
کاوه محهمهد
بەرقەرارکردنی ئاشتی دوای ساڵانێکی زۆر لە شەڕ و توندوتیژی، پێویستی بە رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار هەیە کە لەسەر بنەمای ئیرادەی ئاشتییانە و نیازپاکیی لایەنە پەیوەندیدارەکان بنیاتنرابێت.
ساڵی (١٩٩٠) کە (نیلسۆن ماندێلا) دوای بەڕێکردنی (٢٧) ساڵ لە زیندان، ئازادکرا، راستەوخۆ دانوستان لەنێوان حکومەتەکەی (دیکلێرک) و (کۆنگرەی نیشتیمانیی ئەفریقیا-ANC) دەستیپێکرد و دواتر لەساڵی (١٩٩٤) هەڵبژاردن ئەنجامدرا و (ANC) سەرکەوتنی بەدەستهێنا. پاشان پەرلەمان لیژنەی (ڕاستی و دادپەروەری) پێکهێنا و قۆناغی (دادپەروەریی گوازراوە- العدالة الأنتقالية) بەڕێخرا، ئینجا توانرا ئەو زەمینەیە بڕەخسێنرێت کە پرۆسەی ئاشتی لە( باشووری ئەفریقیا) لەسەر پێی خۆی بوەستێت. چەندین نموونەی تری وڵاتان هەن کە دەیسەلمێنن ئاشتی تەنها بە پەیام و نیازپاکیی تاکلایەنە بەدینایەت.
من تاسەر ئێسقان لەگەڵ ئاشتی و دوورکەوتنەوەم لە پەنابردنە بە چەک و جەنگ، هەر ئەمەشە وام لێدەکات کە گومان لەوە بکەم پەیامەکەی ئەمڕۆی (ئۆجەلان) بتوانێت ئەو ئاشتیە بەدیبێنێت کە شایستەی گەلانی تورکیایە، چونکە؛
١-پەیامێکە لە زیندانەوە ئاراستەکراوە.
٢-هیچ گفتوگۆیەکی جدی بۆ ئاشتی لەئارادا نیە.
٣-هیچ زەمانەتێک بۆ ئەو (ئازادی و دیموکراسی)یە نیە کە (ئۆجەلان) لە پێناویاندا داوای چەکدانانی (پەکەکە) و خۆهەڵوەشاندنەوەی دەکات.
٤-تێبینی هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتەکانی حکومەتەکەی (ئاکەپە) بەرامبەر بە کورد ناکرێت.
٤-هیچ بەڵێن و گرەنتیدانێک بۆ گۆڕانکاریی دەستووری بوونی نیە.
٥- بەهیچ شێوەیەک ئاماژە بە قۆناغی (دادپەروەریی گوازراوە) نەکراوە.
چەندین خاڵی تر کە وامان لێدەکات بە گومان بین لەوەی پەیامەکە ببێتە سەرەتای سەردەمێکی نوێ لە تورکیا و پەیوەندییەکانی (تورکیا و کورد) کە (ئاشتی و دیموکراسی) بنەماکەی پێکبهێنن.
نایشارمەوە مەترسیی ئەوەشم هەیە کە زۆرجار لە مێژوودا دۆخی سایکۆلۆژی سەرکردەکان فاکتەری سەرەکی بڕیارە سیاسییە گەورەکان بوون؛ رەنگە لەپشت ئەو پەیامەوە، بوونی (ئۆجەلان) لە زیندان و هەڵکشانی تەمەنەکەیشی رۆڵی خۆیان هەبێت، کە هیوادارم وا نەبێت و پرۆسەیەکی ئاشتی ڕاستەقینە لەو پەیامە بکەوێتەوە، کە خێری تەنها بۆ تورکیا نابێت، بەڵکو تەواوی ناوچەکە لێی سوودمەند دەبێت..
سەرچاوە : سپی میدیا