک دەخەینە سەر ژمارەی ئەو گەشتانەی لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئەنجام دراون، پاشان بەراوردی دەکەین بە ژمارەی ئەو گەشتانەی کە لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو ئەنجام دراون، پاشان قەبارەی دابەزینی ژمارەی گەشتەکان روندەکەینەوە.
پاڵپشت بە چاودێریکردن (رصد)ی خشتەی رۆژانەی گەشتەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە (1/1/2024– 31/3/2024)، (6) کۆمپانیای فڕۆکەوانی (مەلەکی ئوردنی، عێراق ئێروەیس، قەتەر ئێروەیس، فلای دوبەی، ماهان ئێر و فلای بەغداد) گەشتەکانیان ئەنجامداوە، ئەو کۆمپانیا فرۆکەوانیانە (972) گەشتیان تۆمار کردووە، کە (487) گەشتی (هاتن) و (458) گەشتی (رۆشتن)یان ئەنجام داوە.
ئەمە لە کاتێکدایە پاڵپشت بە خشتەی رۆژانەی گەشتەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە (1/1/2023 – 31/3/2023)، (8) کۆمپانیای فڕۆکەوانی (مەلەکی ئوردنی، عێراق ئێروەیس، قەتەر ئێروەیس، تورکش ئێرلاین، فلای دوبەی، ماهان ئێر، فلای بەغداد و کۆندۆر ئێر) گەشتەکانیان ئەنجامداوە، ئەو کۆمپانیا فرۆکەوانیانە (هەزار و 170) گەشتیان تۆمار کردووە، کە (588) گەشتی (هاتن) و (582) گەشتی (رۆشتن)یان ئەنجام داوە.
کەواتە؛ بەپێی ئەو داتایانەی رونمان کردەوە، لە چارەکی یەکەمی (2024)، (487) گەشتی هاتن و (485) گەشتی رۆشتن لە لەلایەن (6) کۆمپانیای فرۆکەوانییەوە ئەنجامدراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، (588) گەشتی (هاتن) و (582) گەشتی (رۆشتن) لە لایەن (8) کۆمپانیای فڕۆکەوانییەوە ئەنجام دراوە.
بەو مانایەی لە کاتی گەمارۆکانی تورکیا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو (198) و بە رێژەی (17%) گەشتەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کەمی کردووە، کە (101) گەشتی (هاتن) و (97) گەشتی (رۆشتن) بووە.
بۆ وردەکاری بۆ وردەکاری گەشتەکانی (هاتن و رۆشتن) لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەپێی کۆمپانیا و لە (1/1/2024 – 31/3/2024) بەراورد بە (1/1/2023 – 31/3/2023) بڕوانە چارتی (4).
چارتی (4)
بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە ڕاپۆرتەکانی دامەزراوەی میدیایی درەو؛
• چنگی تورکیا لە نێو پرۆسەی نەوتی هەرێمی كوردستاندا، ڕاپۆرتی درەو میدیا؛
https://shorturl.at/KOY26
• هەناردەی تورکیا بۆ عێراق، ڕاپۆرتی درەو میدیا؛
https://shorturl.at/uJS14
• توركیا دەیەوێت شەڕی پەكەكە بە كورد بكات، ڕاپۆرتی درەو میدیا؛
https://shorturl.at/cmrzV
• تورکیا لە ساڵی (2018)ەوە زیاتر لە (6 هەزار) هێرشی ئەنجامداوە، ڕاپۆرتی درەو میدیا؛
https://shorturl.at/dosV4
• بەهۆی گەمارۆکانی تورکیاوە گەشتەکانی فرۆکەخانەی سلێمانی بە رێژەی (17%) دابەزیوە، ڕاپۆرتی درەو میدیا؛
https://tinyurl.com/yvcabw69
• تورکیا کۆنتۆڵی (3.5%)ی هەرێمی کوردستانی کردووە، ڕاپۆرتی درەو میدیا؛
https://tinyurl.com/2n4rjs6d
سەرچاوە : درەومیدیا