ئەندام پەرلەمانێکی هەرێمی کاتەلۆنیای ئیسپانی، هەفتەی رابردوو سەردانێکی چوار رۆژەی بۆ رۆژئاوای کوردستان کرد و چیرۆکی سەردانەکە و دۆخی ئێستا رۆژئاوای کوردستان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەگێڕێتەوە. رایدەگەیێنێت، ئامانجی سەرەکی لە سەردانەکەی گەیاندنی دۆخی مرۆیی ئەو ناوچەیەیە بە جیهان.
رۆبن باگنزبێرگ، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کاتەلۆنیا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کاروان فەیزی دری، رۆژنامەڤان لە دێسکی ئینگلیزیی رووداو لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی رایگەیاند، ئامانجی سەردانی بۆ رۆژئاوا بۆ ئەوە بووە لە نزیکەوە دۆخی مرۆڤیی ئەو ناوچەیە ببین و هەوڵیش بدەن رەوشی راستەقینەی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بگەیەننە ناوەندەکانی وڵاتانی ئەورووپا و میدیاکەی.
باگنزبێرگ رۆژی سێشەممە، 24-12-2024 قسەی بۆ رووداو کرد، ئەوەشی گوت کە سەردانەکەیان بۆ رۆژئاوا تایبەت بووە بەوەی بزانن دۆخی ئاوارەکان لە ناوچەی شەهبا چۆنە کە لەم ماوەیەدا جارێکی دیکە ئاوارەبوون بەرەو تەبقە. "ئامانجی سەردانەکەم بەشێوەیەکی گشتی بۆ ئەوە بوو، دۆخی مرۆیی ناوچەکە لە رێگەی میدیاوە بگەیەنینە ئەورووپا، هەروەها دەربارەی ئەو ئاڵنگارییانەی خەڵکی ناوچەکە رووبەڕووی دەبنەوە."
لەو سەردانەدا، کارلۆس ئالبێرتی سیاسەتڤانی هەرێمی کاتەلۆنیا لەگەڵ باگنزبێرگ سەردانی رۆژئاوای کوردستان کردووە.
لە سەرەتای ئەم مانگە لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی شاری حەلەب و ناوچەکانی شەهبا و تەلڕەفعەت لەلایەن هێزەکانی دەستەی تەحریر شام، نزیکەی 120 هەزار کەس ئاوارە بوون، زۆربەی ئەوانەشی ئاوارەبوون، خەڵکی عەفرین بوون و لە ساڵی 2018 ئاوارەی ئەو ناوچانە ببوون.
لەکاتی ئەو شەپۆلە نوێیەی ئاوارەبوونە، بەرپرسانی باڵای رۆژئاوای کوردستان رایانگەیاند ئەو خەڵکە لە دۆخێکی خراپدان و داوای گەیاندنی بەپەلەی هاوکاریی مرۆیی نێودەوڵەتییان کرد.
لەوبارەیەوە، ئەو ئەندام پەرلەمانە کاتەلۆنییە گوتی "ئێمە هەوڵیشماندا بزانین ئەو خەڵکە لە داهاتوودا چیان پێویستە، بەهۆی ئەو هاوکارییە نێودەوڵەتییە سنووردارەی هەیە یانیش بۆیان دابین دەکرێت، ئێمە تەنیا چوار رۆژ لەوێ بووین و سەرنجی کارەکەمان ئەوە بوو."
ئەو شاندە کاتەلۆنییە لە سەردانەکەیاندا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبوونەوە. باگنزبێرگ لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیەوە بە رووداوی راگەیاند، "کۆبوونەوەکە بۆ ئەوە بوو باشتر لە دۆخی ناوچەکە بگەین و ئەگەری دروستبوونی شەپۆلێکی دیکەی ئاوارەبوون، لە ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕوپێکدادانی دیکە هەروەکو بۆ نموونە ئەگەری هێرشکردنە سەر کۆبانێ و ناوچەکانی دیکە."
لەبارەی ئەوەی بۆچی ئەو سەردانەی بۆ رۆژئاوای کوردستان کردووە، ئەو ئەندام پەرلەمانە لە وەڵامدا گوتی، "بەشێوەیەکی سرووشتی پەیوەندییەکی تایبەتم لەگەڵ پرسێکدا هەیە کە پەیوەستە بە کوردەوە، هەروەکو کاتەلۆنییەک، هەست دەکەم زۆر نزیکین لە کوردەوە."
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوە دەکات، لە باشووری کوردستانیش سەردانی کامپی ئاوارەکانی کردووە و لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی باشوور و رۆژئاوای کوردستانی کردووە.
سەرچاوە : ڕووداودیجیتال