لە شەقڵاوە دوو كتێب لە بواری پەرەپێدانی مرۆیی بڵاوكرانەوە

هەردوو كتێبی “سەركەوتن دوای شكست” و “بیرۆكەكانی سەركەوتن” لە وەرگێڕانی هەردوو نووسەری شەقڵاوە دڵشاد كاوانی و ڕەوەند سەباح بڵاوكرانەوە و باس لە پەرەپێدانی مرۆیی دەكەن، كە تیایدا شكستی 56 كەسایەتی جیهانیی و 200 بیرۆكەی نووسەری جیهانی ڕۆبن شارمایان بۆ گەیشتن بە سەركەوتن باسكردووە.
ئێوارەی چوارشەمە لە باخچەی سەنتەری ڕۆشنبیری شەقڵاوە كۆڕێك بۆ ناساندنی هەردوو كتێبی “سەركەوتن دوای شكست” و “بیرۆكەكانی سەركەوتن” سازدرا، كتێبەكان لەلایەن هەردوو نووسەری شەقڵاوە دڵشاد كاوانی و ڕەوەند سەباح كاری وەرگێڕان و نووسینیان بۆ كراوە، وەك خۆیان دەڵێن بەرگێكی كوردانەیان كردووە بەبەری كتێبەكاندا ئامانجیشیان ئاشناکردنی خوێنەری کوردە بە شكستی كەسایەتییە جیهانییەكان.

موحسین قەسرۆكەیی، بەرپرسی سەنتەری ڕۆشنبیری شەقڵاوە بۆ ڕۆژنیوز وتی: مەراسیمەكەیان بۆ ناساندنی كتێبەكانی ئەم دوو نووسەرە كردوە، ئامانجیانە لەسەرجەم بوارەكانی ڕۆشنبیریی، ئەدەبیی و هونەری كاربكەن و خزمەتی زیاتری شەقڵاوە بكەن.

وتیشی: ئێمە دەستی هەركەسێك دەگرین كە لەبوارە جیاوازەكانی ئەدەب و ڕۆشنبیریدا تواناكانیان نیشان بدەن و بەهرەكانیان بخەنەڕوو.

دڵشاد كاوانی یەکێک لە وەرگێڕی کتێبەکان بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئێمە بیرۆكەكانی نووسەری جیهانی ڕۆبن شارمایامان وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی و بە شێواز و بەرگێكی كوردانە ئامادەمان كردووە بۆ ئەوەی خوێنەری كورد ئاشنای ئەو بیرۆكانە بێت و دواجار كۆمەڵگای كوردیی سوودی لێ ببینێ.

وتیشی: ناوەرۆكی كتێبەكان پەرەپێدانی مرۆییە و 200 بیرۆكەی ڕۆبن شارمایان باسكردوە بۆ ئەوەی خوێنەری كوردیش سوودی لێ ببینێ بۆ ئەوكاتانەی تووشی نائومێدیی و شكست دەبێت، بتوانێت خۆی دەرباز بكات و هەستێتەوە.

هەروەها ڕەوەند سەباح-ی وەرگێڕیش بۆ ڕۆژنیوز وتی: كتێبەكان لەبواری پەروەردەیی و بازرگانی و بوارەكانی تریش سوودی زۆریان تێدایە و پڕن لە وانەی سەرنجڕاكێش، بەڵام ئاشناكردنی خوێنەری كورد بە شكستی ئەم كەسایەتیە جیهانییانە شتێكی نامۆ نییە، چونكە هەموو كەسێك بەتایەبت نەوەی ئێستا ناوی ئەو كەسایەتییانە دەزانێ.

لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا کتێبەکان بە واژۆی وەرگێرەکانەوە بەسەر ئامادەبووانی مەراسیمەکەدا دابەشکران.

 

 

سەرچاوە: rojnews