پەرڤین چاکار ئۆپێرا لە شانۆی رۆمانیی سلێمانی پێشکێش دەکات

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی یەکەمین فێستیڤاڵی سلێمانی (میوزیکی گەلان)، پەرڤین چاکار، هونەرمەندی باکووری کوردستان، کۆنسێرتێکی ئۆپێرایی پێشکێش دەکات. 

پەرڤین چاکار، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ هەینی 8ـی ئەیلولی 2023 لە کۆنسێرتەکەدا حەوت بۆ هەشت بەرهەمی ئۆپێرایی ئیتاڵی و کوردی (کرمانجی، سۆرانی و زازاکی) لە ماوەی 45 بۆ 60 خولەک پێشکێش دەکات.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کۆنسێرتەکە لە شانۆی رۆمانی لە هەواری شاری سلێمانی پێشکێش دەکرێت. گوتیشی، بەرهەمەکانی بە ژەنینی هەردوو ئامێری پیانۆ و دودوک پێشکێش دەکات.

چاکار، روونیشیکردەوە، لە کۆنسێرتەکەدا بەرهەمێک لەبارەی قوربانیانی هەڵەبجە پێشکێش دەکات هەروها شیعری هەردوو شاعیری کورد شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو پێشکێش دەکەن.

فێستیڤاڵەکە لە 8 تاوەکو 11ـی ئەیلوولی 2023 لە سلێمانی سازدەکرێت و چەندین کۆنسێرت و پانێڵی تایبەت بە هونەر لەخۆدەگرێت. 

لە یەکەم شەوی فێستیڤاڵدا کە دەکاتە 8ـی ئەیلوولی 2023 گرووپی کیژانی سلێمانی، پەرڤین چاکار، ئۆپێرابێژی کورد، تیپی نیشتمانی بۆ میوزیکی کولتووری عێراقی بە رابەرایەتیی عەلا مەجید و بە میوانداریی هونەرمەند سەعدوون جابر کۆنسێرت لە شانۆی رۆمانی لە پارکی هەواری شار پێشکێش دەکەن و کۆنسێرتەکان بە بلیتن.

لە 25ـی ئابی 2022 ئەو سۆپرانۆیە کوردە، کۆنسێرتێکی لە قەڵای هەولێر پێشکێشکرد کە لە چوارچێوەی زنجیرە کۆنسێرتەکانی ماڵی میوزیکی زەهاوی بۆ هونەرمەندان سازدەکرێت.

ئەمساڵ پەرڤین چاکار، سۆپرانۆی کورد، لە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، ئەلبوومێکی ئۆپێرایی تایبەت بە هەڵەبجە بڵاوکردەوە و بەرهەمەکە بەناوی 'IN MEMORIAM to the victims of Halabja'بوو واتە 'لە یادەوەری قوربانییانی هەڵەبجەدا'. 

  

ئەلبوومەکە لە هەشت تراک پێکهاتووە و لە کەناڵی تایبەتی پەروین چاکار، لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە. 

'لە یادەوەری قوربانییانی هەڵەبجەدا' تێکستەکانی شێرکۆ بێکەس، شاعیری ناسراوی کوردە لەبارەی هەڵەبجە لەخۆدەگرێت. 

یەکێک لەوانە تێکستی 'لە یادەوەری قوربانییانی هەڵەبجەدا'یە کە لە 1988 نووسراوە و پەروین چاکار وەک سۆپرانۆ بەرهەمەکە بە دەنگی خۆی پێشکێش دەکات، تێکستەکەی بێکەس لەلایەن سەباحەدین چەلیک، بۆ زمانی ئیتاڵی وەرگێڕدراوە و بەرهەمەکە بە زمانی ئیتاڵی گوتراوە.

سێ تراکی ئەلبوومەکە سێ شیعر شێرکۆ بێکەسە بەناوی 'دەربەندی پەپوولە'، 'یەکەم دەنگی و دوا دەنگ' و 'سکاڵا' کە بە دەنگی سیروان رەحیم خوێندراونەتەوە و ئاوێتەی دەنگی میوزیک کراوە.

تراکێکی دیکەی نێو ئەو بەرهەمە بەناوی 'Vocalise for Halabja'ـە و دوێتێکی پەرڤین چاکارە لەگەڵ دەنگی سیروان رەحیم کە شیعرێکی بێکەس دەخوێنێتەوە.

پەرڤین چاکار لە 1981 لە ماردینی باکووری کوردستان لەدایکبووە، لە 2006 لە ئیتاڵیا خوێندنی ئۆپێرای دەستپێکردووە، ماستەری لە 'کۆنزێرڤاتۆری پێرووجیا مۆرلاچی' بەدەستهێناوە.

سەرچاوە : ڕووداو